سروە پوورمحەممەدی بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی گوێزرایەوە زیندان

 

ساتی بەڕێکردنی سروە بۆ زیندان.
ساتی بەڕێکردنی سروە بۆ زیندان.

 

 

بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای پێنج ساڵ بەندکردنەکەی، سروە پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی، گوازرایەوە بەندینخانەی ناوەندیی سنە.

دوانیوەڕۆی دوێنی شەممە 19ـی نیسانی 2025، کەسوکار و هاوکارانی سروە پوور محەممەدی لە بەردەم ماڵی سروە کۆبوونەوە بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لێ بکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا سروە پوورمحەممەدی ئەو شعرەی شێرکۆ بێکس، شاعیری ناوداری کوردی خوێندەوە کە دەڵێت، "ئەوەی هەرگیز پێتان ناکرێ سڕینەوەی ئازادییە لە رووحماندا".

سروە گوتیشی: "من دڵنیاتان دەکەمەوە و بەڵێن دەدەم تاوەکو کۆتایی سزادانەکەم و تاوەکو کۆتایی تەمەنم لەسەر ئەو رێبازە دروستە دەمێنمەوە و تاوەکو بە ئامانجە نەتەوەییەکانمان دەگەین".

باوکی سروە رایگەیاند، "کچەکەی من لەبەرئەوەی بەهۆی پاراستنی زمانی دایکی خۆی هەوڵ و ماندووبوونی لەو رێگەیەدا 5 ساڵ بەندکردنیان بە سەردا سەپاندووە مایەی شانازییە بۆ من و هیچ نیگەران نیم، تەنیا کچی من نییە کچی کوردستانە".

رۆژی هەینی، 18ـی نیسان، سروە پوورمحەممەدی، مامۆستای زمانی کوردی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە چوار کەس بووین و لە دوای شۆڕشی ژیناوە بە تۆمەتی پێکهێنانی دەستە و گرووپی نایاسایی دەستگیرکراین، بەڵام کاری ئێمە تەنیا فێرکردنی زمانی کوردی بووە بەشێوەیەکی خۆبەخشانە."

سروە پوورمحەممەدی گوتیشی: "دوو هاوڕێمان لەلایەن دادگەی پارێزگای سنەوە بێبەریبوونیان راگەیێندرا و ئازادکران، بەڵام من و ئیدریس مینبەری سزادراین."

ئەو مامۆستایە لەبارەی کاتی سزاکەی باس لەوە دەکات، "سەرەتا سزاکەی من 10 ساڵ بوو، دواتر لە دادگەی تێهەڵچوونەوە بۆ 5 ساڵ کەمکرایەوە، بەڵام سزاکەی ئیدریس مینبەری دوو ساڵە و ئێستا لە دادگەی تێهەڵچوونەوەیە. لە هەموو دانیشتنەکانی دادگەدا خۆم و پارێزەرەکەم ئامادەبووین."

سروە خەڵکی پارێزگای سنەیە و کارمەندی رێکخراوی نۆژینە، کە وەک خۆی دەڵێت: "کاری رێکخراوەکەمان فێرکردنی زمانی کوردی و بەدواداچوونە بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە."

بەگوێرەی مادەی 15ی دەستووری ئێران، خوێندن بە زمانی دایک لە قوتابخانە و خوێندنگەکانی ئەو وڵاتە بۆ هەموو نەتەوە جیاوازەکانی ئێران رێگەپێدراوە، بەڵام ئەو مادەیەی دەستوور تاوەکو ئێستا لە لایەن حکومەتەوە جێبەجێ نەکراوە.

سەرچاوە : ڕووداودیجیتاڵ