زەویناسی کوردستان لە ژێر وردبینی زەویناساندا

سەرەتا:
بڕیارە رۆژانی 20 تا 22  مانگی سێپتەمبەر پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی جیۆکوردستان لەشاری سلێمانی ئەنجام بدرێت. بەڕاستی ئەم رووداوە گرنگە کە هەردوو ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە، بەڵام زۆر جیاواز لەیەکتر، هێند گرنگە کە زەویناسانی کوردستان و دەرەوەش زۆر بە شەوقەوە چاوەڕیی دەکەن. کاتێک یەکەم جار ئەم کۆبوونەوەیە ساڵی 2012 بەڕێوەچوو سەرەتایەکی بەهێزبوو و چەندین توێژینەوەی بەسوودی تێدا پێشکەش کرا، لەو رۆژەوە کۆنفرانس دوای کۆنفرانس ئاستی توێژینەوە بەشداربووەکان بەرزتر و وردتر و بەسوودتر دەبن. زۆر گرنگە بۆ کۆنفرانسێکی ئاوا کە یەکەم بەردەوام بێت، دووەم ئاستی توێژینەوەکانی کەتێیدا پێشکەش دەکرێن لە ئاست رۆژدا بن و سوودمەند بن بۆ وڵات. بەخۆشحاڵییەوە ئەم کۆبوونەوەیە هەردوو کارەکەی ئەنجامداوە و ئەوەتا لە کۆنفرانسی پێنجەمدا 67 توێژینەوە رەزامەندییان وەرگرتووە کە پێشکەش بکرێن (بێگومان لەکۆی 136 پوختەکە گەیشتبوونە بەردەست لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانس)، هەروەها شەش پۆستەری زانستیش دراوەتە کۆنفرانس و رەزامەندییان وەرگرتووە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە چەند چالاکییەکی زانستیتریش لەماوەی ئەو سێ رۆژەی کۆنفرانسدا پێشکەش دەکرێن و دەخرێنە بەردەم گشت زەویناسان و ئەوانەی حەزیان بەزانستی زەویناسییە، وەک بەشداری کۆمپانیاکان و گەشتی زانستی.
سەرکەوتووانە خۆیان ئامادە کردووە
ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە کە چەندین کۆمپانیا و دەستەی زانستی سپۆنسەری کۆنفرانسیان کردووە و بەشدارن لە چالاکییەکانی کۆنفرانسدا، ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ بەشی جیۆلۆجی لە زانکۆی سلێمانی و کۆمەڵەی جیۆلۆجی کوردستان \ لقی سلێمانی  کە سەرکەوتووانە خۆیان ئامادە کردووە بۆ رووداوێکی ئاوا گرنگ بۆ کوردستان و ناوچەکە، چونکە کۆنفرانسەکە نێودەوڵەتییە و چەندین  شارەزا و پسپۆڕی زەویناسی لە وڵاتانی بریتانیا و ئێران و کەنەدا و کرواتیا، جگە لە زەویناسانی کوردستان و عیراق  بەشدارن. ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەیەکی لەو چەشنە ئاسان نییە و کۆمەڵێک کەسی خۆبەخش لە هەر دوو لای رێکخەرانی کۆنفرانسەکەوە ماندوونەناسانە و بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگە سەرقاڵن تا بتوانن کارەکانی کۆبوونەوەیەکی ئاوا ئەنجام بدەن.
بەڕاستی ئالەم کاتەدا کە ژینگە بووەتە باسی رۆژی زۆربەی کۆبوونەوە زانستی و سیاسییەکان، سازدانی کۆنفرانسی جیۆکوردستانی پێنجەم  زۆر گرنگە چونکە بەشێکی زۆری توێژینەوەکان سەبارەت بە پیسبوونی ژینگە و ئاو و نەوت و گاز و سەرچاوە سروشتییەکانی تری کوردستان و ناوچەکەن. توێژینەوەکان لەلایەن کەسانی شارەزاوە بە رێگەی زانستی و لێکدانەوەی زانستی سەردەمیانە پێشکەش دەکرێن، بۆیە زۆر گرنگە دەزگاکانی پەیوەندیدار لە حکومەتی کوردستان بەچڕی بەشداربن، لەلایەکەوە سوود وەربگرن لەلایەکیتریشەوە گفتوگۆ لەگەڵ کەسانی ئامادەبوو بکەن سەبارەت بەو کێشانەی کە لە دەزگاکانی حکومەت دەبینرێن و بەدوای رێگە چارەی گرفتەکانیان بکەون. هەربۆیە بەناوی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانسەوە بەخێرهاتنی هەموو زەویناسانی دەزگا و بەڕێوبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان دەکەین و سوپاسیان دەکەین کە بەشدارییەکی چالاک بن و هەر لە ئێستاوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ سێ رۆژ لەگفتوگۆی زانستی بەرهەمدار کە ئەمەش ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکەیە. بێگومان لایەکیتری کۆبوونەوەکەشمان لەبیرنەچێت، کە هەلێکی زێڕینە بۆ زەویناسە لاوەکان و کەم شارەزاکان و خوێندکارانی ماستەر و دکتۆرا تا کارەکانی خۆیان بخەنەڕوو و ئاستی زانست و شارەزاییان پیشانبدەن، سوودیش لە شارەزایی و لێهاتووی پسپۆڕە بەشداربووەکان ببینن و پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵیاندا بنیاتبنێن. 

بەرنامەی کۆنفرانس 
کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، دوو رۆژی یەکەم توێژینەوەکان پێشکەش دەکرێن (کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی\ قلیاسان) و رۆژی سێیەم گەشتی زانستی بۆ ناوچەی شارباژێڕ ئەنجامدەدرێت. ئەم گەشتە زانستییە وەک نەریتێکی کۆبوونەوە زەویناسییەکان وایە و لەهەمان کاتیشدا بەشداربووان بە زەویناسی ناوچەکە ئاشنا دەبن و پێکەوە لەگەڵ زەویناسەکانی ئێرە پڕۆژەی هاوبەش بنیاتدەنێن. لەپێناو دەستکەوتنی زانیاری زیاتر  دەربارەی کۆنفرانسەکە تکایە سەردانی ئەم پێگەیەبکەن: https://geo2022.univsul.edu.iq/
کۆنفرانس بە ژمارە
 لەماوەی دوو رۆژدا بەشداربووان توێژینەوەکانیان پێشکەش دەکەن (20 و 21 مانگی 9 ساڵی 2022). پوختەی 136 توێژینەوە و پۆستەر پێشکەشکراوە، لەم ژمارەیە 67 توێژینەوە درێژەی توێژینەوەکانیان لەماوەی دیاریکراودا پێشکەشکرد و پاش هەڵسەنگاندنی زانستی وەرگێڕان و 6 پۆستەریش گەیشتە لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفرانس.  پاش تەواوبوونی کۆنفرانس، ئەو توێژینەوانەی پێشکەش دەکرێن و لێکۆڵەرەکانیان دەیانەوێت  چاپی بکەن ئەوا توێژینەوەکان لەگۆڤاری دەزگای جیۆلۆجی و رووپێوی عیراقەوە (جیۆسێرڤ) چاپ دەکرێت و بڵاودەبێتەوە، کە گۆڤارێکی تۆمار کراوە لە سکۆپەس و خاوەن هاوکۆلکەی جیهانی 0.744 پاش ئەوەی لەلایەن هەڵسەنگێنەرانی  شارەزاوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت. جیۆکوردستانی پێنجەم  پێشکەوتنێکی بەرچاوی پێشانداوە بە بەراورد بە کۆنفرانسەکانی پێشوو، هەروەک لە خشتەکەدا دەردەکەوێت.
توێژینەوەکان لە زانکۆکانی سلێمانی و صلاحەدین و کوردستان\ هەولێر و سۆران و چەرمۆ  و کەرکوک و دهۆک و دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و  دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی بەغداد (جیۆسێرڤ) و بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی و کەرتی تایبەتەوە پێشکەشکراون و چەندین زانکۆی دەرەوەی عیراق بەشداربوون وەک زانکۆ و پەیمانگەکانی  وڵاتانی کرواتیا و بریتانیا و ئێران و کەنەدا.
سپۆنسەرەکان 
ئەم کۆنفرانسە چەندین سپۆنسەری هەیە: کۆمپانیاکانی دانا گاز و کۆمپانیای کاشی رەنگاڵە و دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و کۆمپانیای هەڵەبجە گرووپ و کۆمپانیای خشتی ئاشوور. بێگومان هەردوو لایەنی ئامادەکاری کۆنفرانس بڕی گونجاو پارەیان ئامادەکردووە بۆ سەرکەوتنی کۆنفرانسەکە و لیژنەی دارایی کۆنفرانس سەرپەرشتی و وردبینی دارایی دەکەن و لەکۆتایشدا بەڕاپۆرتی فەرمی زانکۆ و کۆمەڵە لەچۆنێتی خەرجکردنی پارە ئاگادار دەکەنەوە.
گەشتی زانستی
سێیەم رۆژی کۆنفرانس گەشتێکی زانستی و پڕ سوودە بۆ ناوچەی شارباژێڕ (سورداش-سەرگەڵوو- کونەماسی - سیتەک) کە تێیدا دوو مامۆستای بەشی جیۆلۆجی رێبەری ئامادەبووانی گەشتەکە دەکەن و زانیاری ورد لەسەر جیۆلۆجیای ناوچەکە باس دەکەن، لەهەمانکاتدا نامیلکەیەکیش بەزمانی ئینگلیزی بۆ ئامادەبووان پێشکەش دەکرێت.
بەهیوای سەرکەوتنی کۆنفرانس و سوود وەرگرتنی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی کوردستان لەم بۆنە گرنگە.

د. ئیبراهیم محەمەد جەزا

سەرچاوە: knwe