زیرەکی دەستکرد چییە و کەی سەریهەڵدا؟

 

 

 

 

سود و زیانەکانی ئەم تەکنەلۆژیا نوێییە چییە؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

دەستەواژەی «زیرەکیی دەستکرد» لەمڕۆدا زۆر بەکاردێت بەشێوەیەک زۆر کەس هەن دەترسن لەوەی رۆژێک بێت و ئامێر و رۆبوتە زیرەکەکان کۆنترۆڵی مرۆڤایەتی بکەن و بەسەرماندا زاڵ بن، راستە هێشتا ئەو واقیعە دوورە، بەڵام ئایا زیرەکیی دەستکرد چییە؟ لەڕووی گەشەسەندنەوە بە کوێ گەیشتووە؟

زیرەکی دەستکردبریتییە لە تیۆری و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی کۆمپیوتەر کە توانای هەبێت چارەسەری کێشەکان بکات و هەندێک ئەرک ئەنجام بدات کە پێویستی بە زیرەکی مرۆڤە، بۆ نموونە تێگەشتن لە کەسی بەرامبەر، ئەنجامدانی گفتوگۆ، و دەیانجۆر چالاکی دیکە و هەموو ئەو شتانەی کە پێویستی بە مرۆڤ و ژیرییەکەی هەیە بۆ ئەوەی ئەنجامی بدات.
زیرەکیی دەستکرد ئەو زیرەکییەیە کە ئامێر و بەرنامەکانی کۆمپیوتەر پیشانی دەدات، بەجۆرێکە هاوشێوەی توانا هزرییەکانی مرۆڤە، وەکو توانای فێربوون و گەیشتنە ئەنجام و کاردانەوە دەربارەی ئەو دۆخانەی لە ئامێرەکەدا بە بەرنامە نەکراوە، هەروەها زیرەکیی دەستکرد بە واتای ئەو کەرتە ئەکادیمییە دێت کاردەکات لە دروستکردنی کۆمپیوتەر و ئەو بەرنامانەی توانای ئەوەیان هەیە رەفتاری زیرەکانە بنوێنن.
جۆن مەکارسی کە ساڵی 1955 ئەم دەستەواژەیەی داناوە دەڵێت: زیرەکیی دەستکرد بریتییە لە زانست و ئەندازیاریی دروستکردنی ئامێری زیرەک. 
لەم چەند ساڵەی دواییدا گۆڕانکاری و پێشکەوتنی گەورە لەو بوارەدا روویداوە و تەکنیکی «فێربوونی قووڵ» دیارترین سیمایەتی، کاری بریتییە لە پەرەپێدانی تۆڕی دەماریی دەستکرد شێوەی کارکردنی وەکو مێشکی مرۆڤ وایە، واتا توانای ئەوەی هەیە ئەزموون و تاقیکردنەوە و فێربوون و پەرەپێدانی خودی خۆی بکات بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤ.
تەکنیکی «فێربوونی قووڵ» سەلماندی توانای ئەوەی هەیە وێنەکان بناسێتەوە و لە رستەکان تێبگات و وەریانگێڕێت بۆ زمانی دیکە، لەگەڵ چەندان توانای تر کە کۆمپانیا ئەمریکییەکانی هاندا بە تایبەتی فەیسبووک و گۆگڵ تاوەکو وەبەرهێنانی تێدا بکەن و لێکۆڵینەوەکانیان لەو بوارەدا چڕبکەنەوە بەبێ گوێدانە ئەو هۆشدارییانەی دەدرێت لەبارەی ئەوەی رەنگە گەشەسەندنی زیرەکیی دەستکرد هەڕەشە بێت بۆ مرۆڤایەتی.

مێژووی زیرەکی دەستکرد

مێژووی زیرەکی دەستکرددەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی جەنگی جیهانی دووەم. کاتێک هێزەکانی ئەڵمانیا ئامێری ئینیگمایان بەکارهێنا بۆ کۆدکردن و ناردنی نامە بە شێوەیەکی پارێزراو و زانای ئینگلیزی ئالان تورینگ هەوڵی شکاندنی ئەو کۆدانەی دەدا. تۆرینگ و تیمەکەی ئامێری بۆمبیان دروستکرد کە ئەو مەتەڵەی چارەسەر کرد. هەردوو ئامێری ئینیگما و بۆمب بنچینەی فێربوونی ئامێرن کە یەکێکە لە لقەکانی ژیری دەستکرد. تۆرینگ ئامێرێکی بە زیرەک دادەنێت کە پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤێکدا دەکات بەبێ ئەوەی هەستی قسەکردن لەگەڵ ئامێرەکە پێبدات و ئەمەش پرسی بنەڕەتی زیرەکی دەستکردە، واتە دروستکردنی ئامێرێک کە وەک مرۆڤ بیربکاتەوە و بڕیار بدات و مامەڵە بکات.

داهاتووی زیرەکی دەستکرد
لەلایەکی دیکەوە تەکنیکەکانی زیرەکیی دەستکرد بەشێوەیەکی خێرا پەرەدەستێنن و ساڵ بەساڵ ئاڵۆزتر دەبن، لەوبارەیەوە جیۆفری هینتۆن لێکۆڵەر لەبواری زیرەکیی دەستکرد لە کۆمپانیای گۆگڵ و زانکۆی تۆرنتۆ باس لەوە دەکات لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا زیرەکیی ئامێرەکان هاوشانی زیرەکیی مرۆڤ دەبێت.
شایەنی باسە ئەم لێکۆڵەرە لەپشت پەرەپێدانی بەرنامەی گۆگڵی زیرەکی ناسراو بە «ئەلفانگۆ» وە بوو کە توانی لە پاڵەوانی یاری «گۆ» بەرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رای وایە نابێت لە زیرەکیی دەستکرد بترسین، چونکە هەر تەکنیکێکی نوێ جێی مەترسی دەبێت ئەگەر بەخراپی بەکاربهێنرێت و مەسەلەکە پەیوەستە بەشێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ تەکنەلۆجیادا بەشێوەیەک بۆ مرۆڤ زیانبەخش نەبێت.
هاوکات مارک زوکەربێرگ دامەزرێنەر و سەرۆکی فەیسبووک رای وایە ئەو ئامێرانەی زیرەکیی دەستکردیان هەیە رۆژێک لە رۆژان هەستە مرۆییەکانیان دەبێت وەکو بینین و هەستکردن تەنانەت لە مرۆڤیش زیاتر. 

سەرچاوە : هاوڵاتی