ساڵانی حه‌فتاکان، کاتێک له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی و دواتریش کە لە ناوه‌ندی و ئاماده‌یی بووم، هه‌ر کات وانه‌ی ئاینمان هه‌بوایه چه‌ند هاوپۆلێکم پۆله‌که‌یان به‌جێده‌هێشت و ده‌چوونه ده‌ره‌وه‌ی پۆل. هۆکاره‌که‌شی ئه‌وه‌بوو که ئه‌و هاوپۆلانهم ئاینێکی جیاواز له زۆرینه‌ی قوتابیه‌کانی پۆله‌که‌یان هه‌بوو. خوێندنی وانه‌ی ئاین ته‌نیا وانه‌ی دینی ئیسلام بوو. ئه‌و ئاین و بروایەی که نۆرم و سروشتی بوو له قوتابخانه‌دا ته‌نیا هەر ئەم دینە بوو. قوتابخانه له پێکهاته‌کان و بڕوا و ئاینەکانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان دوورەپەرێز خرابوو.
له شار و شارۆچکه‌کانی کوردستان، هەر لە کۆنەوە، چه‌ندین ناوچه و گه‌ڕه‌ک هه‌بوون و هەن که زۆرینەی دانیشتوانه‌کانیان بڕوا و ئاینی جیاواز له ئاینی ئیسلامیان هەبووە و هەیە. چەندین گەڕەک و شەقام لە شارەکاندا هەن کە بە ناوی ئاین و بڕوا جیاوازەکانەوە ناونراون. له شاری سلێمانی گەڕەکی جووله‌کان و گه‌ڕه‌کی گاوران دوو گه‌ڕه‌کی کۆنی شارن. شارۆچکەی عه‌نکاوه له شاری هه‌ولێر و گوندی هەرمۆتەی کۆیە زیاتر دانیشتوانه‌که‌ی ئاینی مه‌سیحی یان هه‌بووه و هه‌یه. ئه‌و گه‌ڕه‌کانەش هەروەک هەر گەڕەک و کۆڵانێکی دیکە پێکەوە نەخشەی شارەکانی کوردستانیان داڕشتووە. له شه‌نگال زۆرینه‌ی دانیشتوانەکەی یهزیدین. دهۆک و ئاکرێش لانکەی چەندین ئاین و بڕوای جیاوازن، هەروەک زۆرینەی ناوچەکانی دیکەی باشوور. لەو بڕوایەشدام لە شار و شارۆچەکەکانی رۆژهەڵات و باکوور و رۆژئاواش هەر بەهەمان شێواز بێ. ئه‌و جووانەی که له ساڵانی په‌نجاکانی سه‌ده‌ی پێشوو به‌ره‌و ئیسرائیل کۆچیان کرد، ئێستاش نه‌وه‌کانیان شانازی بە کوردستانیه‌تی بوونی خۆیانه‌وه ده‌که‌ن. کوردستان، هه‌ر له دێرزه‌مانه‌وه لانکه‌ی دڵنیا و ئارامی هه‌موو بڕوا و ئاینه جیاوازه‌کان بووه. بەڵام بەداخەوە لە ژینگەی قوتابخانە و لە وانەکانی خوێندندا رەنگی نەداوەتەوە.
تا ئەمرۆش قوتابخانه نه‌بۆته ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ی که قوتابی تیایدا هوشیارانە زانست وەربگرێ لەسەر ئەو ئایین و بڕواجیاوازانەی کە له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی و له جیهاندا هەن. تا ئێستاش قوتابی هیچ زانیاریه‌کی ده‌رباره‌ی بڕوا و ئاینه جیاوازه‌کانی، نه‌ک دنیای ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، به‌ڵکو هی پێکهاته‌کانی دانیشتوانی کوردستانیش نیە.
ئێستاش قوتابیه‌ک که ئاینه‌که‌ی ئیسلام نه‌بێ، له کاتی وانه‌ی ئایندا ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی هۆڵی وانه‌که. تائەمڕۆش لە وانەی ئاین دا خوێندن تەنیا لەسەر دینی ئیسلامە. ئەم دینەش بەو شێوازەی کە دەخوێندرێ، رێگانادرێ نیشانەی پرسیار لەسەری دابنرێ و وتوێژ لە پۆلدا لەسەر بابەتەکانی نێو ئەم دینە، کە 1400 ساڵ لەمەوپێش بەدەرکەوتووە، دروستبکرێ. ئەم شێوازە ڕێگا لە قوتابی دەگرێ کە سه‌ربه‌خۆ بیربکاتەوە و نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر بابەتەکان و بۆچوونه‌کان دابنێ. خوێندنی ئاین بەم شێوازە منداڵ و قوتابی ملکەچ دەکا. لە کەشێکی وەهادا پێشکەوتن و گەشەکردن روونادات، خونچەی بەهرەکان نابنە گوڵ.
لە خوێندنی وانەی دینی ئیسلام دا، رێگا بە فرەرەنگی و فرەئاینی نادرێ. بەردەوامی لە تاکڕەویی و زۆردارییش دەرئەنجامەکەی لەناوبردن و نەمانی خودی خۆیانن. ئایدۆلۆجی کۆمۆنیستی لە یەکێتی سۆڤیەت، ئایدۆلۆجی بەعسی ئێراق، ئاینی مەسیح بەو شێوازەی کە لە کۆندا لە ئەوروپادا پیادە دەکرا، چەندین نموونەی تری لەم شێوازە لە مێژوودا هەن کە نەماون و بەرەو هەڵدێر چوون. هەروەک دکتۆر دلهۆن قادر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی گەلاوێژدا لە 27ی مانگی ئایار ئەمساڵدا ئاماژەی پێدا "ئاینێک کە بەرگەی پرسیار‌و فرەیی نەگرێ بێگومان بەرەو هەڵدێر ئەروا".
یەکێک لەو ریفۆرمە گرنگانەی کە زۆرپێویستە وەزارەتی پەروەردەی کوردستان بیکا، گۆرینی خوێندنی وانەی دینی ئیسلامە (پەروەردەی ئیسلامی یە) بۆ خوێندنی وانەی زانستی ئاینەکان. واتە لە بری خوێندنی یەک ئاین، وانەیەک هەبێ کە هەموو ئاین و بڕواجیاوازەکان لە ژێرچەتری فرەئاینی و فرەرەنگیدا کۆبکاتەوە. ئامانجی وانه‌ی زانستی ئاینه‌کان ده‌بێ زانستدان و ئاشناکردن و هوشیارکردنی قوتابی بێ بە هه‌موو ئه‌و ئاین و بڕوایانه‌ی که له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان و له جیهاندا هه‌ن. لە خوێندنی وانەی زانستە ئاینیەکاندا دەبێ بە تێڕوانینێکی زانستیانە و دیدێکی یەکسان و مرۆڤدۆستانەوە سەیری هەموو بڕوا و ئاینەکان بکرێ و هەربەو هەناسەیەشەوە وانەکە بوترێتەوە. وتوێژکردن لە پۆلدا لە کەشێکی ئازاد و سەربەست دا کە قوتابی بتوانێ بوێرانە بۆچوونی خۆی دەرببرێ و گومان و نیشانەی پرسیار لەسەر تێروانینەکان دابنێ، دەبێ ئامانجی سەرەکی بێ لە وتنەوەی ئەم وانەیەدا. دیارە بەپێی قۆناغەکانی خوێندن، ناوەڕۆک و شێوازی وتنەوەی وانەکە دەبێ بگۆڕدرێ و پێویستە لەگەڵ تەمەنی قوتابیەکاندا وانەکەش بگونجێنرێ. بەڵام لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا ئامانجی ئەم وانەیە دەبێ فاکت و زانیاری بێ بە شێوەیەکی زانستیانە لەسەر هەموو بڕوا و ئاینە جیاوازەکان و هاوکاتیش لە کەشێکی ئازاد‌و سەربەستدا وتوێژ لەسەر پرسیار و گومانەکان بکرێ.
ئه‌رک و ئامانجی سه‌ره‌کی سیستمی خوێندن و فێرکردن له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کراوه‌ی دیموکراسیدا ئه‌وه‌یه که قوتابی ببێته مرۆڤێکی سه‌ربه‌خۆی ڕه‌خنه‌گر، نیشانه‌ی پرسیار له‌سه‌ر بابه‌ته‌کان و دیارده‌کان و تەنانەت بڕواکان و ئاینیەکانیش دابنێ و گومانی هەبێ و خۆی به دوای وه‌ڵامدا بگه‌ڕێ.
لە ژینگەی قوتابخانەدا دەبێ کەشێکی وا بخوڵقێنرێ کە قوتابی بەبێ هیچ ترس و بەربەستێک بە ئازادانە نیشانەی پرسیار لەسەر بڕوا و ئاینەکان دابنێ و بەچاوێکی ڕەخنەگرانەوە تێکستەکان بخوێنێتەوە و زانیاریەکان وەربگرێ. لە ژینگەیەکی لەم شێوەیەدا گوڵەکان دەگەشێنەوە و بەهرەکان بەدەردەکەون.
گرنگە قوتابی تێبگات ئەوەی کە سروشتیە لەکۆمەڵگەدا فرەرەنگی و فرەئاینییە. فرەرەنگی و فرەئاین و فرەبڕوا بناغەیەکی گرنگی کۆمەڵگەی دیموکراسی پێکدەهێنێ. کۆمەڵگەیەکی فرەڕەنگ و فرەئاین و فرەبڕوا کۆمەڵگەیەکی تەندروستە.
قوتابخانه ده‌بێ ئاوێنه‌ی کۆمه‌ڵگه بێ و هاوکاتیش چه‌ند هه‌نگاوێک له پێش گۆڕانکاریه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه بێ، تا نه‌وه‌یه‌ک پەروەردەبکا که به دڵنیاییه‌وه دواڕۆژی وڵاتی پێبسپێردرێ.
لێرە، لە خوێندنگەوە تۆوی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی کراوه و یه‌کتر په‌سه‌ندکردن و دیموکراسی ده‌چێنرێ.
سروە نوری ئەزیز
مامۆستای ماتماتیک و ئیکۆنۆمی لە ئامادەیی-سوید
2022/5/31