عەمار عەزیز
"لەوەتەی بەشداریم لەم پڕۆگرامەدا كردووە، هەم خۆشەویستیم بۆ زمانەكە زیادیكردووە هەم نمرەكانم بەرزتر بون"، ئیڤانا كەمال خدر، بەشداربویەكی ئەو پڕۆگرامەی قەزای شێخانە كە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر پاڵپشتی دارایی دەكات بۆ فێربونی زمانی ئینگلیزی بۆ گەنجان.
ئیڤانا هەفتانە چوار كاتژمێر وانە دەخوێنێت و لە چوارچێوەی پڕۆگرامەكەدا زمانی ئینگلیزی فێردەبێت، هەروەها هەوڵدەدات بۆ شارەزابون بە كلتوری ئەمریكا، ئەوەش بەپێی كونسوڵخانەی ئەمریكا توانای كێبڕكێكردنیان بەرەو پێش دەبات بۆ بەشداریكردن لە پڕۆگرامەكانی داهاتودا.
"خەونی ترم هەیە، دەمەوێت ئەم پڕۆگرامە هاوكارییم بكات بۆ گەیشتن بە كۆلێژی دڵخوازم لە داهاتودا"، ئیڤانا وایوت.
پڕۆگرامی ئەكسێسی زمانی ئینگلیزی كە كونسوڵخانەی ئەمریكی پاڵپشتی دەكات و لەلایەن دەزگای ئێزیدی ئازاد لە شێخان جێبەجێدەكرێت، 144 خوێندكار لێی سودمەندبون، هەفتەی چوار كاتژمێر وانەی ئینگلیزیان پێدەوترێتەوە، ئەوەش لە پێناو فێربونی ئەو زمانە جیهانییە.
ئینگلیزی زمانێكی جیهانییە و 23ی نیسانی هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانی ئەو زمانە دادەنرێت.
ئیڤانا كەمال لە پۆلی هەشتی بنەڕەتی لە ناوەندی قەزای شێخان دەخوێنێت، دەڵێت ئەو چانسێكی باشی هەبووە كە لەو پڕۆگرامەدا وەرگیراوە، "سەرەتا مامۆستاكان هەندێك شتی سادەیان فێردەكردین، بەڵام وردە وردە ئێستا بە زمانی ئینگلیزی قسەمان لەگەڵدا دەكەن، رۆژانە وشەی تازە فێردەبین و گفتوگۆی پێدەكەین".
ئیڤانا دەڵێت بەو هۆیەوە نمرەكانی لە خوێندن بەرزتربونەتەوە، "وەررزی یەكەم 82م هێنا، دەمەوێت بۆ وەرزی دووەم بگەمە 90... خوشەویستیم بۆ زمانی ئینگلیزی زۆر زیاد بووە، هەمیشە بەدوای وشەی تازە و زانیاریی نوێ دەگەڕێم".
بەشداربووان تەمەنیان لە نێوان 13 – 16 ساڵییە، بەبێ جیاوازی هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەكان لە هەردوو رەگەز بەشدارن
زمانی ئینگلیزی یەكێكە لە بەربڵاوترین زمانەكانی جیهان، بەشێوەیەك یەك ملیار و نیو كەس لە سەرتاسەری جیهاندا قسەی پێدەكەن و بۆتە زمانی رەسمی (ئیداریی و كلتوریی) لە نزیكەی 90 وڵات، هەرێم و قەوارەی نا سەربەخۆ.
پڕۆگرامەكەی شێخان بۆ ماوەی دوو ساڵە، جگە لە خەڵكی سەنتەری شارەكە، خوێندكارانی كەمپی ئاوارەكانی ناوچەكەش لێی سودمەند بون.
زۆزان حەسیب، بەڕێوەبەری دەزگای ئێزیدی ئازاد لە شێخان، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەشداربووان بەسەر هەشت گروپدا دابەشكراون، هەر گروپێك لەوكاتەدا وانەیان پێدەوترێتەوە كە كاتی دەوامی قوتابخانە نییە... بەشداربووان تەمەنیان لە نێوان 13 – 16 ساڵییە، بەبێ جیاوازی هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەكان لە هەردوو رەگەز بەشدارن".
"فێربونی زمانی ئینگلیزی بە پلە یەكەم، هەروەها چۆنیەتی وەرگرتنی زانیاریی بە تایبەت لەبواری (دیجیتاڵ لێدەرس) ئامانجی سەرەكی پڕۆگرامەكەیە، هانیان دەدەین چۆن تواناكانی خۆیان لەبواری زمانی ئینگلیزیدا پێشبخەن"، زۆزان حەسیب وایوت.
وتەبێژی كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر، لەبارەی پڕۆگرامەكەوە دەڵێت "پڕۆگرامی مینحەی بچوك بۆ فێربونی زمانی ئینگلیزی (Access) بناغەیەكی بەهێز دەستەبەر دەكات لە كارامەییەكانی زمانی ئینگلیزی بۆ گەنجانی بێبەش لەڕوی ئابوری و كۆمەڵایەتی، لەڕێی كۆرسی فێربونی چڕ بۆ ماوەی دوو ساڵ دوای دەوامی خوێندنگە، لە هاوین و لەكۆتایی هەفتەكاندا".
هەروەها دەڵێت "پرۆگرامەكە هەلی پەرەپێدانی پیشەیی و راهێنانی بەردەوام بۆ مامۆستایان، دەستەی كارگێڕی و دەرچووانی پێشوو لەزمانی ئینگلیزیدا دەستبەردەكات".
وتەبێژی كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر زیاتر وتی "بەشداربووان تێگییشتن و ناسینی زیاتر دەستەبەر دەكەن سەبارەت بەكلتوری ئەمریكا و بەها دیموكراتییەكان لەڕێی سازدانی چەندین چالاكی كلتوری و بەرەوپێشبردنی توانای كێبڕكێكردنیان لە پڕۆگرامەكانی داهاتودا، لەوانه پڕۆگرامی تایبەتمان بەئاڵوگۆڕی ئەكادیمی و پیشەیی".
"ئەمساڵ شانازی دەكەین بەوەی دوو پڕۆگرامی نوێی (Access)مان دەستپێكرد لە شێخان و هەڵەبجە، لەگەڵ دابینكردنی مینحەی بچوك بۆ سەنتەری زمانی ئینگلیزی لە زانكۆی هەڵەبجە و راهێنانی بەردەوام بۆ دەیان پسپۆڕی وتنەوەی زمانی ئینگلیزی".
سەرچاوە : کەرکوک ناو