دەوری زوو کابرایەکی هەجیجی دێتە بناری شارەزوور ڕەقەیەک لە قەراخی چەمی «دەلێن» ئەدۆزێتەوە، گورج هەڵیئەگرێ ئەیخاتە ناو هەمانەکەوە - کە لە کۆڵیایە - ئەیباتەوە بە دیاری بۆ فەرەیدوون بەگ. ئەویش نازانێ ئەمە چییە پێنج شەش پیاوی ڕیشسپی گرد ئەکاتەوە و ئەڵێ: «مەلێک پەرێم ئاوردەن، ئادەی بزانن چێشەن؟» کە تەماشا ئەکەن، یەکێکیان ئەڵێ: ئەمە سەقاقوشە گوللەیان لێداوە باڵی هەڵپڕووکاوە. یەکێکی تریان ئەڵێ: نا وا نییە، ئەمە ماسی دێمە! یەکێکی تر ئەڵێ: خایر ئینە بازەن من خاسش مەشناسۆ! یەکێکی تر ئەڵێ: نەخێر ئینە نە قازەن و نە بازەن، ئینە بولبولی خۆش ئاوازەن، لە سەر چڵان مەنیشۆ، پکڵی، پکڵی مەواچو! کابرایەکی شارەزووری بۆ «توو» کڕین چوو بوو بۆ ئەوێ، پێیان ئەڵێ: بابە ئەمە ڕەقەیە و لە شارەزوور زۆرە فڕێی دەن.