دیموکراسی قایمترین هەنگاو بۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژی

 

سەرگوڵ میرزایی: هەر دەسەڵاتێک ژن تێیدا رۆڵی نەبێت، ناتوانین بەو دەسەڵاتە بڵێین دیموکراسیە..


مەلا بەختیار: لە وڵاتانی رۆژهەڵات و هاوشێوەکانیدا، ئیتر ژن دەبێتە داینەمۆی دیموکراسی

ئەمڕۆ 9/12/2023  لەهۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لەتۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، سیمینارێک بەناونیشانی (دیموکراسی قایمترین هەنگا وبۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژی) بۆ سەرگوڵ میرزایی بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای باسەکەدا، خاتوو سەرگوڵ، کورتەیەکی دەربارەی چەمک و مێژوی دیموکراسی خستەڕوو، پێشیوابوو
توندوتیژی دەسەڵات دیارترین توندوتیژیە دژی ژنان،  لێرەوەیە کە دەسەڵاتی دیموکراتیخواز لە بەرژەوەندی ژناندایە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی، بۆیە ژنان پێویستە زیاتر لەسەر دیموکراسی بزانن.
لە بەشێکی تری سیمینارەکەدا، ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، دیموکراسی لەدونیای ئەمڕۆدا دوو پایەی سەرەکی هەیە، ئەویش دادپەروەری و ئازادیە، کە هەردوکیان لە خزمەت و بەرژەوەندی ژناندایە. وتیشی: لەحکومەتی پیاوسالاریدا بون و ئامادەیی ژن کەمە، ئەگەر ژنیش لە حکومڕانیدا بەشداری نەکات ناتوانین بەو دەسەڵاتە بڵێین دیموکراسیە.
ناوبراو جەختی لەوەشکردەوە بۆ ئەوەی دیموکراسی بێتە کایەوە، پێویستە کۆمەڵی مەدەنی دروستبکەین، کە مافی مرۆڤی تێدا هەبێت. وتیشی: یەکێکی تر لە پایەکانی دیموکراسی، بونی سیکۆلاریزمە، کە لەم سیستەمەدا مافی ژن دەپارێزرێت، هەندێ کەس پێیانوایە سیکولاریزم دژی دینە، کە ئەمە هەڵەیە، بەڵکو سیکۆلاریزم پێیوایە دین کایەیەکی کەسیەو پەیوەندی نێوان خوداو مرۆڤە، مرۆڤ ئازادە چۆن عیبادەت دەکات، بەڵام دیموراسی بۆ هەموانە.
سەبارەت بە کردەی توندوتیژێ، سەرگوڵ میرزایی پێیوابوو، مرۆڤ لەناخیدا توندوتیژی تێدایە، بۆیە پێویستە چوارچێوەیەکی بۆ دیاریبکرێت تاکو رێژەی توندوتیژیەکەی کەمبکرێتەوە.
دوای تەواوبونی قسەکانی خاتو سەرگوڵ، ئامادەبوانی سیمینارەکە بۆچونەکانی خۆیان خستەڕوو، بەشێکیان پێیوانوابوو دەبوو بابەتە قوڵتر و پشتبەستو بە ئامار و توژینەوە بخررایەتەڕوو.  هاوکات  پێیانوابوو توندوتیژی زیاتر کردارێکی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتیە، چونکە ئێستا لە وڵاتانی دیموکراسیش رێژەی توندوتیژی لەئاستێکی بەرزدایە.
لای خۆشیەوە مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و رۆشنگەر بەشداری گفتوگۆکەی کردو ئاماأەی بەوەکرد کە لە نەتەوەیەکگرتوەکاندا  دیموکراسی 99 پێناسەی هەیە، بۆیە ئێمە  نابێت چەواشەی چەمکەکە بین، بەڵکو گرنگ ئەوەیە چی دەکرێت، ئێستا دیمکراسی بەبێ کۆمەڵی مەدەنی نایەتەدی، مەترسیدارترین سیستەم ئەوەیە باوەڕیان بە مەدەنیەت و رۆشنگەری و سیکولاریزم نیە و تەنیا باوەڕیان بە قاوغی دیموکراسی هەیە.
دەربارەی توندوتیژیش مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەکرد کە مرۆڤ لە ژیانی سەرەتاییەوە مومارەسەی توندوتیژی کردوە، لە سەردەمی کۆلایەتی و دەرەبەگایتیش توندوتیژی لەلایەن دەسەڵات دژە دەسەڵاتیش پیادە کراوە. بۆیە تاکو  ئەو میراتە نەڕەوێتەوە توندوتیژی بەشێک دەبێت لە هەڵسوکەوتی مرۆڤ.
 ناوبراو، راشیگەیاند: لەم سەردەمی جیهانگیری و گۆڕانکاری تەکنەلۆژیایەدا، باوەڕم بەوە هەیە بۆ دە ساڵی تر لە رۆژهەڵات وڵاتانی ناوچەکەی ئێمە ژن جەوهەری دیموکراسی دەبێت، ژن داینەمۆی دیموکراسی دەبێت، جاران ئەگەر مەسەلەی نەتەوەیی و جوتیاران و چینەکانی تر جەوهەری دیموکراسی بوون، ئێستا ژنە.

سەرچاوە : چاودێر