دوو مامۆستای ناڕازی لە سلێمانی لە شەوی رابردووەوە دەستگیرکراون

 

 

 

ئەمشەو هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دوو مامۆستای ناڕازییان دەستگیرکرد دڵشاد میرانی و عوسمان گوڵپی، ئەمەش لەکاتێکدایە بڕیارە، سبەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دژی دواکەوتنی مووچەکانیان گردببنەوە، ئەو دوو مامۆستا ناڕازیەش دەستگیرکراون، دەیانەوێت بۆ مووچە خۆپیشاندان بکەن.

عادل حەسەن ئەندامى دەستەى مامۆستایانى ناڕازى وتى، کاتژمێر 12ـی شەوى رابردوو، ئاسایشی سلێمانی ناردوویانە بە شوێن مامۆستا عوسمان گوڵپی، ئەندامى ئەنجومەنى ناڕازى بە ناوی ئەوەی چەند پرسیارێکی لێ دەکەن، بەڵام تائێستا ئازادییان نەکردووە و نەگەڕاوەتەوە.

دەشڵێت، ئەم دەستگیرکردنە لە چوارچێوەی رێگرییەکانی دەسەڵاتدارانی سلێمانییە، بۆ رێگری لە خۆپیشاندانی سبەینێ.

بەپێى زانیاریەکان، کە چەند مامۆستایەکى ئەندامى دەستەى مامۆستایانى ناڕازى پشتراستیانکردوەتەوە، لەشەوى رابردووەوە، دڵشاد میرانى ئەندامى دەستەى مامۆستایانى ناڕازیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى سلێمانییەوە دەستگیرکراوە.

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانیش لەبارەى خۆپیشاندانەکەى سبەینێوە ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و داوا لە مامۆستا، فەرمانبەر و مووچەخۆران دەکات خۆپێشاندان نەکەن، چونکە دۆخەکە هەستیارە.

سەرچاوە : هاوڵاتی