داگیركاریی لە رێگای زمان و هونەرەوە

رێبوار بەنگینە

داگیركردنی خاك و تۆپ بارانی گوندە سنوورییەكان و كاولكاریی و خوێنڕشتن و بڕینەوەی هەزاران دار زەیتون و تیرۆركردنی تێكۆشەرانی كورد لە قووڵایی شارەكاندا لەلایەن دوژمنانی نەتەوەكەمانەوە بە تەنها لەم شتانەدا چڕ نەبۆتەوە، بەڵكو سڕینەوەی زمان و كەلتور و هونەرەكەی لە ژێر ناوی لێك نزیكبوونەوە و تێكەڵبوونی نەتەوەكاندا مەترسیدارترین كاری دوژمنان و داگیركەرانە، سەرەتا بەلێشاوی كردنەوەی خوێندنگەی توركی و خوێندن بە زمانی توركی دەستیپێكرد، هەر لە سەرەتاوە بەناوازە و نموونەیی وێنا دەكراو و بەجۆرێك پۆلێن كرابوون كە لە خوێندنگاكانی تر باڵاتر و شارستانی تر و پێشكەوتوو ترە! ئەم جۆرە لە تێڕوانین بۆخۆی لێدان و سووكایەتی كردن بوو بە خوێندنگاكانی تر كە خوێندن تێیاندا بە زمانی كوردی بوو، تەنانەت هەندێ كەس بە شانازییەوە باسیان لە خوێندنی مناڵەكانیان بە زمانی توركی دەكرد! هەروەها ناونانی زۆربەی دوكان و شوێنەكانی تر و هاوردەكردنی وشەی توركی لەپاڵ زمانی كوردیدا بۆ خۆیان بەشێكن لە هەمان بازنەی پلان و بەرنامەی داگیركاری.

کارگەریی درامای تورکی
‎ئەگەر سەرنج بدەین رۆژ لە دوای رۆژ بەرنامەی تەلەفزیۆنی تایبەت بە میوزیك و گۆرانی كوردی لە هەندێ لە میدیاكانەوە بەهەمان شێواز و ستایلی بەرنامەی میدیا توركییەكان خۆیان دەكەن بە ماڵەكانماندا و بەبۆن و بەرامەیەكی توركیانە خۆیان دەخزێننە ناومانەوە، لەكاتیكدا بڕی تێچووی ستۆدیۆكە و ئامادەكردنی  میوزیسیانەكان و كامێرا و هەموو پێداویستییەكان هەر لە قووت و داهاتی میللەتی خۆمانەوە سەرچاوەیان گرتووە، ئەم جۆرە بەرنامانە وەك كارگەیەك بە مەبەست هونەر و كەلتوری سەپێنراوی بێگانە دەخەنە جێگای هونەر و كەلتوری نەتەوایەتیمان، هەر بەوزەی مەتریالی و سامانی ئابووریی خۆمان و لە میدیاكانی خۆمانەوە جێگۆڕكێ بە كەلتور و هونەر و نەتەوایەتیمان دەكەن! هەندێك كەس بێئاگا لە پێناسەی هونەر و ناسنامەی نەتەوەییمان  لەژێر ناوی كاریگەریی نەتەوەكان لەسەر یەكتریی و تێكەڵبوونی كەلتور و هونەری نەتەوەكەمان بەرەو هەڵدێر دەبەن، ئەو كەسانە دركیان بەوە نەكردووە لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا هەستكردن بەو ناسنامەیە روو لە كز بوون دەكات و بەرەو ونبوون هەنگاو دەنێت، كارەكان وا بەخێرایی هەنگاو دەنێن وەك بڵێیت لە پشتی ئەمانەوە ستافێكی توركی ئاڕاستەیان بكەن و كارەكان بەڕێوەببەن! گومانی تێدا نییە تا رادەیەك پێكهاتەی میوزیكی وڵاتانی دراوسێ لەیەكەوە نزیكن، بەڵام سیما و مۆركی میوزیكی كوردی تەواو لەوانی دیكە جیاوازە هەر لە ریتم و لەرەی رستە میوزیكییەكان و رەنگ و سیمای گۆرانییەكان تەواو جیاوازە. بەوردی سەرنج بدەن هەندێك جار دانیشتنی ژەنیارەكان، چۆنێتی ژەنینی ژەنیارەكان، شۆڕكردنەوە و شێوازی كەمانچە دانان لەلامل و دانانی پەنجە لەسەر ژێیەكان و شێوازی بەدەستەوەگرتنی ئامێرەكان پڕن لەوێنە و جووڵەی جەستەیی هونەرمەندە توركەكان! ئەو كەسانە بەبێ ئاگایی دەبنە بەشێك لەجێبەجێكردنی سیاسەتی داگیركاریی! داگیركاری لە رێگەی زمان و هونەر (بەتایبەتی هونەری میوزیك)ەوە خراپترین جۆری ژەهری داگیركەرە، ئەگەر بێتو بەئاگا نەبین رزگاربوون لێی كارێكی سەختە! سامناكی ئەم ژەهرە لەوەدایە هەنگاو بە هەنگاو دوژمن رەنگی میوزیكی خۆی و روخساری میلۆدییەكەی لە تۆدا كۆپی دەكات تا لەدوا جاردا دەبیتە بەشێك لە میوزیكی ئەو و ناسنامەكەی خۆت لەدەستدەدەیت! هەموان دەزانین ژەهری دراما توركییەكان چەندێك كاریگەریی خراپی لەسەر تەواوی كۆمەڵگا و بەها و نەریتی كۆمەڵایەتی بەجێهێشتووە، ئەوانەی پێیان دەوترێت (كچەمۆدێلەكان) بەرهەم و دەستكردی ئەو میدیا چەواشەكارانە و ئەو دراما توركیانەن، كە لە ماوەیەكی كەمدا ژمارەیەكی زۆریان لێ بەرهەم هات و خۆیان نمایش كرد. لەم دواییەدا هەندێك لە دەرهێنەری دراما كوردییەكان كاریگەریی ئەو دراما توركییانەیان پێوە دیاربوو كە لاساییان دەكەنەوە و بە روونی دیاربوو كە شوێن پێی ئەوان هەڵدەگرن، تەنانەت ئەم ژەهرە ریكلام و بانگەواز و هاتوهاواری هەندێك لە پێشكەشكارەكانیشی گرتۆتەوە! ئەم سیاسەتی باڵادەستیەی كەلتور و هونەری داگیركەر بەسەر كەلتور و هونەری نەتەوەكەماندا درێژە پێدەری هەمان ئەو سیاسەتەیە كە لە مێژە هەوڵ دەدات بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەكەمان.
دەروازەیەک بۆ تێکدانی نەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان
‎جۆرێكی تر لە داگیركاریی بنیاتنانی ستۆدیۆ و دابینكردنی بودجەیەكی زەبەلاحە كە لە بنەڕەتدا و بە ناوی میوزیكەوە خانمە هونەرمەندە عەرەبەكان میوانداریی دەكرێن و گۆرانیی كوردییان بە میوزیكی عەرەبیەوە بۆ بەرهەم دەهێنن! هەرچەندە بیرۆكەی كارەكە مەبەستی تری لە پشتەوەیە! یان روونتر بڵێم مەبەستی سەرەكی دەرخستن و نمایشكردن و گەرمكردنی بازاڕی خانمانە بۆ مەبەستی تر، بەڵام دواجار ئەم پڕۆسەیە كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر گۆمەڵگا و دەبێتە دەروازەیەك بۆ تێكدانی نەریت و بەها كۆمەڵایەتییەكان و لەگەڵ ئەمەشدا دەبێتە لێدان و تێكدانی گۆرانی و میوزیكی كوردیی! دەگوترێت  شیعر یان (تێكست )ی هونەری گۆرانی بریتییە لە زەوی (خاك) میلۆدییەكە ئەو باڵەخانەیەیە كە لەسەر زەویەكەیان (خاكەكە) بنیات دەنرێت، دابەشكردنی میوزیكیش جوانكاریی و رەنگكردنی ئەو باڵەخانەیەیە! ئەمە ئەوە دەگەێنێت ئەو میدیایانە بە وشەی كوردییەوە و لەسەر خاكی خۆمان میلۆدی و هەست و نەستی توركی یان عەرەبی دەدەن بە گوێماندا و باڵەخانەی توركی یان عەرەبی لەسەر بنیات دەنێن! با چیتر لەسەر خاكەكەمان باڵەخانەی بێگانە دروست نەكرێت! با چیتر وەك و بەرگێك مۆرك و میلۆدی میوزیكی توركی و عەرەبی نەكرێتە بەری  وشەی شیرینی كوردی! ئێستا هەوڵێكی تری داگیركاریی هەیە ئەویش ئەوەیە گۆرانییە رەسەنە كوردییەكان لەلایەن هەندێك لە میوزیسیانە كوردەكانەوە بە میوزیكی توركییەوە پێشكەش دەكرێن و دەدرێتەوە بگوێماندا! بۆن و بەرامەیان. رستە میوزیكیەكەیان، سۆڵۆی ژەنینی تاكەكەسی و دابەشكردنی میوزیك هەر هەمووی بە شانازییەوە رەنگ و مۆركی میوزیكی توركی یان عەرەبیان گرتووە، هەر وشە و تێكستی كوردییە دەخزێنرێتە ناو شەپۆلێك لە میوزیكی توركی یان عەرەبیەوە و بۆ ئەو مەبەستەش بەهاترین و ناوازەترین ستۆدیۆی دەنگیی لە قووت و داهاتی میللەتەكەی خۆمانی بۆ تەرخانكراوە! بە واتا داگیركردنی زمان و كەلتور و هونەرەكەمان هەر لەسەر ئەركی خۆمانە! نەك هەر ئەوەندە بەڵكو ئەم پڕۆسەیە بۆتە دەسكەوتێكی مادی باش بۆ داگیركەر و لەو رێگەیەوە ئامێرەگران بەهاكانی خۆی لە بازاڕی داگیركاریی زمان و میوزیكدا ساغ دەكاتەوە! ئەم جۆرەیان سامناكترین و خراپترین جۆری ژەهرە، ئەم پڕۆسەیە بە رەنگ و بۆ لە بڕینەوەی دار زەیتونەكان دەچێت، درەختەكان دەبڕدرێنەوە و پاشان دەگوازرێنەوە كارگەكان و بە سەنعەتی توركی پێمان دەفرۆشرێنەوە، میلۆدی گۆرانییەكانمان، وشە و شیعرەكانمان، گۆرانییە كوردییەكان پۆل پۆل بە بەرگ و روخساری میوزیكی توركییەوە لە ستۆدیۆی هەندێك لە میدیاكاندا بەرهەم دەهێنرێت و دەكرێنە هەڵگری هەمان ناسنامەی داگیركەر!
ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ مەترسیدارە
‎راستە لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا گۆڕانكاریی كەلتوری، كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووریی... هتد بەسەر كۆمەڵگادا دێت، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت بە تەواویی بابەتێكی ترە و تەواو مەترسیدارە. دەبێت میللەتی هۆشیار گۆڕانكاریی یان كاریگەریی و داگیركاریی لەیەك جیا بكاتەوە.
‎بە بڕوای من ئەمەی دەگوزەرێت بە تەنها خەمساردیی پەرلەمان و حكومەت یان هێزە سیاسیەكان نییە، پێدەچێت هێزێكی ناوخۆیی هاوكار و چاوساغ و بەشداربێت لەم داگیركاریەی دوژمنانی گەلەكەماندا! بەدرێژایی مێژووی گەلەكەمان هەموو جۆرە داگیركارییەكانی دوژمنان هەر لە رێگای چاوساغی و هاوكاری و پشتیوانیی هێزێكی سیاسی ناوخۆوە بووە.

 

سەرچاوە : کوردستانی نوێ