سەرتیپ جەوهەر
دەردو گرفتەكانی كوردستان ئەوەندە زۆرە، نازانین لە چ لایەكەوە باسی بكەین. هەرچی باسی دەكەین دووبارەو دووبارەیە. نازانین باسی خراپی حوكمڕانیی و داخرانی پەرلەمان و بێبەهابوونی دامەزراوەكانی حوكمڕانیی بكەین، یان باسی بەرتەسكبونەوەی زیاتری ئازادی رادەربڕین و دیموكراسی بكەین، یان باسی خراپبونی زیاتری باری ئابوریی و برسیكردنی خەڵك بكەین! یان بێینە سەر ئاوابوونی خۆی ئومیدی گەیشتن بەرزگاریی نیشتیمانیی و لەدەستدانی ناوچە جێناكۆكەكان بكەین!
روو لەهەرلایەكی ژیانی ئەم نیشتیمانە دەكەین، تەنگ و تاریكە. تفت و تاڵە! هیچ تروسكاییەك بەدیناكەین بۆ ئایندەیەكی باشتر، رۆژ بەرۆژ بارودۆخ خراپتر دەبێت و گوزەران و ئومێدی خەڵك بۆ داهاتووی خۆی بەرتەنگترو ناخۆشتر دەبێت.
ئاخر لەكوێی دونیابووە حوكمڕانیەك پارەی نەبیت بیداتە فەرمانبەرانیی، هێزێكی یەكگرتووی سەربازیی (پێشمەرگە)ی نەبێت و دەرگای پەرلەمانەكەی داخستبێت و حكومەتەكەی ماوەبەسەرچوو، لەدەرەوەی قانون و شەرعیەت بێت! ئینجا بیەوێت دەست بخاتە سەر دەمی خەڵك بۆ ئەوەی رێ لەهاواری خەڵكەكەی بگرێت؟! لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە بیەوێت بەدروشم و بەموزایەدەی قەومی دایپۆشێت!
ئەوەی ئەمڕۆ لەدادگای هەولێر سەبارەت بەیەكێك لەگیراوانی بادینان دووبارە بوویەوە، نەبووەو نەكراوە لەمێژوو. دووبارەكردنەوەی هەڵسوكەوتی سیستمە ستەمكارییەكانی دونیایە كە خۆیان خراپن و ستەمكارن، نایانەوێ گوێیان لەهاوارو بێزاری خەڵك بێت كە باسی ستەمكارییەكانیان دەكەن! ئەوەی ئەمڕۆ لەدادگای هەولێر روویدا، دووپاتكردنەوەی ئەو راستیەیە كە ئەم حوكمڕانیە ناتوانێت درێژە بەم ستەمكارییەی بدات و لەسەر ئەم رێچكەیە بەردەوام بێت! ئەم دادگاییەش بەشێكە لەهەڵسوكەوت و لێكەوتەی ئەم حوكمڕانە ستەمكارەی ئێستا هەیە كە وەك هەموو حوكمڕانە ستەمكارەكانی دونیا، گوێ لەكەس ناگرن! گوێ لەو هەموو راپۆرتەی رێكخراوەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناگرن كە باسی ستەمكارییەكانیان و خراپی حوكمڕانیەكەیان دەكەن! لەوە ناگەن كە دواتر عاقیبەتێكی زۆر خراپ چاوەڕێیان دەكات.
من تێناگەم بۆ لایەنە سیاسیەكان، گروپە جیاوازەكانی كوردستان لەم بارودۆخە بێدەنگن! لایەنیكەم بابیكەنە دەستكەوتێكی حزبی دژ بەحزبی دەسەڵاتدار بەكاریبێنن! كەچی ئەوەش ناكەن؟! ئەوەی ئەم كوردستانەی وێران و بەدۆزەخ كردووە تەنها حوكمڕانان و ستەمكاران نین، بەڵكو بێدەنگی ئەوانی دیكە، ئەوەندەی دیكە وێرانی كردووە.
مخابن. ئەوەی روودەدات، تەنها لایەنێكی سیاسی لێی بەرپرس نییە كە هەژموونێكی گەورەی بەسەر حوكمڕانیدا هەیە، بەڵكو هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بەرپرسیارێتیان دەكەوێتە ئەستۆ كە لەئاست ئەم بارودۆخە، بەتایبەتیش ئەوانەی ئەم حكومەت و حوكمڕانیەیان پێكهێناوە! لایەنیكە.
سەرچاوە : خەندان