خۆشەویستی لە باران دەچێ

خۆشەویستی یەكێكە لەو چەمكانەی كە بە هەزاران بابەتی لە سەر نووسراوە و هێشتا بە تەواوەتی هەقی خۆی پێنەدراوە. بە هەزاران شێوە پێناسە كراوە و هێشتا تینووێتی مرۆڤی نەشکاندووە.
رەنگە خۆشەویستی لە كورتترین پێناسەدا پێكەوە گونجانی دوو رۆح بێت، كە خۆشەویستی هاتە ئاراوە ئیدی كەسایەتی ئەویندار و عاشق وەك دڵۆپە ئاوێك دەبێت لە ناو دەریای مەعشووقدا. هیچ شوێنەوار و ئاسەوارێك نامێنێت و زمانی عەشق دەبێتە زمانی بەخشین. بەخشین و وەرگرتن تێكەڵی یەكتر دەبن. 
تاقە ئایینێك كە هەقە مرۆڤ بە دوایدا بڕوات، خۆشەویستییە، مرۆڤ شاكاری خوایە، ئەگەر مرۆڤ، خۆی خۆشنەوێت و مرۆڤی خۆشنەوێت، ناتوانێت خواشی خۆشبوێت. لەو بارەیەوە تەنها یەك بۆچوون هەیە ئەویش خۆشەویستییە.
خۆشەویستی بەر لەوەی كە تێكەڵبوونی دوو جەستە بێت، لەڕاستیدا پێكەوە گونجانی دوو رۆحە. دەبێت لەوە تێبگەین كە خۆشەویستی تەنها ئەوە نییە كە دوو جەستە ئاوێزانی یەكتر بن، بەڵكو ئاوێزانبوونی دوو رۆحە كە تەنها یەك ئامانجیان هەیە، ئەویش بەخشینە. 
ژن كە ئاشق دەبێت جوانیی لێدەچۆڕێت، خەرمانەیەك دەورەی دەدات و هەڵسوكەوتی لە سەمایەكی ئارام و هێدی دەچێت. خۆشەویستی فێرمان دەكات كە جیهان بە جوانی ببینین، بۆ ئەوەی بزانین كە خۆشەویستی چییە، هیچ چارەیەكمان نییە جگە لەوەی كە عاشق بین، تا بە ئەزموونی خۆشەویستیدا تێنەپەڕین نابین بە مرۆڤێكی تەواو.
بۆ ئەوەی خۆشەویستی بكەین و هۆگر و عاشقی كەسێك بین و خۆشمان بوێت، دەبێت ئازادی بكەین، چونكە خۆشەویستی كۆنترۆڵكردن نییە، بەڵكو ئازادكردنە. لە ناخی هەموو مرۆڤێكدا خۆشەویستی هەیە و دەبێت ئەو خۆشەویستییە ئازاد بكرێت نەك ئەوەی قەتیسی بكەیت یان بە شێوەیەك لە شێوەكان دەستبەسەری بكەیت یان لەناوی ببەیت یان سنوورداری بكەیت. چونكە خۆشەویستی سروشتی مرۆڤ پێكدەهێنێت. خۆشەویستی هاوڕێیەتی بەرهەم دەهێنێت، ئەگەر دوو كەس یەكتریان خۆشویست دەبێت ئەو خۆشەویستییە ببێت بە هاوڕێیەتی، چونكە ئەگەر وا نەبێت، ئەوە داهاتووی ئەو خۆشەویستییە گەش نابێت. هەر وەك چۆن رووبار گوێ بە بەربەستە سروشتییەكان نادات و رێڕەوی خۆی دەبینێتەوە و تێكەڵی زەریا دەبێت، مرۆڤیش دەبێت وا بێت و رێگە نەدات بەربەستە دەستكردەكان رێگر بن لەسەر رێگای خۆشەویستی، رووباری خۆشەویستی دەبێت رێڕەوی خۆی بدۆزێتەوە. مرۆڤ نابێت هیچ بەربەستێك لەبەر دەم رووباری خۆشەویستی دروست بكات، بۆ ئەوەی رووبارەكە بە ئازادی رێگاكەی خۆی تێپەڕێنێت. ئەگەر كۆسپەكان لاببرێن و مرۆڤ بتوانێت لەناو رووباری خۆشەویستیدا مەلە بكات دەگات بە ئەوپەڕی خۆی و دەگاتە عەرشی بەرزی خوایی.
دونیا خێزانێكی گەورەیە ئەگەر لە ماڵی هەر خێزانێكدا چرای خۆشەویستی هەڵبكرێت ئەوە دونیا دەبێتە چراخان. خۆشەویستی ئەوەیە، وەك چۆن دەستی تەوقە بۆ دۆست درێژ دەكەین، دەستی خۆشەویستی بۆ هەموو لایەك درێژ بكەین و بە نەرمونیانی هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا بكەین و بە چاوی سۆزەوە سەرنجی هەموو ئەو شتانە بدەین كە لە دەوروبەرمانن، تەنانەت بۆ دار و بەردیش. 
خۆشەویستی ئەوەیە كە هەستی كەس بریندار نەكەین و دڵی كەس نەشكێنن، ئەگەر هات و هەستی كەسێكمان بریندار كرد یان دڵی كەسێكمان شكاند، دەبێت هەرچی زووترە داوای لێبوردنی لێ بكەین، چونكە مرۆڤێك ئەگەر دڵی سەرچاوەی خۆشەویستی بێت، ئەگەر كەسێكی زویر كرد، هەتا ئاشتی نەكاتەوە، ئارام ناگرێت.
خۆشەویستی راستەقینە ئەو خۆشەویستێیە كە بەبێ هۆكار بێت و هیچ بەرژەوەندییەكی مادی و مەعنەوی لەپشت نەبێت. ئەگەر خۆشەویستی راستەقینە بێت ناتوانین هاوكات كەسێكمان خۆشبوێت و رقمان لە كەسێكی دیكە هەبێت. كەسێك كە خۆشەویستی راستەقینەی هەبێت ناتوانێت رقی لە هیچ گیاندار و بێ گیانێك بێت، كەسێك خۆشەویستی راستەقینەی هەبێت وەك گوڵ وایە كە بۆنی خۆشی خۆی بۆ هەموومان بەبێ جیاوازی بڵاودەکاتەوە، وەك باران وایە بەبێ جیاوازی بەسەر هەمواندا دەبارێت. 
خۆشەویستی بەرچاوڕوونییەكی زۆر دەدات بە مرۆڤ، وای لێدەكات كە نەفرەت و رق لە دڵی خۆی بسڕێتەوە، نەرمونیان بێت و لە ژیانی خۆی رازی بێت. ئەگەر كەسێك رقی لەدڵدا بێت ناتوانێت خۆشەویستی بكات، بە هیچ شتێك رازی نابێت و هەمیشە لە دڵەڕاوكێ و نیگەرانیدا دەژی و هەرچی بێتە بەردەستی تێكی دەدات و بەردەوام خەریكی تێكدانە، ئەو جۆرە كەسانە ناتوانن بەختەوەر بن. چونكە ئاسوودەیی زادەی ئەوە نییە كە دەستبەسەر هەموو شتێكدا بگری، بەڵكو زادەی بەخشینە، خۆشەویستی هەستێكە رۆشن و رەوان، لە ناخەوە هەڵدەقوڵێت و بۆ شاییەكانی ژیان پڕ دەكاتەوە، ئەگەر ناخمان لێوانلێو لە خۆشەویستی بێت، دەگەین بە بەختەوەری و ئاسوودەیی و دڵنیایی. كە دڵ سەرڕێژ بوو لە خۆشەویستی ئەو كاتە دەتوانی هەموانت خۆشبوێت، ئەوەی هەموانی خۆشنەوێت ناتوانێك كەسێكی خۆشبوێت، چونكە خۆشەویستی تەنها بۆ ئەوە نییە تەنیا یەك كەست خۆشبوێت.

خۆشەویستی مەرجدار نییە
ناكرێت دڵمان پڕ بێت لە خۆشەویستی بەرامبەر بە كەسێك و چۆڵ و هۆڵ بێت بەرامبەر بە كەسێكی دیكە. یان هەموو مرۆڤایەتیمان بە چاوپۆشین لە جیاوازییەكان خۆشبوێت یان كەسمان خۆش نەوێت.
گرنگ نییە تەلارێكی بەرین و بەرزمان هەبێت، بەڵكو گرنگ ئەوەیە كە دڵمان بەرین و فراوان بێت، ئەگەر دڵمان بەرین بوو با خانووەكەمان بچووك بێت، دەرگا لە هەموو رێبوار و میوانێك دەكەینەوە، بەڵام ئەگەر دڵمان بچووك بوو با خانووەكەشمان گەورە بێت، نە دەرگا لە كەس دەكەینەوە و نە بە هانای كەسەوە دەچین. ئەگەر مەرجمان بۆ خۆشەویستی دانا، ئەوە خۆشەویستی نییە، بەڵكو ساختەیە و درۆیینەیە، چونكە خۆشەویستی راستەقینە پاك و بێگەرد مەرج رەچاو ناكات و بە یەك چاو سەیری ناسراو و نەناس دەكات و جیاوازی دانانێت. 

خۆشەویستی تەمەنی بۆ نییە
خۆشەویستی تەمەن و رەگەز و گەورە و بچووك ناناسێت، هیچ تەمەنێك بۆ ئەوە درەنگ نییە ژیانمان بۆ خۆشەویستی تەرخان بكەین. گرنگ نییە چەند ساڵ دەژین، بەڵكو گرنگ ئەوەیە كە چەند ساڵی تەمەنمان بۆ خۆشەویستی تەرخان دەكەین. ئاخر تەمەنی مرۆڤ لەو رۆژەوە دەست پێدەكات كە خۆشەویستی لە دڵیدا شەپۆل دەدات و بە قووڵی لە دیاردە و شتەكان ورد دەبێتەوە.
خۆشەویستی وەك باران وایە، ئەو كاتە هەیە كە دەبارێت، كە خۆشی كردەوە ئیتر نامێنێت. باران بەبێ جیاوازی بەسەر هەمواندا دەبارێت. 
خۆشەویستی نە بۆ گەمە دەبێت، نە دەتوانین گاڵتەی پێ بكەین، نەپێمان دەكرێت لە چوارچێوەی یاسای بگرین و نەتوانین كەس ناچار بكەین كە خۆشی بوێین. 
 لە خێزاندا زوو یان درەنگ خۆشەویستی بزر دەبێت، لەوانەیە هەر لە سەرەتاوە خۆشەویستی نەبووبێت، ئاخر دەشێت زەماوەندێك بەبێ پاڵنەری خۆشەویستی بكرێت، هەر زەماوەندێك خۆشەویستی لە پشت نەبێت سەركەوتوو نابێت. ئەوسا ئەو منداڵانەی كە لەدایكیش دەبن بەرهەمی خۆشەویستی نییە، بەڵكو زادەی بەدەست یەكەوە گیرۆدەبوونی ژن و پیاوێك دەبن. ئەو منداڵانەی كە ماڵێكدا كە خۆشەویستی تێدا نییە، لە دایك دەبن، ئەگەر گەورەش بن سەبارەت بە خۆشەویستی نامۆ دەبن و دواڕۆژێكی روونیان نابێت. دایك و باوكێك كە یەكتریان خۆشناوێت دەبێتە هۆی ئەوەی كە دڵی منداڵیش ببێتە كانگای رق و ئەویش دایك و باوكی خۆی خۆش ناوێت. منداڵێك كە لەوەها خێزانێك لە دایك دەبێت لە داهاتوودا كەسێكی نائومێدی لێ دروست دەبێت و بڕوای بە خۆی نابێت و هەست دەكات هەمان ئەزموونی دایك و باوكی بۆ ئەویش دووبارە دەبێتەوە. منداڵ زەینی روونە، درك بە هەموو ئەو شتانە دەكات كە لە دەوروبەری روو دەدات، كە دەبینێت لە نێوان دایك و باوكی هیچ خۆشەویستییەك نییە وای بۆ دەچێت خۆشەویستی تەنها لە شیعردا هەیە و نییە و ئەو كات خۆشەویستی بە وەهم دەزانێت و كەسێكی دوورەپەرێزی لێدەردەچێت، بۆ ئەوەی خۆشەویستی بۆ ژیان بگێڕینەوە دەبێت دایكان و باوكان یەكتریان خۆشبوێت بۆ ئەوەی منداڵەكانیش فێری خۆشەویستی بن. 
رەنگە خێزانی وا هەبێت تێیدا ژن و پیاو یەكیان خۆشبوێت، بەڵام ئەو خۆشەویستییە وەك نهێنییەك دەپارێزن و لێ ناگەڕێن منداڵ هەستی پێ بكات، منداڵ هەر روخساری گرژ و سووكایەتی بە یەككردن و شەڕ و شۆڕ دەبینێت، بۆیە زەینی بۆ ئەوە ناچێت، دایك و باوكی یەكیان خۆشبوێت، منداڵی نێو خێزانی پڕ لە كێشە ئومێدی بە ژیان لاواز دەبێت ئاخر وای بۆ دەچێت ژیان هەر ئەوەیە كە دایك و باوكی پیشانی دەدەن و لە دڵی خۆیدا دەڵێت: ئەوان كە گەورە و عاقڵ و بەهێزن لە ژیاندا سەركەوتوو نەبوون، دەبێت چ دۆزەخێك چاوەڕێی منی كڵۆڵ بكات.

(سەرچاوە:  كتێبی «خۆشەویستی لە روانگەی ئۆشۆوە»، ئامادەكردنی حەمە سەعید حەسەن)

ئا: جەواد حەیدەری 

سەرچاوە: galawej