خالید محەمەد عەلی
میرزا کەریمی ئەحمدی ناڵبەند؛ ناوێکی دیار و کەسایەتێکی نان بدە و خاوەن ھەستێکی مرۆڤ دۆستی ، خوێندەوارێکی پڕ ئەزموون و شۆسیالیزمێکی ڕەسەن ، لە چارەکی دووەمی سەدەی بیستدا! ببوە سونبلی شار و خاوەن دیوەخان ، ئەمە لە کاتێکدا کە خۆیی و کوڕەکانی ئەیان ویست، بە ( بە ژورەکەی میرزا) ناو ببرێ نەک دیوەخان !؟ چونکا پێیان وابوو دیوەخان مۆرکی ئاغاو شێخ و دەرەبەگانە.
لێرەوە شانۆی ڕوداوەکان ، لە ساڵی ١٩٣٥ و بە لە دایک بونی کاراکتەری پاڵەوان ، دەست پێدەکات و لە ساڵی ١٩٩٣ و بە مردنی ھەمان کاراکتەر کۆتایی دێت ، گفتو گۆو جەدەل و ڕوداوەکان ؛ نوسەر ھێندە بە ڕیالیتی ئەدای کردوە ھەر وەک ئەوەی خۆ ی لە جەرگەی مێژوەکەدابێت یا خود وا دەبینی لە گوێژوە لە سلێمانی ڕوانیبێت. بۆیە ئەشێت نوسەر دوچامەکەی ( نالی و سالم) وەک کەرەستەیەکی گرنگ سودی لێ بینێبێت لە وەسفی کوچەو کۆڵانی ئەم شارەدا.
وەک ، ئاشکرایە لە ساڵانی ( ١٩٣٢ - ١٩٤١)لەم بەشەی کوردستانی باشور فراغێکی سیاسی دروست ببوو بە ھۆکاری مەنفی کردنی ( شێخ محمودی حفید) لە لایەن ئینگلیزەکانەوە بۆ باشوری عێراق، ئەمەش وایکرد کە بیری شویعی بە بەرفراونی لەناو چینی نوسەران و ڕۆشەنبیران ولە ناو ھەندێک لە مەلاو کەسایەتی ئاییندا دروستت ببێت. بەم ھۆکارەشە ئەم ئایدیایە پانتایەکی لە ناوکەسایەتیەکانی ڕۆمانەکەدا دگیرکردوە.
لەم سەروبەندەشدا، کۆتایی ھاتنی جەنگی یەکەمی جیھان(١٩١٤ - ١٩١٨)ە ، دەستپێکی بەدی کردنی دوکەڵی ئاگری جەنگی دووەمی جیھان(١٩٣٩ - ١٩٤٥) کاریگەریە ڕاستەو خۆ ناڕاستەو خۆکانی لەسەر کوردستانی باشور ، وادەکات ڕوداوەکان زیاتر بەدەوری ژیانی سیاسیدا بسوڕێتەوە .
( مام زامنی نوقڵ فرۆش) کەسایەتێکی نە خوێندەواری ئەوسای شار ، بەڵام لەوانەی کە لە کوردەواریدا پێیان دەوترێت؛ دەم سپی و دنیا دیدە، لەناو جەدەل و حیواری ڕۆمانەکەدا دەمێنێتەوە بەشێوەی ئامادەبوو یان ڕابردوو یا یادگاری. لەسەرەتاوە بۆ کۆتایی. ھەڵسو کەوتەکانیان و گەپجاڕ و کۆڕو کۆبونەوەکانیان، دیوی شاراوەی ژیانیان، بەرھەم و چالاکیەکانیان ؛ ھی شاعران و نوسەران وەک«دڵدار و بێکەس و نەجمەدین مەلا و کاکەی فەلاح و شێرکۆ بێکەس » بۆن و برامەیەکی خۆشیان کردۆتە بەری پەڕەکانی ڕۆمانەکە،ئەمە جگە لەو ڕۆڵە گرنگەی کەقوتابخانەی « ئەیوبیە کە لە ساڵی ١٩٢٥وەدامەزراوە »و دواناوەندی مەلەکی و خوێندنگەکەی ( نەجمەدینی مەلا) کە ئەوکات توانیان خوێندەواری لە حوجرە وە بگوازنەوە بۆ نێو قوتابخانەکان و ژنانیش توانیان بەشدار بن لە پڕۆسەی خوێندندا ، جگە لەمەش ڕۆڵێکی گرنگ ببەخشنە کتێبخانەکان وەک کتێبخانەی ئەوقاف.
جولەکەکانی سلێمانی، بە درێژایی مێژووی شار پێگەیەکی بەرز و جوانیان پێشکەشکردوە و نمونەیەکی بەرزی پێکەوە ژیان بوون ، وەلی لە دوای ساڵی ١٩٤٦ وە، ئەمانیش بونە باس و خواسی شار ؟ لە چەندلایەکەوەئەم کەمینەیە، کەوتنە بەرتانەو تەشەری شێخ و مەلایان و سیاسەتی مەلەکی و حوکمەتی عێراق، تا کار گەیشتە ئەو ڕادەیەیی کە حوکمەتەکەتی ( نوری سعید) لە ١٩٤٨ بڕیاری لێسەندنەوەی جنسیە و ناسنامە ی لێیان دەرکرد، وە ڕاگواستنیان بە زۆرە ملێ بۆ ناو دەوڵەتی تازە دروست بووی ئیسرائیل.
چیرۆکی عیشقەناکامەکەی ( بەھاری غالب عەرەبەتی) لەتەک پاڵەوانی ڕۆمانەکە ، گاریگەری خۆیی لەسەر ڕۆمانەکە جێ ناھێڵێ لە ساڵی ١٩٤٨ وە تاکۆتایی، ھەروەھا، مەسەلەی کوردایەتی و دروستبونی حیزبی کوردی، پارتی دیموکرات و مەسەلەی جاشایەتی و کلکایەتی و دژایەتی یەکتری و پێک ھەڵپژانیان و ڕێ پێوان و خۆپیشاندانەکانی بەردەمی سەرا! سیمایەکی تری شانۆی ڕوداوەکانە، دوابەدوای ئەمانەو لە ساڵی ( ١٩٦٣) ھاتنە سەرکاری حیزبی بەعس گۆمەکە تەوا دەشڵەقێنێت!؟ ئەو مەرگەساتەی لەم پاکتاوەدا خوڵقا، خوێنەر توشی سەراسیمە دەکەن بە تایبەت ڕەشبگیری ٩ ی حوزەیرانی ١٩٦٣ و پۆینتە شاراوە و پەنھانەکانی دەتبەنە سەر ئەو ھەوەسەی کە خوێنەر بە تاسەوە پەڕە دوای پەڕە بە ھەڵباتەوە.
ئیتر، ئەمانەی باسکران و زۆر شتی تریش ! خوێنەر لەگەڵ خوێندنەوەیدا پەی پێدەبات و چێژ و لەزەتی زیاتر دەبەیت، لە خوێندنەوەی واقیعی ئەوسایی شاری سلێمانی! لە بیست بەش داو لە دوو توێی «٣٩١» لاپەڕەیی قەبارە مام ناوەندی ڕۆمانی مێژویی ( خانەقای میرزا) لە نوسینی ( میران ابراھام) کە ئەم ساڵ ٢٠٢٣ کەوتە بەردیدەی خوێنەران .
سەرچاوە : ئاوێنە