عەبدوڵا کەریم مەحمود
لە رۆژە کانی بەفرو کڕێوەی شوباتی ٢٠٢٥ ، کەش و هەوا ، چەند پلەیەک لە ژێر سفردابوو، مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی ناڕازیی ، بە یەک دەنگ وبە یەک هەڵوێست ، لە خۆپیشاندانێکی مەدەنی دا ، لەخێمەیەکی نزیک جادەی عەربەت ، بۆ رووبەرووبوونەوە ی ، کاروانی ئەو تەنکەرە نەوتە قاچاخانەی ، ئاودیوویی سنوورەکانی دەکرێن ،وەک شورایەکی پۆڵاین وەستانەتەوە .
دەنگی ناڕەزایی گەلیان ، دەگەیاند بە تاڵانچی یەکانی سامانی نەوتی نیشتمان .
دوور لەهەموو بەهاو پێوەرێکی خۆپیشاندان ، چەند کەسێکیان بە جلی مەدەنییەوە ، رژانە نزیک خێمە و سەرشەقامی مامۆستایان ، لە سیناریۆیەکی توندو تیژیی دا ، بە بەرد، پەلاماری تەنکەرە نەوتە کانیان دا ،جامی چەند تەنکەرێکیان شکاند ، ئەم کردەوە نەشیاوە ، هیچ پەیوەندیەکی بە مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە نیە ، ئەوەی ئەو سیناریۆ و ئاژاوەیان دروست کرد ، بۆ ئەوەی بوار بڕەخسێن ، بۆ هێزێکی چەکدار، دەنگی ناڕەزایی وهەڵوێستی رەوای مامۆستایان وفەرمانبەران سەرکوت بکەن .
بە چ دەستوورو یاسایەک و رێسایەک، رەوایە ، مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینان و هاوڵاتیان ، لە بەر بێ موچەیی وبێ بازاڕیی ، دەبۆیەک نەوت لە ماڵەکا نیان نەبێ . رۆژانە دەیان وسەدان و هەزاران ، تەنکەری قاچاخ ، تاڵان و ئاودیوی سنوورەکان بکرێن؟ .
بە چ یاسا ورێسایەک ، رەوایە ؟، هێزێک هەڵبکوتنە سەر ئەو مامۆستاو رۆژنامەنووسانە ، بە زەبرو زەنگ و توندوتیژی ، دەست بە سەرکامێراوموبایل و کەلوپەلی میدیایی ، ئەو رۆژنامە نووسانەدا بگرن و ئازاریان بدەن ، چەند مامۆستایەک دەستگیرو دەست بە سەروسەرکوت بکەن ؟.
بۆ خۆپیشان دان ومانگرتن و ناڕەزایی وهەڵوێستی مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیان ، نا دەستووریی و نایاسایی و ئاژاوە بێت ؟
بۆ رەوایە ، رۆژانە دەیان، سەدان، هەزاران ، تەنکەرە نەوت ، بە تاڵانی و بە قاچاخی ئاودیوبکرێت .
بۆرەوایی بە هێزێکی چەکداردەدرێت ، بە توندوتیژیی و زەبروزەنگ و خۆسەپاندن ،ببن بە پاسەوانی ئەو تەنکەرە نەوتە قاچاخانە و بوا ری یاسایی تاڵانی نیشتمانیان پێ بدرێت؟
ئایا ئەم زەبروزەنگ و توندتیژییەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی هەرێم ، بەرامبەر بە مامۆستایان و فەرمانبەران ، لە( زۆنی سەوز) و(زۆنی زەرد) ، لە( دێگەڵە )ولە( عەربەت )، جینۆسایدی( فیزیکی و بەیالۆجی و ئابووریی ) مامۆستا و پەروەردە و نیشتمان ونەتەوە وکلتوورو زانست نییە؟
سرینەوەی ( یەکەم پیت ویەکەم وشەو یەکەم رستانەی ، وانەی ئەلف و بێ کەی مامۆستا ئەمین باڵداری وانەی مامۆستای کوردیی نییە؟.
لە هەر نیشتمانێک دا ،دەسەڵات داران ، بە سیناریۆی جیا جیا ، لە بەهاو شکۆی کەسێتی( مامۆستا وپەروەردەو خاک و نەتەوە و کلتور) کەم بکەنەوە و بیسڕنەوە ، ئەونەتەوە وکلتورە وئەو نیشتمانە ، لە جەنگەڵستانی پوچگەرایەتی دا ون دەکەن .
سەرچاوە : سپی میدیا