کوردە جولەکەکان لەکوردستانەوە بەفڕۆکە کۆچ دەکەن بۆ ئیسرائیل - ساڵی ١٩٥١
تۆماس شمیدینجر
وەک پایتەختی کۆنی میرنیشینی بابان، سلێمانی وەک هەمیشە ناوچەیەکی پڕ کلتورو ئایینی جیاواز بووە. هەرچەندە لەسەرەتای بوونیاتنانییەوە بەشێکی زۆری لەکوردی موسوڵمان پێکهاتووە، مەسیحیەکان بە بەردەوامیو جولەکەکانیش تاوەکو ناوەڕاستی سەدەی بیستەم لەناوچەکەدا هەبوون.
لەکاتێکدا کۆنترین کەنیسە لەشارەکەدا، کەنیسەی کلدانیەکانەو ئێستا ناسراوە بەکەنیسەی "مریم العزراء" لە ساڵی ١٨٦٢ بونیاتنراوە لەسابونکەران، تا ئێستاش وەکو کەنیسە بەکاردەهێنرێت لەلایەن کۆمەڵەی خەلیلیەکان، کە دامەزرنێراوە لەلایەن باوکە پاولۆ دال ئۆگلیۆی ئیتاڵیو کلدانیەکان، لەئێستادا هەردوو کەنیسەی قبطیو ئنجیلی بۆ مەسیحەکانی ناوچەکە بەردەستن، بەڵام جێماوی جوولەکەکان بەپێچەوانەوە نەک بەردەست نین، بەڵکو دۆزینەوەشیان دەگمەنە.
جولەکان(١)
لەکۆندا سلێمانی ڕێژەیەکی زۆر لەجولەکەی تێدا بووە تا ساڵی ١٩٥٠، لەکۆتایی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی، جوگرافیناسی فەرەنسی ڤیتال کوینیت سەرژمێری جولەکەکانی کردبوو بە ١،٠٠٠ هەزار جولەکە لەشارەکەدا. (٢) کۆتا سەرژمێرییش پێش کۆچی جولەکەکان لەعێراقەوە ١،٥١٥ هەزارو پێنجسەدو پانزە جولەکە لەشارەکەدا خەمڵێندراوە.(٣)
مێژووناس مۆردێچای زاکین باس لەکلتورێکی جولەکەکان دەکات کە بەپێی ئەو کات "سولێمان پاشا کە دامەزرێنەری شاری سلێمانییە لەساڵی ١٧٨٤ وتویەتی "شارێک بەبێ جولەکە شارێکی گونجاوو لەبار نییە،"(٤)و یەکەمین کۆمەڵەی جولەکەی هێناوە لەقەرەداغەوە.
ئەم نەریتە ناکرێت تەواو دروست بێت، چونکە سولێمان پاشا (کە زیاتر بەبابا سلێمان ناسراو بوو) دامەزرێنەری شارەکە نەبووە، بەڵکو حوکمڕانی میرنیشینی بابان بووە لەنێوان ساڵانی ١٦٧٠و ١٧٠٣ لەکەرکوکەوەو بووەتە یەکێک لەدامەزرێنەرانی خانەوادەی دەسەڵاتدار. تا ئەوکاتەی ئیبراهیم پاشا بووە حوکمڕان لەساڵی ١٧٨٢ بۆ ١٨٠٣ کە لەو ماوەیەدا شاری سلێمانی دامەزرێنراوە دەستەی بەڕێوبردنی حکومڕانی گوازرایەوە بۆ سلێمانی ئێستا. دەکرێت ناوی شارەکە لەناوی سولێمان پاشاوە وەرگیرابێت- هەندێکی تر دەڵێن کە شارەکە لەسوڵتانی عوسمانیەکانەوە سوڵتان سولێمانی گەورە (١٤٩٤-١٥٦٦) ناونرابێت- بەڵام لەلایەن ئەوەوە دانەمەزرێنراوە. لەم ڕوانگەیەوە، ئەو کلتورەی کە لەلایەن مۆردێچای زاکان-ەوە باس کراوە ئاماژە بۆ ئیبراهیم پاشا دەکات نەک سولێمان پاشا.
وەک هەمیشە کە دێتە سەر ئەم نەریتانە ناتوانین لەڕەسەنایەتی دڵنیا ببینەوەو بیسەلمێنین. بەڵام هەرچۆنێک بێت ئاماژە بەو پەیوەندییە هزرییەی نێوان شارستانیو کۆمەڵەی جولەکەکان نیشان دەدات. وا دیارە کە دامەزرێنەرانی شارەکە پەیان بەوە بردووە کە بوونی جولەکە وادەکات شارەکە ڕەسەنترو دروستتر دەربکەوێت.
لە سەردەمی ڕابردوودا ناوچەی جولەکەکان دەکەوتە بەشی باشوری شارەکەوە، کە دەکاتە خۆرهەڵاتی جادەی بابانو باشوری گەڕەکی چوارباغ، ناسراو بە(گەڕەکی جولەکان). بینا و باڵەخانەکانی ئێرە وەک هەموو شوێنەکانی تر لەعیراقدا دەستیان بەسەردا گیرا لەدوای کۆچی جولەکەکان، هەربۆیە زۆربەی دانیشتوانەکەی خاوەنی ئەو موڵکانە نین.
ئەمەش وایکردوە کە زیاتر چینێکی کەمدەرامەت نیشتەجێی بن، کە زۆربەیان خانوو زەویەکان بەکاردێنن بەڵام خاوەنی نین.
کۆتا کۆمەڵەی جولەکەکان تا ساڵانی ١٩٩٠ لەشارەکەدا دەژیانو لەبازاڕەکەدا وەک زەڕەنگەر کاریان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا جولەکە لەم شارەدا زیاتر ژیاون بە بەراورد بەناوچەکانی تری کوردستانی عێراق. تەنانەت تا ئەمڕۆش تا ئاستێکی دیار تاکی کۆمەڵگە کە بەجۆرێک لەجۆرەکان دەچنەوە سەر نەوەی جولەکە لەشارەکەدا هەن، بەڵام لەسەر هەمان پەیڕەوی دینی جولەکەکان نەماون.
خاوەنی چێشتخانە/ مەیخانەی ماندێلا لەشاڕێی سالم لەشاری سلێمانی یەکێکە لەنەوەکانی جولەکە کە دەیەوێت یادی جولەکەکان بهێنێتەوە بۆ ناوچەکە. سورکێو ئەمین گرنگی بەمێژووی هەمەچەشنی نەژادو دینی ناوچەکە دەداتو ئەم گرنگیدانەش لەدیزاینی جیاوازو ڕێکخستنیی تایبەتی ماندێلادا ڕەنگیداوەتەوە. سورکێو ئەمین بڕوای وایە کە "مەسیحیو جولەکە و زەردەشتیەکان ئاینی ڕەسەنی میسۆپۆتامیان، کوردو جولەکە زۆر خاڵی هاوبەشی کلتوریان هەیە. ئەم لێکچوونە تۆخە ئەگەڕێتەوە بۆ مێژووی هەزارساڵەی میسۆپۆتامیا".
چینی ناوەڕاستو خەڵکانی بیانی زیاتر سەردانی ماندێلا دەکەنو بەشێکی زۆری میوانەکانی ئەم کەشە بەرز دەنرخێنن کە ڕەخساوە بۆ دووربوون لەناوچەگەریو ڕقئەستوری.
میران ئەبراهام
پەیوەندیەکی زرنگ لەنێوان سلێمانی نوێو کۆمەڵەی جولەکەکان بونیاتنراوە لەلایەن میران ئەبراهام، کە لەساڵی ١٩٧٠ لەشاری سلێمانی لەدایک بووە. خانەوادەی میران جێماوی ئەو کەمیەنەیەیە لەجولەکەکان کە لەکوردستانی عێراقدا مانەوە.
بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی توندڕەوی بەعسیەکان لەعێراقدا خانەوادەی میران ئەبراهام کۆچیانکرد بۆ هۆڵەندا، هەربۆیە میران بەشی زۆری ژیانی لەهۆڵەندا بەسەربردووە. بەڵام باوانی میران ڕێنیشاندەرێکی باشبوون لەئاشنا کردنی نەوەکانیان بەکلتورو هونەری نەتەوەیی کوردستانو جولەکە، کە دابڕاون لەنیشینگەکانیان لەسەرانسەری جیهانەوە، میران وەک جولەکەیەکی کورد لەهۆڵەندا توانی ببێتە نوسەرێکی بەتوانا بەکوردی شێوەزاری سۆرانی کە زیاتر لەشاری سلێمانی بەکاردەهێنرێتو کورتە چیرۆکو ڕۆمان بنوسێت.
کتێبەکانی کە بەشاکاری زمانەوانی لەقەڵەم دەدرێن لەکوردستانی عێراق بڵاوکراونەتەوە کە باس لەڕابردووی جولەکەکانی کوردستان دەکات. ڕۆمانی (شەوگەڕەکان) لەساڵی ٢٠١٥ لەشاری سلێمانیو بەدوایدا ڕۆمانی (نیشتمانی سارا) بڵاوکرانەوە، کە باس لەمێژووو مامەڵەی جولەکەکان دەکات لەشاری سلێمانی وەک تاکە کتێب هەتا ئێستا.
نیشمانی سارا باس لەمێژووی کۆتا سەدەی جولەکەکان دەکات لەشاری سلێمانی بەشێوەیەکی هونەریانەو پەیوەندیان لەگەڵ دراوسێ کوردە- موسوڵمانەکان.هەرچەندە کتێبەکە باس لەچیرۆکێکی هاوتەباییو پێکەوەژیانی ئاشتیانە ناکات بەڵکو باس لەکەموکورتی گیانی پشتگیری دەکات کە جولەکەکان تووشیبوونو بووەتە مەترسیو هەڕەشە بۆ سەر ژیانیان، ئەمە لەدوای ساڵەکانی ١٩٥٠، لەکاتێکدا کتێبەکە باس لەپێکەوەژیانی چینە جیاوازەکان دەکات پێش ساڵی ١٩٥٠، هەروەها کوردە موسوڵمانەکان تاوانبار دەکات بەوەی کە هیچ بەرهەڵستیەکیان نەنواندوە لەپای دەرکردنی جولەکەکان لەشارەکەو وێرانکردنی کلتورو جێماوەیان، بەتایبەت گۆڕی جولەکەکان."٥"
میران ئەبراهام لەنووسینەکانیدا وێنای کوردستان وا پیشان نادات کە تەنها عەرەب بوونەتە هۆکاری وێرانکاری لەناوچەکەدا، هەرچەندە بەگشتیو بەتایبەت لەکتێبی خەمی مەستوورە بەتووندی باسو سەرزەنشتی ئەو تاوانانە دەکات کە ڕژێمی بەعس دژ بەگەلی کورد ئەنجامی داوە، بەتایبەت هەڵمەتەکانی ئەنفال لەلایەن ڕژێمی سەدام حوسێن – میران ئەبراهام لەکتێىی نیشتمانی سارادا، کورد تەنها وەک لایەنی زیانلێکەوتوو نیشان نادات، بەڵکو چەندین بەرپرسیارێتیان ئاڕاستە دەکاتەوە کە دێتە سەر جولەکەکان. ئەم کتێبە هاندەرێکی بێوێنەیە بۆ باسکردنو تێگەشتن لەمێژووی جولەکەکان لەشارەکەدا.
پاشماوەی کلتوری
لە دوای ساڵەکانی ١٩٥٠ چەند خێزانێکی جولەکەکان لەنێویاندا خێزانەکەی میران ئەبراهام زۆرتر مانەوە، بەڵام بەهۆی کەمی ڕێژەیانەوە کۆمەڵگەیەک نەمایەوە بەناوی جولەکەکان. لەساڵەکانی ١٩٩٠ ڕێژەی زۆری کۆتا کۆمەڵی جولەکەکان شارەکەیان جێهێشت بەهۆی ئەو بارە ناهەموارە ئابووریو سیاسیە نادیارەی کە ناوچەکەی گرتەوە. دابەزینی ئاستی ئابووریو گرانی کە تا ساڵی ٢٠٠٣ بەردەوامبوو، هەروەها هەڕەشەی بەردەوامی هێزی عێراقیو شەڕی ناوخۆی کوردستان وایکرد کە کۆتا نەوەکانی جولەکەکان ناوچەکە جێبهێڵن.
هەرچەندە بەشی زۆری خانوو باڵەخانە مێژوویەکانی تایبەت بوون بەشوێنی نیشتەجێبوونی جولەکەکان تێکدراون، تا ئێستاش شوێنەواری چەند بینایەکی بەخشتی لەقوڕ دروستکراو دەبینرێن لەگەڕەکو کۆڵانەکاندا. یەکێک لەدوو کنێسەت(٦) کە لەسەردەمی ڕابردوو لەلایەن جولەکەکانەوە بەکارهێنرا بوون، لەئێستادا کراوەتە مزگەوت کە هیچ شوێنەوارێکی کۆنی ژیانی جولەکەکانی ئەو سەردەمەی پێوە دیار نەماوە. هەرچۆنێک بێت دیوارو ڕایەڵەی کنێسەتەکان لەسلێمانی باشتر ماونەتەوە لەچاو بەشەکانی تری کوردستان.
دووەم کنێسەتی مێژووی لەئێستادا کراوەتە شوێنی نیشتەجێبوون، بەهەمان شێوە دیوارو ڕایەڵەی بیناکە بەباشی ماونەتەوە. لەگەڵ چەند خانوویەکی تردا، هەروەها ئەو بینایەی کە پێشتر وەک هۆتێلێک بۆ مانەوەی جولەکەکان تەرخانکرابوو، وە میکفە(٧)، هەرچەندە تەنها حەوزو پێپلیکانەکان دیارماون. لەکوردستانو عێراقدا ئەمە شتێکی دەگمەنە کە لەهیچ شوێنێکی تر بەم شێوەیە پارێزگاری لێنەکراوە.
گۆڕستانی جولەکەکان لەبەشی باشوری گەڕەکی جولەکان بووە تا ساڵەکانی ١٩٧٠، تا ڕژێمی بەعس تێکیداو کردییە کوشتارگە (قەسابخانە). لە دوای راثەڕینی کوردستان لەساڵی ١٩٩١ کرایە شوێنی وەستانی پاسو دواتر کراوەتە تێرمیناڵی شارەزوور. لەباکورەوە بەشێکی فاملی مۆڵ پێکدەهێنن کە لەئێستادا پارکی مەولانایە، بەهەرجۆرێک لەئێستادا ناسینەوەی ئەستمەو هیچ نیشانەیەک ئاماژە بەوە ناکات کە پێشتر ئێرە گۆڕستانی جولەکەکان بووبێت.
ئەگەر نەزانیت کە تۆ لەجولەکانیت، ئەوا هیچ شتێکیش لێرەو لەگۆڕستانی جولەکان بەشارستانیەتو دانیشتوانی ئەو سەردەمەی ئەم ناوچەیەت بیرناهێنێتەوە. هیچ جۆرێک نووسراوو ڕێنیشاندەرێک دیارو بەردەست نیین، بەڵام هەرچۆنێک بێت یادی جولەکەکان تەنها لەناوی گەڕەکەکەوە (جولەکان) ناکرێتەوە، بەڵکو لەیادگەی دانیشتوانی ئێستایداو بەتایبەت ئەوانەی کە لێرە نەماونو کتێبەکانی میران ئەبراهامو یادگەی نەوەکانی جولەکەکانی شارەکەدا دەمێنێت.
سلێمانی ١: یەکێک لەدوو کنێسەتی ئەو سەردەمەی تایبەت بەجولەکەکان لەئێستادا مزگەوتە.
سلێمانی ٢: کنێسەتەکە لەئێستادا بەکاردەهێنریت وەک مزگەوت لەلایەن موسوڵمانەکانەوە.
سلێمانی ٣: ئەو بینایەی کە پێشتر وەک هۆتێلێک بۆ مانەوەی جولەکەکان تەرخانکرابوو.
سلێمانی ٤: کەنێسەتی دووەم وەک شوێنی نیشتەجێبوون بەکاردەهێنرێت.
سلێمانی ٥: میکفە لەجولەکان
سلێمانی٦: یەکێک لەدێرینترین شوێنی نیشتەجێبوونی جولەکەکان لەچارەکەی جولەکان.
سلێمانی٧: یەکێک لەدێرینترین شوێنی نیشتەجێبوونی جولەکەکان لەچارەکەی جولەکان.
سلێمانی ٨: بینایەکی داڕماوی تایبەت بەجولەکان لەچارەکەی جولەکان.
پەراوێزەکان:
١/ جولەکان: بەو گەڕەکانە دەوترێت کە لەڕابردوودا جولەکەکان تیایدا نیشتەجێبوون لەشاری سلێمانی
٢/ Cuinet 1892: 869 - کوینت
٣/ سەرژمێری گشتی ساڵی ١٩٤٧
٤/ Zakan2007:108 - زاکان
٥/ ئەبراهام، ٢٠١٩
٦/ کنێسەت: پەرستگای تایبەت بەجولەکەکان
٧/ میکفە: حەوزێکە لەشێوەی کانی-دا، بەچەند پلیکانەیەکدا دەچییە ناوی کە تایبەت بووە بەئافرەتانی جوولەکە تا لەدوای سوڕی مانگانە بەکاریبێنن
بایۆگرافی نوسەر:
تۆماس شمیدینجر، زانا ناسی سیاسی و کۆمەڵناس.
پڕۆفیسۆر و بەڕێوبەری بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانە لە زانکۆی کوردستان لە ھەولێر
سەرچاوە:
.میران ئەبراھام، ٢٠١٩، نیشتمانی سارا، ناوەندی کەپر
سەرچاوە : ئاوێنە