هانیە محەمەدی
ڕۆژی ٢٥ی نوڤەمبەر، ڕۆژی جیهانی خەبات دژی توندوتیژی دژی ژنان، تەنیا یەک ڕووداو نیە، بەڵکو هەنگاوێکە بۆ هەڵوێستەیەکە لەسەرشێوازو ئامرازەکانی فەرمی و کۆمەڵایەتی کە توندوتیژی دژی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە.. هەندێ لەحکومەتەکان زەبروهێز بە کاردەهێنن بۆ بەردەوام بوونی دەسەڵاتداری خۆیان. وەک ئەوەی لەگشت ئێرانا ڕوودەدات..توند وتیژی دژی ژنان تەنیا کێشەیەکی کۆمەڵایەتی نیە، بەڵکو بە شێوەیەکی گشتگیر بە سیاسەتە فەرمیەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی بووە بەیاساو بڕیار، کە ژنان بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئامانجی ئەم توندوتیژیەن، ژنان ڕوبەڕوی دەستگیرکردن وسزادان و ئەشکەنجەوچارەنوسی نادیار دەکاتەوە. ئەم وتارەم، توندوتیژی سیستماتیک، دژی ژنان لە ئێران دەخاتەپێشچاو وڕوون دەکاتەوە،کە چۆن «خەبات دژی توندوتیژی» ئەم مەبەستە جیهانیە بە چالاکیەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران پەیوەندیدارە. توندوتیژی دژی ژنان لە ئێران نەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، بەڵکو سیاسەتێکی فەرمیی حکومەتەکەیە. سیستەمی کۆماری ئیسلامی بە تێکەڵەیەیەکی یاسایی، ئایدئولوژیا و ئامرازەکان و دەستگاکانی سەرکووتکردن، توندوتیژی دژی ژنان لە هەموو بوارەکان، لە ژیانی تایبەتی و گشتی، بەرجەستەکردووە.
1. توندوتیژی یاسایی
یاساکانی کۆماری ئیسلامی،زۆربەی لە ئامرازە سەرەکیەکانی کۆنترۆڵکردنی ژنان پێک هاتوون. لە سەرکردنی سەرپۆشەوە تا جێ بەجێکردنی یاساکانی نایەکسانی خێزانی و مافی وەرەاسەو گەشتکردن و تەڵاق وسەرپەرشتی منداڵ..تاد هەمووی ئەوەڕوون دەکاتەوە کە سیستەمی یاسایی ئێران نەک یەکسان خواز نییە، بەڵکوو ئامڕازێکە بۆ بێ بایەخ کردنی مافی ژنان بە شێوەیەکی ناشیرین و شکاندنی پلە و پایەی ژنان لە کۆمەڵگەدا.
2. توندوتیژی کۆمەڵایەتی و ئەمنی
میکانیزمەکانی سەرکوتکردن وەک «گەشتی ئێرشاد» و ڕێکخراوە هاوتەریبەکان، کۆمەڵگەیەکی تۆقێنەرونائەمنیان بۆ ژنان درووست کردووە. ئەم توندوتیژییە بەرامبەر بە ژنان لە شەقام و زانکۆ و شوێنی کارکردن، شێوازێک لە نیشاندانی هێز و دەسەڵاتی حکومەتە کە دەیەوێت بەهەمووشێوازێک بەرگیری بکات لە بەشداربوون و چالاکی کۆمەڵایەتی ژنان بە شێوازێکی سەربە خۆ لە کۆمەڵگەدا.
3. توندوتیژی ئایدئولوژیکی
میدیاکان، سیستەمی پەروەردە، پرۆپاگاندەی حکومی و رێنوێنیەکانی فەرمی، ڕۆڵە داسەپێندراوە ڕەگەزییەکان سەر لە نوێ دەیسازێنەوە، بە شێوازێک کە ئەگەر ژنان بە پێچەوانەی ئەو ڕێنوێنییانە هەڵسووکەوت بکەن، بە چاوی «تاوانبار» یان «تێکدەر» دەبیندرێن.
ئایدۆلۆژی ڕەسمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ژن وەکوو دایک یان هاوژینێکی سنووردار دەبینێت کە هەوڵدانی ژنان بۆ سەربەخۆیی و چالاکی کۆمەڵایەتی وەکوو مەترسییەک بۆ دەسەڵاتداری خۆی پێناسە دەکات.
شۆڕشی ژنان "ژن-ژیان-ئازادی" دوای دەستگیرکردنی "ژینائەمینی" کچەکوردی خەڵکی کوردستان لە تاران لەسەر ڕووسەری وپاشان مردنی لەژێرئەشکەنجەدا لەتارانی پایتەختی ئێران بڵێسەی ئەو ئاگرەیە کە هەرگیز ناکۆژرێتەوە. شۆڕشی بەردەوامی ژنان لە ئێران، بە تایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوو، بووە بە یەکێک لە مەترسییە هەرە بەهێزەکان بەرانبەر بە رژیمی ئێران.
ژنان بە ناڕەزایی دەربڕینیان بەرانبەر بە "حیجابی" زۆرەملێ و هەروەها بەشداربوونی چالاکانەیان لە شۆڕشی ژینا لەگشت شارەکانی ئێران نەک تەنیا خواستی یەکسانی ڕەگەزی پیشان دەدەن، بەڵکوو بە شوێن ئامانجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان زۆرتر دەکەون. شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» نموونەیەکی زۆر جوان و بەهێزی ئەم خەباتەیە کە بە جوانی پیشان دەدات کە خواستی ژنانی ئێران، چاکسازی یاسای ڕووسەری نییە و لەڕاستیدا خواستی ئەوان چاکسازی بنەمایی و سەر لە نوێ داڕشتنی سیتمەکەیە. ژنان لە ئێران بە بەشداربوون لە خەبات و خۆپێشاندانەکان و هەر وەها بە چالاکیە مەدەنییەکانیان، نەک تەنیا خواستی خۆیان بەڵکوو هیوای ئازادی و یەکسانی بۆ هەمووان لە کۆمەڵگەی ئێرانیدا نوێنەرایەتی دەکەن.
چارەسەرەکان
۱)خەبات بۆ لابردنی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو سیستەمەی کە توندوتیژی دژی ژنان لە یاساکان و فەرهەنگ و سیاسەتی خۆیدا ئاوێتەی کردووە. چاکسازی لە حکومەتی سێدارەی ئێران بەکەڵک نایەت.بەڕای زۆربەی نەتەوەکانی کۆمەڵگەی ئێرانی لابردنی ئەو ڕژیمە یەکەم هەنگاوە بۆ سڕینەوەی ئەو توندوتیژییانە.
۲) چوارچێوە جێگرەکانی دیموکراتیک دوای سەرنگوون کردنی ڕژیم، دامەزراندنی یاسا نوێکان بە پێی یەکسانی ڕەگەزی و مافی مرۆڤەکان کە مافی ژنان بە دڵنیاییەوە یەکێک لە بنەماکانی ئەو یاسایانە ببێت.
۳) دامەزراندنی ڕێکخراوە مەدنییەکان و هەروەها نێودەوڵەتیەکان
ژنانی ئێران دەبێ دەستگەیشتن بە ڕێکخراوە مەدنییەکانی ناوخۆ و هەروەها نێوەدەوڵەتییەکان بۆیان ئاسان ببێت. ئەو ڕێکخراوانە پاڵپشتی لە قوربانیانی توندوتیژی دەکەن و دەبن بە دەنگی ئەو کەسانە لە سەرانسەری جیهان.
لە بیری نەکەین لەم کاتە کە دەنگە ئازادەکانی جیهان باسی توندوتیژی دژ بە ژنان دەکەن، حکومەتی ئێران سزای سێدارەی بە سەر هەردوو خانمی ئازای کورد "وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی سەپاندووە" بێدەنگی ئێمە بە واتای ئەرێ بۆ ئەو سزا نامرۆڤانەیە و هەروەها بەردەوامبوونی ئەو ڕژیمە بۆ دەستدرێژی کردنی زۆرترو خوێنڕڕشتنی ڕۆڵەو لاوەکانمان ..
با هەموومان پێکەوە ببین بە دەنگی ئەو ژنە بەجەرگانەی کە لەژوورەتاریکەکانی زیندانەکانی ئێران ژیانیان لە مەترسیدایە.