تورکیا و ئەگەری گەڕێکی دیکەی ئۆپراسیۆن!

 

   بڕوا ئیبراهیم

 

سەردانی ئەم دواییەی ئیبراهیم کالن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا(میت)، هەروەها دواتر سەردانی یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراك، سوپاسالاری تورکیا لەگەڵ شاندێکی سەربازی بۆ بەغدا و هەولێر، ئەگەری ئەنجامدانی گەڕێکی دیکەی شەڕی تورکیا هەیە بە قووڵایێکی زیاتر بۆ نێو خاکی هەرێم، کە ئێستا زەمینەسازی زیاتری کردووە، بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی (CPT)؛ تورکیا خەریکی دروستکردنی ڕێگایێکی ٩ کیلۆمەترییە، کە سەرجەم بنکە و بارەگاکانی ناحیەی کانی ماسێ بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دواتر پەیوەست دەکرێت بە تۆڕێکی تری ڕێگاوبان لە ناوچەی حەفتانین و قەزای باتیفا لە قەزای زاخۆ پەیوەستدەکرێت و پارێزگای جۆلەمێرگ لە باکوری کوردستان.

وادیارە بە گوێرەی ڕاگەێیندراوەکانی کۆبوونەوەی بەرپرسانی تورکیا لەگەڵ هەر شاندێکی بەغدا پرسی «ئاسایش» لای لایەنی تورکی و پرسی «ئاسایشی ئاو» لای شاندی ئێراقی زۆر سەرەکی بوون. لێرەدا تورکیا زۆر مەبەستییەتی کارتی ئاو وەک گوشارکردنی دیبلۆماسی بەکاربهێنێت بەرانبەر پرسی ئاسایش، واتە پارتی کرێکاران. تەنانەت بەرپرسانی تورکیاش لە گوتارەکانیان دڵنیایان کردۆتەوە لەسەر دوالیزمی ئەم پرسە. هەروەها جگە لە پرسی ئاسایش لای تورکیا و پرسی ئاو لای ئێراق، تورکیا هەوڵی ئەوە دەدات پڕۆژەی «ڕێگەی گەشەسەندن» (پڕۆژەیێکە بەندەری فاوی ئێراقی بە خاکی تورکیا دەبەستێتەوە بە تۆڕێکی ڕێگا و بانی فراوان) بە پرسی ئاسایشی سنورەکان و جەنگەکەی لەگەڵ پارتی کرێکاران ببەستێتەوە و وەک پێشمەرجی جێبەجێبوونی ئەم پڕۆژەییە دابنێت. 

لێرەدا پرسیارێک سەرهەڵدەدات؛ بۆچی تورکیا پەلەییەتی یاخود هەوڵێکی چڕی دیبلۆماسی دەدات وەک زەمینەسازیێک بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی فراونتر؟ 
تورکیا نزیکەی ماوەی چوار ساڵ دەبێت لە جەنگێکی سەخت و دژواردایە دژی کورد، میحوەری جەنگەکەی لە باشورەوە درێژدەبێتەوە بۆ ڕۆژاڤا، بەڵام لە میحوەری باشور  بە شێوەیێکی چڕتر و مەیدانیتر ڕاستەوخۆ کەوتۆتە جەنگەوە، بەڵام هەرچی لە ڕۆژاڤاییە لە ڕێگەی هێزە بریکارەکانی سەر بەخۆییەوە بەناوی حاڕەزی سوری  بە ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆ لە جەنگداییە دژی کورد. سوپای تورکیا لەو جەنگە سەختەی تێکەوتووە، پێویستی بە کاتێکی زووتر هەیە تا تەواوی بکات، سروشتی سوپاش وەکو گروپی چەکداری نییە، سوپا خەرجی زیاتری گەرەکە، ئەگەر دەستەوەستان بوەستێت قوربانی زۆریش دەدات، بەهۆی ئەو زەربەو و زیانانەی بەریدەکەوێت لە ئەنجانی جەنگی گەریلایی. مانگی ڕابردوو بەهۆی ئەو ئاستەنگە سروشتیانەی بوونە لەمپەر لەبەردەم هێزی ئاسمانی سوپای تورکیا، سوپای تورکیا لە میحوەری شەڕ کەوتە بەر هێرشێکی زەبر وەشێت، ئەمەش قوربانی گیانی سەربازەکانی لێکەوتووە، لەسەر ئاستی ڕای گشتی نێوخۆی تورکیاوە دەنگدانەوەی گەورەی دروستکرد، وورەی سوپای دابەزاندووە، حکومەت و پەرلەمانی ناچاری کۆبووونەوەی بەپەلە کرد. ئەگەر هاتوو تورکیا نەتوانێت ئۆپراسیۆنێکی فراونتر ئەنجامبدات بەرە بەرە سوپاکەی لە نێوان دووریانی «سەرکەوتن» و «شکست»، شکست دەهێنێت بە یەکجاری، ئینجا ناتوانرێت پێشبینی ئەوە بکەین تا چەند هەڵی سەرکەوتنی هەیە لەو ئۆپراسیۆنەی گەرەکیەتی ئەنجامی بدات، چونکە ئەمە پەیوەندیدارە بە زانیاری شاراوەکانی هێزی هەردوو بەرە (تورکیا و پەکەکە). بۆ ئەو مەبەستەش گەڕێکی گەرمی دیبلۆماسی دەستپێکردووە، هەم لەگەڵ ئێران و هەم لەگەڵ ئێراق وەک ئاماژەی پێکرا، لە سەردانی سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەنکەرە، لەسەر ئاستی لوتکە سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە پرسی ئاسایش کرد، بێگومان ئەمەش دەرخەری ئەوەیە تورکیا لەو جەنگە تاقەت پڕوکێنەی تێکەوتووە، هەوڵدەدات لێی دەرباز بيت، بەزوویی. 

مەترسیەکانی تورکیا بۆ سەر زۆنی سەوز 

ئەگەرهاتوو تورکیا لەو بەهارەدا ئۆپراسیۆن ئەنجامبدات وەک ئەوەی بەو شێوەییە فراوانەی بانگەشەی بۆ دەکات، ئەگەری هەیە زۆنی سەوزیش بگرێتەوە، ئەمەش زۆر بە ئاشکرایی بەرپرسانی تورکیا هەڕەشەیێکی لەو جۆرە دەکەن. سەڕەڕای ئەوەی تورکیا نزیکەی یەک ساڵ دەبێت گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ تورکیا قەدەغەکردووە، کارتێکی ئاسانی دەستی تورکیا بوو، کەچی هەر نەیتوانی مەرجەکانی خۆی بە تەواوی بسەپێنێت، کە ڵاوازکردنی چاڵاکییەکانی پەکەکە بوو لەو زۆنە و پچڕاندنی تەواوەتی پەیوەندی پەکەکە و یەکێتی بوو. 

 لە کۆبوونەوەی وەزیری بەرگری و سوپاسالاری تورکیا لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران، لەڕاستیدا بە سیفەتی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵیان کۆنەبوونەوە، بەڵکو زیاتر لە نوێنەری حیزبێک یاخود گروپێکی سیاسیی دەردەکەوت، لە زمانی جەستەی مەتین گوراکی سوپاسالار ووردبینەوە، بێزاریی پێوەدیارە لە کۆبوونەوەکە. ئێرانییەکان هەروەک چۆن هێرشی موشەکی و درۆنیان سەر دەڤەری زەرد، دەڤەری هەژموونی تورکیا بە بیانووی جۆربەجۆر، تورکیاش ئەگەری هەیە بە بیانووی پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ پەکەکە، دەکرێت هێرشی لە ڕێگەی هێزی ئاسمانییەوە بۆ سەر دەڤەری سەوز بن هەژموونی ئێران ئەنجامبدات!. لە ڕاستیدا ئەم بابەتانەی کە هەردوو لایەنی تورکی و ئێرانی بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەمە زیاتر وەکو پڕوپاگەندەی ڕاگەیاندنە، جەوهەری پرسەکە ململانێی جیۆپۆلتیکی ئەو دوو دەوڵەتەیە لەسەر خاکی کوردستان، بە ناڕاستەوخۆ دوو هێزە سیاسییەکە بریکاری بەرژەوەندییەکانی هەردوو دەوڵەتەکەن، هەندێک جار لە هەڵومەرجی هەڵکەوتوو خۆیان ڕاستەوخۆ پەیڕەوی لە ڕێسای ململابێیە جیۆپۆلتیکەکە دەکەن لە دەڤەری زەرد و یاخود سەوز. لە دوای ڕوودانی جەنگی ئیسرائیل - غەزە، لە ڕاستیدا میحوەری جەنگەکە لە نێوان ئیسرائیل - ئێراندایە، ڕۆڵی کارەکتەرە ئیقلیمەکان زیاتر بووە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان بە هەماهەمگی و ڕێکەوتن لەگەڵ کارەکتەرە ئیقلیمیەکان ئیدارەی ناوچەکە دەکەن. ئێران و تورکیا خۆیان پێ دوو زڵهێزی ئیقلیمەیە، هەر یەکەو پڕۆژەی خۆی هەیە بۆ ناوچەکە، زۆرجار پڕۆژەکانی ئەو دوو هێزە گەورەیە لە هەندێک ناوچەی جێ هەژموونی ئەو دوو دەوڵەتە بەریکدەکەوێت، ئەگەر بتوانن لە ڕێگەی هێزە بریکارەکانی خۆیانەوە یەکلایدەکەنەوە، ئەگەرنا ڕاستەوخۆ خۆیان تەداخولی دەکەن، ئێمە چەندین دەستێوەردانی سەربازی ڕاستەوخۆی ئەو دوو دەوڵەتە دەبینین.

 

 

سەرچاوە : خەندان