ته نها سێ گۆرباتشۆف

ڕاهاتووم ڕۆژانه‌ کاتژمێر 9ی به‌یانیان کاتژمێره‌ بایۆلۆجیه‌که‌م به‌‌ئاگام ئه‌هێنێته‌وه‌. یه‌کشه‌می رابردوو 9:15 چرکه‌ به‌‌ئاگا بوومه‌وه‌ و هه‌ر وه‌ک ڕۆژانی تر پێش هه‌موو شتێک ده‌رگای به‌له‌کۆنه‌که‌م کرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانم هه‌وای ده‌ره‌وه‌ چۆنه‌ و له‌شم رابێنم له‌گه‌ڵ پله‌ی سه‌رماکه‌ی ده‌ره‌وه‌، سارد بوو، نه‌متوانی زیاتر له‌ دوو سێ خووله‌ک بمێنمه‌وه‌، هاتمه‌وه‌ ژوره‌وه‌ و ده‌رگاکه‌م داخست، له‌ چێشتخانه‌که‌ به‌یانی باشم کردو خێزانه‌که‌م وتی، ‌‌مقتدی صدر و نێچیرڤان بارزانی  کۆ بونه‌ته‌وه‌ و ئه‌ڵێن گوایه‌ صدر ئه‌م شه‌و ئیمامی عه‌لی هاتووه‌ته‌ خه‌وی و وتویه‌تی کورد چی ئه‌وێت بۆی بکه‌ن و ئیتر به‌سه‌ چیتر ئه‌م دووبه‌ره‌کی و کوشتن و بڕین و ماڵ  وێران کردنه‌ی که‌ به‌سه‌ریانتانا هێناوه‌ به‌ درێژایی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ با ببڕێته‌وه‌ و کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئه‌وانیش وه‌ک هه‌مووان ببنه‌وه‌ به‌ خاوه‌نی ئه‌و خاکه‌ی لێیانتان داگیر کردووه‌ و با چیتر ئه‌م ماف زه‌وت کردنه‌ نه‌مێنێت وای پێ ووتم و منیش ده‌س به‌جێ چوومه‌ لای ته‌له‌فزیۆنه‌که‌ و دام گیرساند له‌ سه‌ر که‌ناڵی  رووداو. صدر و نیچیرڤان به‌یه‌که‌وه‌ بوون و صدر ئاڵای کوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبوو و زۆر به‌ شانازییه‌وه‌  ماچی کرد و سه‌ری هه‌ڵبڕی وبه‌ نێچیرڤانی وت، من پاش ئه‌وه‌ی که‌ دوێنێ فه‌رمانی ئیمامم  پێ کرا که‌ وه‌ک برایه‌کی دڵسۆز بۆ ئه‌م میلله‌ته‌ به‌ ئه‌مه‌ک و زۆرلێکراوه‌ ببم به‌ پشت و به‌وپه‌ڕی  به‌رپرسیارێتیه‌وه‌ داکۆکی له‌وه‌ بکه‌م که‌ به‌ زووترین کات وڵاتی کوردستان ڕا بگه‌یه‌نم، بۆ ئه‌و کاره‌یش ئێستا به‌ره‌و وڵاتی تورکیا به‌ڕێ ئه‌که‌وم بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگان دابنیشم و تاوتوێی  ئه‌و به‌شه‌ی باکوریش بکه‌ین، صدر باوه‌شی به‌ نێچیرڤان کرد و له‌ پلیکانه‌کانی فڕۆکه‌که‌ چووه‌ سه‌ره‌وه‌ و وه‌ک پێزانین و به‌رز ڕاگرتن له‌ ده‌رگای فڕۆکه‌که‌ ده‌ستی خسته‌سه‌ر سنگی و چووه‌ ژووره‌وه‌ . بێژه‌ره‌که‌ی رووداو ، خۆشه‌ویستان سه‌رۆک وه‌زیران به‌ره‌و تورکیا به‌ڕێ که‌وت له‌گه‌ڵمان بمێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دوایین ورده‌کاری و پێشهاته‌کانتان  یه‌ک به‌ یه‌ک پێ ڕابگه‌یێنین.
بۆ ماوه‌یه‌کی دواتر و له‌سه‌ر زاری که‌ناڵی ئالحرە عراق‌ ، گووایه‌ که‌ صدر گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌نکه‌ره‌ و له‌ دیداره‌که‌ی  ئه‌ردۆگان  ده‌س به‌جێ  پێ ی وتووه‌  بۆ کارێکی یه‌کجار مرۆڤانه‌ هاتووم و ئه‌ردۆگان پێی وتووه‌ ئه‌زانم بۆچی هاتوویت و شه‌وی ڕابردوو پێغه‌مبه‌ر هاتووه‌ته‌ خه‌وم و ڕای سپاردووم له‌گه‌ڵ به‌ڕێزت و به‌ڕێز خاته‌می و هه‌موو شه‌ریفه‌کانی  ده‌وروبه‌رمان هه‌وڵ  بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا ده‌وڵه‌تی  کوردی  ڕا بگه‌یێنین و هه‌ر چوارپارچه‌ زه‌وت کراوه‌که‌ی که‌ سه‌ده‌یه‌که‌ به‌ تاڵان بردوومانه‌ و هه‌رچی باشه‌ تیایدا بۆ خۆمان بووه‌ و به‌شی کوردانیش هه‌ر تاڵی و ناسۆری بووه‌ به‌ ده‌ستمانه‌وه‌ به‌ هیممه‌تی هه‌ر سێ لا،مه‌به‌ستم له‌ سێ لا خۆمانه‌ چوونکه‌ به‌شار هیچی به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌ ،سوارچاکانه‌ و مه‌ردانه‌ ماف بگێڕینه‌وه‌ بۆ خاوه‌ن ماف وئه‌و برایانه‌شمان چیتر قڕ نه‌که‌ین له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خۆمان ، ئه‌وه‌ی ڕاسپاردم و دووپاتیشی کرده‌وه‌ وتی ئه‌ردۆگان کوڕم تۆخۆت نه‌وه‌ی منیت وئه‌زانم چه‌ن په‌رۆشی دادپه‌روه‌ری ومرۆڤایه‌تیت بۆیه‌ ئه‌م کاره‌ت پێ ڕائه‌سپێرم.
ئه‌ردۆگان به‌ صدریووت هاتنه‌که‌ت زۆر دڵخۆشی کردم و هه‌رچی زووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی راسپارده‌که‌مان وه‌ک دوو سه‌رکرده‌ی موسولمان و باوه‌ڕپێکراو و فه‌رمان  پێکراوی ئه‌و که‌سه‌ پیرۆزانه‌ به‌جێ بگه‌یه‌نین پێم باشه‌ هه‌ر ئێستا به‌ره‌و تاران بکه‌وینه‌ ڕێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م کاره‌ پیرۆزه‌ به‌ رەیسی بڵێین و له‌و بڕوایه‌دام که‌ ئه‌گه‌ر بزانێت فه‌رمانی پێغه‌مبه‌ره و عەلیە ئه‌ویش هیچ لاریه‌کی نه‌بێت له‌ کاره‌که‌مان. له‌ تاران ئیبراهیم رەیسی به‌ پێشوازیه‌کی گه‌رمه‌وه‌ وتی صدر بڕوا بکه‌ هه‌ر له‌ هه‌مان ئه‌و کاته‌ی که‌ ئیمام هاتووه‌ته‌ خه‌وت ئه‌و شه‌ره‌فه‌ی به‌ منیش به‌ خشیوه‌ و ئه‌و کاره‌ی که‌ تۆو ئه‌ردۆگان بۆی هاتوون به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ منیش وتراوه‌ وفه‌رمانی خۆشه‌ویستانی خودا له‌ سه‌رووی هه‌موو کارێکه‌وه‌یه‌ و کێ ئاره‌زوو ناکات خاوه‌ن ماف شادبێته‌وه‌ به‌ مافی خۆی، بڕواتان هه‌بێت له‌و کاته‌وه‌ی که‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌م وڵاته‌م وه‌رگرتووه‌ شه‌و نییه‌ له‌ بیری ئه‌وشته‌ نه‌بم و ئاماده‌کاری نه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی قڕ کردن و کوشتن و بڕینی ئه‌م میلله‌ته‌ به‌سته‌زمانه‌ کۆتایی پێ بێنم ، ئێ خۆ ئه‌وانه‌ی پێش خۆمان هه‌ستیان به‌وه‌ نه‌کردووه‌ و خواو مرۆڤایه‌تیان له‌به‌ر چاو نه‌گرتووه‌ به‌ڵام ئێمه‌ بۆ؟؟ ئاڵاکه‌یان ئاماده‌یه‌ و خاکه‌که‌شیان سێ پارچه‌ی لای ئێمه‌ و چواره‌میش هه‌ر زۆر ئاسانه‌ با ناوی خوای لێ بێنین به‌ هیممه‌تی شه‌ریفان. 
هه‌ستم به‌ موچوڕکه‌یه‌ک کرد و سه‌رمای بالکۆنیه‌که‌ خه‌یاڵه‌که‌می پچڕاند و دوو هه‌ناسه‌ی ساردم هه‌ڵمژی و هاتمه‌ ژووره‌وه‌ و به‌یانی باشم له‌ خێزانه‌که‌م کرد و دانیشتم و له‌به‌ر خۆمه‌وه‌ ئه‌مووت ته‌نیا سێ گۆرباتشۆف پێویسته‌، ته‌نیا سێ گۆرباتشۆف.

هیوا عبدولڕه‌حمان به‌زاز