ترس لە هێزی نەرم

ترس لە هێزی نەرم

 

 

 

نما ناوپردانی

هێزی نەرم لە کاری دبلۆماسیدا واتە:  توانای کاریگەری دانان لەسەر ئەوانی تر و ڕاکێشانیان بەلای خۆتدا، لە ڕێگای هونەری، فەرهەنگی، وەرزشی و زۆر لایەنی ترەوە، ڕێک پێچەوانەی تیۆرییە کلاسیکەکانە، کە پێیانوایە لە ڕێگەی هێزی سەربازی و ئابوورییەوە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئەوانی دیکە دەدەن.

یەکێتی ئەوروپا، یەکێک لە نمونە هەرە دیار و زیندووەکانی ئێستایە، توانیویەتی لە ڕێگەی دبلۆماسیەتی هێزی نەرمەوە، گەشەسەندنێکی زۆر بەخۆیەوە ببینێت، بەتایبەتیش لەدوای پڕۆژەی مارشاڵەوە ئەوروپا هەنگاو بە هەنگاو لەو بوارەدا لە درەوشانەوەدا بووە.

ئێستاش زۆرێک لەوانەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانیان مۆنۆپۆل کردووە، بەدەرن لە  ئاگاییە سەردەمییەکان کە ڕۆڵ و کاریگەری گرنگیان هەیە، لە پێشخستنی وڵات و کۆمەڵگە، بەتایبەتیش هێزی نەرم.

بۆ نمونە:  وەرزش، لەنێو وەرزشەکانیشدا یاری تۆپی پێ بووەتە وەرزشێکی جیهانی و ئەوپەڕی کاریگەر لەبوارە جیاوازەکاندا،  زۆر وڵات هەیە ئەگەر تۆپی پێ نەبوایە هەرگیز ناویشمان نەدەزانی و تۆپی پێ بووەتە ناسنامەیان، چ جای کۆمەڵێک یانە و پاڵەوانێتی جیهانی، بەکورتیەکەی تۆپی پێ سەرەکیترین بابەتی ژیانی ڕۆژانەیە کە گفتوگۆی زۆری لەبارەوە دەکرێت و تەماشای یارییەکانی دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی لە هەموو کوچە و کۆڵان و گوندێکدا ئەنجام دەدرێت.

تۆپی پێ، لە ئێستادا سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری ئەو وڵاتانەیە کە پاڵەوانێتییەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت، بۆ نمونە ساڵی ٢٠٢٢، پێنج خولە گرنگەکەی ئەوروپا بڕی پێنج بلیۆن یۆرۆیان خستۆتە گەڕ بۆ وەرزێک، لەکاتێکدا دەیان خولی بەهێزی تریش هەن .

یاریگای یانەی نەورۆز  و سلێمانی

لەدوای ڕاپەڕینەوە، یەکێک لە شتە هەرە باش و جوانەکانی پێشکەشی ئەو شارە کراوە، یاریگای نەورۆزە، ڕێک دەڵێی بە باڵای سلێمانی بڕدراوە، ئامادەبوونی هاندەران و وەرزش دۆستان لەکاتی ئەنجامدانی یارییەکان، پەیامێکی ڕوونە کە ئەوشارە گەرەکییەتی لەگەڵ ڕەوتە سەردەمییەکەدا ڕێ بکات و نەفەسی تازە ببەخشێتەوە بە جوانییەکانی شار و  کۆی گشتی هەرێمی کوردستان، کە کاریگەری لەسەر کەرتی گەشتیاریش هەیە، دەکرێت لە داهاتووشدا ئەوشارە بکەوێتە سەر نەخشەی تۆپی پێی ئاسیا و نێودەوڵەتی.

لە سنوری شارەوانی سلێمانیدا، چەند مردوویەک هەن، زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانیان داگیرکردووە، بە مەزەندە هەزاران دۆنم دەبێت، جگە لە تێکدانی چەندین شوێنی تر بۆ کەرتی بازرگانی تایبەتی بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکانی سلێمانی، بۆ نمونە : باخی بەختیاری، دەروازەی تاسلوجە و ڕاپەڕین، بەرزاییەکانی گۆیژە، زەوییەکانی بەکرەجۆ و زۆری تر، هەموویان بە نایاسایی داگیرکراون و شارەوانی متەقێکی لێنەهاتووە.

هەر لەو سلێمانییە، شوێنێک هەیە پێی دەڵێن گوندی ئەڵمانی، لە ماستەرپلاندا گوندی یەک و دووی ئەڵمانییە، هاتوون لە سەوزایی گوندی یەک و دوودا گوندی ئەڵمانی سێشیان درووستکردووە، لە ئێستادا بەشێکی سەرەکی دانیشتوانی گوندی ژمارە سێ، بەرپرسە باڵاکانی حزب و حاکمە خەرسیوەکانن، کەچی هاتوون بە بیانووی ماستەرپلان و سەوزاییەوە، دەیانهەوێت جوانترین دیاری و سیمای شاری سلێمانی و کوردستان تێکبدەن، لەپێناو ئەوەی بیکەنە ئازارشکێنێک بۆ هەندێک دەسەڵاتداری نەخۆشی سیاسی، کە نە دەزانن لە چ سەردەمێکدا دەژین و نە دەشزانن چۆن خۆیان لەوگێژاوە دەرباز بکەن کە تێیکەوتوون.

سەرچاوە : هاوڵاتی