ترسی ئەڵمانی و هەڵبژاردنی بۆندستاگ

 

 

 

یان ئیلهان کزڵهان
د.یان ئیلهان کزڵهان

 

 

لە 23ی شوباتی 2025، ئەڵمانیا پەرلەمانی فیدراڵیی (بۆندستاگ) نوێی خۆی هەڵدەبژێرێت. ئەم هەڵبژاردنە زیادبوونی لایەنگرانی پارتی راستڕۆی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AfD) دەردەخات. هەڵکشانیان ئەنجامی گوتاری هەستیار و هەڵمەتی نەژادپەرستی دژی کۆچبەرانە. ئەم ستراتیجانە لەگەڵ بەشێکی بەرچاوی دانیشتووان یەک دەگرنەوە، کە رەنگدانەوەی ئەو ترسە قووڵانەیە کە چەندین سەدەیە شێوازی بیرکردنەوەی ئەڵمانییەکانی دیاریکردووە. بەڵام ئەم ترسە گەورەیە لە "ئەوانی دیکە" لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ دەستەواژەی نێودەوڵەتی "ترسی ئەڵمانی" یارمەتیمان دەدات ئەم دیاردە مێژوویی و هەستیارییە تاوتوێ بکەین.

ئەم ترسە بەرفراوانە پەیوەندییەکی قووڵی بە مێژووی ئەڵمانیاوە هەیە کە پڕە لە شەڕ، قاتوقڕی و نەخۆشی. یەکێک لە قۆناخە هەرە وێرانکەرەکان شەڕی سی ساڵەی (1618-1648) بوو. لەم ماوەیەدا، نزیکەی 45٪ی دانیشتووانی ناوچە ئەڵمانزمانەکان مردن - نەک تەنیا لە شەڕ، بەڵکو بە نەخۆشی وەک تیفۆ و پەتا، هەروەها بەشێكیان بەهۆی برسێتیی بەرفراوانەوە مردن. ئەم وێرانکارییە تەواوی ناوچەکانی وای لێ کردن بە کەڵکی ژیان نەیەنەوە. رزگاربووان ئەم کۆستەیان بۆ چەندین نەوە لەگەڵ خۆیان هەڵگرت. ترس لە "سەربازە بیانییەکان" کە ئاژاوە، مەرگ و نەخۆشییان دەهێنا، بووە بەشێک لە یادەوەریی کۆمەڵە و بڕوای ئەوەی دروستکرد کە دەرەکییەکان هەڕەشەی گەورەن. 

ئەم ترسە بە تێپەڕبوونی کات نەڕەوییەوە. قەیرانە دووبارەبووەکان، ململانێی ئایینی، دابەشبوونی ئەڵمانیا بۆ دەوڵەتی بچووک، دوو جەنگی جیهانی و دابەشبوونی بەسەر رۆژهەڵات و رۆژئاوا، هەستی نائارامی بەهێزتر کرد. ئەم رووداوانە بوونە هاندەری هەبوونی بیری وریابوون و کۆنترۆڵکردن، چونکە بڕوای ئەوەیان لا دروستبوو کە ئاسایش تەنیا لە رێگەی دیسپلین و گۆشەگیرییەوە بەدەست دێت. دەوڵەتی پرۆسیا، کە بە سرووشتە سەربازییەکەی ناسرابوو، هێمای ئەم ستراتیجی مانەوەیە بوو. سەرەڕای هەوڵەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش لە رێگەی سیستمی توندوتۆڵەوە، ئەڵمانەکان بەردەوام رووبەڕووی ئاڵۆزی بوونەتەوە. دوای هەردوو جەنگی جیهانی، بەشەکانی وڵات لەلایەن هێزە بیانییەکانەوە داگیرکران و کۆنترۆڵکران کە هەستی بێدەسەڵاتی قووڵتر کردەوە.

لە سەدەی بیستەمدا، ئەم برینە مێژووییانە لە شێوەی نوێدا دەرکەوتنەوە. چاکبوونەوەی ئابووری و جیهانگیری هەستی قووڵی لاوازبوونی نە سڕییەوە. بە پێچەوانەوە، هەستی بێمتمانەیی و بێدەسەڵاتی بەردەوام بوو. ئەمڕۆ، ئەم هەستانە زۆر جار وەک ترس لە کۆچ و گۆڕانی کولتووری دەردەبڕدرێن. نیگەرانییەکان لەبارەی تیرۆر، کێشە ئابوورییەکان و ململانێی کۆمەڵایەتی لەلایەن گرووپە سیاسییە راستڕۆکانەوە گەورە دەکرێن، کە ئەم ترسانە بەکاردەهێنن بۆ پێشخستنی ئەجێندای خۆیان. ئەوان پەنا دەبەنە بەر ترسێکی کۆن و قووڵ: ترسی لەدەستدانی سەقامگیری، ناسنامە و ئاسایش.

لەم نێوەندەدا تێگەیشت لە "ترسی ئەڵمانی" زۆر گرنگ دەبێت. بە پێچەوانەی نەتەوەکانی دیکە کە ناسنامەی خۆیان لە رێگەی سەرکەوتنەکانیان دروست دەکەن، ئەڵمانیا زۆر جار خۆی لە رێگەی چیرۆکی دۆڕان و قوربانیبوونەوە پێناسە دەکات. ئەم پێداگرییە لەسەر خۆدوورگرتن لە هەڵەکانی رابردوو بووەتە هۆی چالاکی و خۆڕاگریی وڵاتەکە. هەرچەندە لە هەمان کاتدا بووەتە هۆی حەزکردنێکی زیاد لە پێویست بە هەبوونی کۆنترۆڵ و دوودڵی لە قبووڵکردنی گۆڕان و فرەچەشنی.

بۆ تێپەڕاندنی "ترسی ئەڵمانی"، ئەڵمانیا دەبێت لەگەڵ مێژووی خۆی ئاشت ببێتەوە. ئەمەش واتای لەبیرکردنی رابردوو نییە، بەڵکو تێگەیشتنە لێی بۆ ئێستا. هەرچەندە مێژوو وانەی گرنگمان فێر دەکات، بەڵام مانەوە لەسەر ترسە کۆنەکان تەنیا دابەشبوون و دابڕان زیاتر دەکات. سیاسەتڤانان و کۆمەڵگە دەبێت جەخت لەو دەرفەتانە بکەنەوە کە فرەیی و کرانەوە دەیانڕەخسێنن. جیهانی جیهانگیری بێ ئاڵنگاری نییە، بەڵام دەرفەتی زۆریش دەڕەخسێنێت بۆ گەشەکردن و داهێنان و پێشکەوتنی هاوبەش.

داهاتووی ئەڵمانیا لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکدایە کە لەبری پەراوزێخستن، بایەخ بە لەخۆگرتن بدات. ئەمەش واتای بەهێزکردنی رێزگرتن و بەرپرسیارێتیی هاوبەشە، کە جیاوازییەکان وەک خاڵی بەهێزی ببینرێن نەک هەڕەشە. بە دانپێدانان بە ئازاری مێژوویی بەبێ ئەوەی رێگە بدرێت کۆنترۆڵی ئێستا بکات، ئەڵمانییەکان دەتوانن روانینیان بگۆڕن. ترس لە "ئەوەی دیکە" دەکرێت بە پەرۆشبوون و یەکترقبولکردن بگۆڕدرێتەوە و رێگە بۆ کۆمەڵگەیەکی یەکگرتووتر و کراوەتر خۆش بکات.

کۆمەڵگەی کورد، بە 1.5 ملیۆن ئەندامەکەیەوە لە ئەڵمانیا، نموونەیەکە لەسەر سەرکەوتنی یەکگرتن. لە رێگەی بەشداریکردنی چالاکانە لە پارتە دیموکراتییەکاندا، کورد ئامادەیی خۆی بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگەی ئەڵمانی دەردەخات. هەرچەندە، زۆرینەی دیموکراتی ئەڵمانیا دەبێت هەڵوێستی بەهێز لە دژی هەموو شێوەکانی رەگەزپەرستی وەربگرن. دەبێت دەنگیان لەم هەڵبژاردنەدا بەرز بکەنەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئایدۆلۆژیا تاریکەکانی نازیزم و توندڕۆی راستڕۆ لە رابردوودا دەمێننەوە. بە رەتکردنەوەی ترس و پەراوێزخستن، ئەڵمانیا دەتوانێت باوەش بە داهاتوویەکدا بکات کە لەسەر هاوکاری، فرەیی و پێشکەوتن بنیاتنرابێت.

کاتێک لێکدانەوەی خۆم دەکەم، ناتوانم بیر لەوە نەکەمەوە کە چۆن وڵاتانی وەک تورکیا، سووریا، عێراق و ئێران مامەڵە لەگەڵ گەلی کورد دەکەن، ئەو گەلەی کە بە قووڵی لەم خاکانەدا رەگی داکوتاوە، بەڵام زۆر جار وەک بێگانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بەڵام ئەوە چیرۆکێکە بۆ کاتێکی دیکە.

سەرچاوە : ڕووداو