مانی ئاورین
بەیادی بیرمەندی مەزنی سەربەخۆییخواز، دوكتۆر جه‌لال حاجی زاده ناسراو به ڕامان..
بیرمه‌ندی به‌توانای كورد بەشێکی گەورەی ژیانی خۆی بۆ ساغكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدان به هزری كوردستانیبوونی نه‌ته‌وه‌ی كورد و داته‌كاندنی له وه‌هم و وه‌ژاره‌ی ئێرانی‌بوون ته‌رخان كردبوو. له‌م پێناوه‌دا له بواره‌كانی زمان، مێژوو و ڕامیاریدا به قووڵی ورد ببۆوه و هه‌موو هزر و ڕامانی به‌توانای خۆی بۆ هزرین و توێژینه‌وه له پێناو ده‌رخستنی ڕاستییه‌كان و گه‌شه‌پێدانی خوێندنه‌وه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه له ئاخێزگه‌ی شوناسی كورد و بەكوردستانیكردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی دانابوو، كه ڕێك و ڕاست به‌ستێنی سه‌ره‌كی نه‌ته‌وه‌سازییه.
ڕامان زۆر بوێرانه ده‌ست ده‌باته ناو تێگه‌یشتنی ئانتۆلۆژیك له پرسی كورد و چییه‌تیی كوردبوون و به گژ «نواندنه‌وه‌ی فۆڕمی كوردی له قه‌واره‌ی كوردایه‌تی»دا ده‌چێته‌وه و كوردایەتی وه‌ك «شێوازێك له تێگه‌یشتن و ڕامان و شێوه‌یه‌ك له سه‌بكی ژیان» پێناسه‌ی ده‌كا كه «گوزارشی واتایه‌ك له بوون ده‌كات» واتا كوردایەتی به ڕه‌هه‌ندێكی هزری و فكری ده‌زانێت.
ئه‌وه بەرده‌بازی سازکردنەوەی «خۆ»یه‌كی نوێی كوردییه كه كورد نەک هەر له بنه‌ڕه‌تدا له بێناسنامه‌یی ده‌رده‌هێنێ، بەڵکوو دینامێکیکی وەها سێمانتیک و پێوەندە لە هزری کوردی سەردەمدا داده‌ڕێژێته‌وه کە کەسێتی ئاگا، وشیار، هێزمەند و پتەوی لێ دەئافرێنێت. کاتێک کە ڕامان چه‌مكی «كوردمه‌ندی» ده‌ئافرێنێ و پێدادەگرێ لەسەر جێگۆڕکێی کوردایەتی لەگەڵ کوردمەندی لە فۆڕمی نواندنەوەی كوردبوونێتی لە قەوارەی کەلەپووریی و هەستیی فەرهەنگی دەکا و ئه‌مه بە فۆڕمەندی ناوی دەبات، نیشان دەدا کە چۆن لە تێگەیشتنی فەلسەفە سیاسییە ناکوردییە هاوردەکاندا کوردستانیبوون وەک هزرێکی سێمانتیك-كاگنیتیڤ بزر دەبێت.
ڕامان لە پێناسەکردنەوەی کوردایەتیدا وەک ڕەهەندیکی هزری و فکری، خۆنواندنی ئەم ڕەهەندە لە قەوارەی شێوازێک لە تێگەیشتن و ڕامان و شێوەی ژیان کە بنەچەی ئانتۆلۆژیی کوردی دادەڕێژێت کە هێرمۆنێتیکی ئەم پارادایمە/سەرچەشنە دەبێتە كوردبوون وەک هه‌بوونێكی هزری له ناو خودی مرۆڤی كورد كه نه‌بوونهه‌ڵگر نییه. واتا ناوئاخنی دەروونیی کورد بریتییە لە کوردبوونێتی بەواتای هەبوون، و کوردنەبوون ڕێک و ڕاست واتا یەخسیری لە کیانی نەبوونێتیدا. ئەم تێگەیشتنە کوردبوونێتی و ئازادبوون لە ناخ و دەروونی یەکتردا ئاوێتە دەکا و کوردێکی ئازاد و ئازا دەزێ لە بازنەی هزری کوردستانیبووندا هەر وەک ڕامان خۆی.
ئه‌م ڕه‌هه‌نده له كوردبوونێتی ئاراسته‌یه‌كی نوێ به ناسنامه‌خوازیی كوردی ده‌به‌خشێ كه تێڕامان و توێژینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه دەخوازێ بۆ وەژینی و زایینەوەی قوتابخانه‌یه‌كی نوێی کوردستانیبوون، کوردستانیبوونێکی بەئاگا، هۆشیار و هێزمه‌ند؛ كارێك كه ڕامان خۆی وەک ئەویندارێکی فیدایی تێدا نوقم کردبوو و بە خامەی تیژی، جلک و داپۆشی تەوژماوی ناڕاستییەکانی دادەڕی. لەسەر بناغەی کوردستان وەک هەقیقەتێکی ڕەبەق و لەسەر بنەمای هزری فەلسەفی، ڕامان بەستێنێکی نوێی بۆ هزری کوردستانیبوون داڕشتووه کە ڕێڕەوێکی ڕێک و ڕەوان بۆ نەتەوەسازیی کوردستانی دەکاتەوە کە خۆیشی لە دوایین ساتەکانی ژیانی دەبوو بە کۆڵەکەی سەرەکی ئەم گەڵاڵەیە، بۆیە پێشکەش کردنی گەڵاڵەی نەتەوەسازی بە دەزگایەک کە لەسەر بناغەی هزری ڕامان دابمەزرێت، بچووکترین ئەمەگێکە کە ده‌بێ خەڵاتی گیانی پیرۆزی بکرێته‌وه.
هەرچەن داژه‌ی مه‌رگی داگیركه‌ر جەستەی ڕامانمان لێدەستێنێت، بەڵام ئێمە وەک کوردی سەردەم، زایینەوەی هزری ڕامان لە جەستەیەکی مەزنتردا دێنینە دی و دەردەخەین کە هەرمانیی هزریی ڕامان و بیرمه‌ندان و نوخبه‌كانمان مەزنترە لە مەرگ، و لە ڕاستیدا ئەو مەرگە دەبێ بە هه‌وێنی وەژین و زایینێکی مه‌زنتری هزری ئازاد و ئازای كوردایه‌تی له به‌رگێكی نوێ‌دا، به فه‌لسه‌فه‌یه‌كی به‌هێزتر، به ڕێكار و مێتۆدۆلۆژی كاراتر، به ناوه‌ڕۆك و تێئۆری هێزدارتر، به په‌یكه‌ربه‌ندی و هه‌یکەلەی پته‌وتر په‌ره به هزری ڕامان و هه‌ر هزرێكی دیكه‌ی كوردستانی بدات كه ببن به به‌ردی بناغه‌ی داڕشتنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی قوتابخانه‌ی كوردستانیبوون به شێوازێكی نوێ كه نه‌ته‌وه‌سازیی كوردستانی ئاسان بكاته‌وه.
یادی ئازیزی ڕامان هەرمان بێ...