بە ڕوونی

 

    کاوە مەحمود

 

 خوێندنەوەیك  بۆ سیاسەتی نوێی ترامپ لە بواری بازرگانی نێودەوڵەتی

بەشی یەكەم/ 

هەنگاوەكانی دوناڵد ترامپ بۆ داڕشتنەوەی سیستمی بازرگانی نێودەوڵەتی، لە ڕێگای زیادكردنی ڕێژەی كومرگ لەسەر كاڵای هاوردە لە سەرجەم دەوڵەتانەوە بۆ ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ڕەنگدانەوەی ئارەزوویەكی سەركێشانەی حوكمرانێك نییە، كە بە كۆدەتای سەربازی هاتبێتە دەسەڵات لە وڵاتێكدا دامەزراوەكان‌و سەنتەرەكانی توێژینەوە‌و ناوەندە ئەكادیمییەكان بوون‌و ڕۆڵی یەكلاكەرەوەیان نەبێت. 

لە هەمان كاتدا ئەو هەنگاوانە زێدەی خەونێك نییە، كە ترامپ بە شەو بینیبێت‌و بیەوەێت بە ڕۆژ پەیڕەوی بكات‌و، لە كۆتاییدا بە بریارێكی تاكە كەسێك دابنرێت كە لە ئابووری نازانێت‌و پرس بە كەس ناكات.
 

بابەتی زیادكردنی كومرگ بەو جۆرەی ڕاگەیەنرا، سیاسەتێكی ئابووری نوێیە لە چوارچێوەی هەوڵدان‌و كاركردن بۆ پاراستنی سەرمایەداری دارایی هاوچەرخ‌و، مانەوەی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وەك تاكە جەمسەری خاوەن هەژموون لەسەر ئابووری جیهاندا.

كاركردن بۆ ئەم سیاسەتە‌و سەرەتاكانی بۆ یەكەمین خولی ترامپ لە سەرۆكایەتی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە‌و، لە بانگەشەی دوا هەڵبژاردنیش ئاماژەی بێكرا‌و، چەندین مانگە ئاماژە بۆ ووردەكارییەكانی ئەم سیاسەتە كراوە.
 

لە بانگەشەكردن بۆ ئەم سیاسەتە‌و بڕیاڕی زیادكردنی گومرگ بەو ڕێژەیەی ڕاگەینرا، ترامپ ئەو سیاسەتەی بە شۆڕشێكی ئابووری‌و چارەسەرێكی مێژوویی دانا بۆ گەڕاندنەوەی كۆمپانیا‌و سەرمایە بۆ ئەمەریكا‌و، نیشتەجێكردنی كەرتی پیشەسازی لەو وڵاتە‌و، پەیداكردنی ملیونەها هەلی كار‌و، لە هەمان كاتدا بە چارەسەرێك بۆ دیاردەی لە مێژینە‌و مەترسیداری كورتهێنانی دارایی لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.
 

ئەم سیاسەتە نوێیە‌و دانانی ڕێژەیەكی جیاوازی زیادكردنی گومرك بۆ هەر دەوڵەتێك بابەتێكی خۆڕسكانە نییە، بەڵكو پشتی بە كۆمەڵێك توێژینەوەی ئابووری بەستوە، بە مەبەستی داڕشتنی شێوازێكی نوێی سیاسەتی ئابووری لە بواری بازرگانی نێودەوڵەتی، وەك جێگرەوەیك بۆ سیاسەتی پێشوو، كە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا زیاتر لە شەست ساڵی رابووردوو پەیڕەوی دەكرد.   
 

ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابووردووە توانی هەژموونی تەواوی خۆی بەسەر سیستمی دارایی نێودەوڵەتیدا بەسەپێنێت، بەتایبەتی دوای بڕیاری نكسۆن لە ساڵی 1971، كە بە مەبەستی چارەسەركردنی كورتهێنانی دارایی وڵاتەكەی، بەهای دۆلاری ئەمەریكی لە بەهای زێڕ جیاكردەوە‌و، نرخی ئاڵۆگۆڕی دراوی وڵاتانی ئەوروپا بە دولار جێگیركرد.
 

بازنەی ئەم سیاسەتە بریتیبوو لە بوونی دۆلار بە دراوێكی جیهانی بۆ ئاڵۆگۆڕكرنی بواری بازرگانی نێودەوڵەتی نەوت‌و، بەردەوامبوونی هەرژموونی ئەمەریكا لە ڕێگای چارەسەركردنی زیادبوونی كورتهێنان بە چاپكردنی دولار وەك دراوێكی ئاڵۆگۆڕكردنی جیهانی.
 

ئەم سیاسەتە ئابوورییەی ساڵانی ڕابووردوو هاوكات بوو لەگەڵ بوونی ئەمەریكا بە هێزێكی سەربازی مەزن‌و، بوون بە تاكە جەمسەر‌و، توانای سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئەو دەوڵەتانەی ناكۆكیان لەگەڵ هەژموونی ئەمەریكا هەبوو.
 

لەگەڵ سەرەتاكانی دیاردەی جیهانگیری لە كۆتایی نەوەتەكانی سەدەی ڕابووردوو، كە خودی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وەك تاكە جەمسەر سەركردایەتی دەكرد‌و، وەك پرۆسەیەك بۆ ئازادی جوموجۆڵی ئازادانەی سەرمایە لە جیهاندا ئاراستەكانی دەستنیشان دەكرد‌و، لە بواری كەلتووریشدا بانگەشەیەك بۆ تەرز‌و وێنە‌و جۆری ژیانی ئەمەریكایی بوو، ئەم ئاراستەیە ئابوورییە لە سایەی جیهانگیردا هاوكات بوو لەگەڵ دەرچوونی دۆلاری چاپكراو‌و، پەیداكردنی فرسەتی زیادكردنی سامانی كۆمپانیاكان لە دەرەوەی ئەمەریكا بە هۆی ئازادی جموجۆڵی سەرمایە‌و، بوونی هێزی كاری هەرزان لە دەرەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا‌و، لە ئاكامدا ژێرخانی پیشەسازی لە ئەمەریكا زیانی پێكەوت‌و، سەرمایەداری لە ئەمەریكا كەوتە خانەی  سەردەمی دوای پیشەسازی‌و، لە بازنەی سەرمایەداری دارایی كۆبۆوە بەو مانایەی سەرمایە لە كەرتی پیشەسازیەوە خرایە كەرتی دارایی وەك كەرتێكی زیندووی ئازاد كە هیچ بەربەستێكی جیهانی لە جموجۆڵیدا نییە‌و، لەسەر ئەم بنەمایەش ڕێكەوتنی بازرگانی نێودەوڵەتی بڕیاردرا‌و، بەم جۆرە سەرمایەداری دارایی لەگەڵ ئاراستەی نیولیبرالیزم هێزی یەكلاكەرەوە لە سیاسەتی جیهانی‌و لەسەر ئاستی ناوخۆیی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هێزی بڕیاردانی سیاسەت‌و دەستیشانكردنی پاڵێوراوان بۆ كۆنگریس‌و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا بوو.
 

  لە لایەكی دیكەوە، ئەم ڕەوشە نوێیە هاوكات بوو لەگەڵ بەردەوامبوونی زیادبوون لە رێژەی كورتهێنانی دارایی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا‌و پەیدابوونی دۆخی قەرزاری ئەمەریكا بە بەشێكی زۆری دەوڵەتانی جیهان.
 

سیاسەتی دارایی ئەمەریكا پێش ترامپ پشتی بە مامەڵەكردن لەگەڵ كورتهێنان دەكرد لە ڕێگای گەڕانەوەی دولار بۆ ئەمەریكا لە سەرچاوەی پیشەسازی سەربازی، كە ئەمەریكا تا ئێستا لە جیهاندا بە خەرجی 900 ملیار دۆلار لە ساڵی 2024 لە پلەی یەكەمدایە‌و، لە هەمان كاتدا بە شێوازی جۆراجۆر سیاسەتی دەستبەخۆگرتن (تقشف)ی لە بواری خەرجی گشتی بۆ خزمەتگوزاری تەندروستی‌و بیمە كۆمەڵایەتییەكان‌و كەمكردنەوەی خەرجی گشتی دەوڵەت لە بواری كۆمەڵایەتی پەیڕەودەكرا.
 

بە پێی ئامارەكانی ساڵی 2024 قەوارەی قەرزاری دەوڵەت (ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا) دەگاتە 36 هەزار ملیار دولار واتە 36 تریلیۆن، جگە لەوەی 4 ترلیۆن دولاری ئەمەریكی لە گەنجینەی وڵاتی چینە.
 

 سەبارەت بە بابەتی كورتهێنان لە ساڵی 2024، هاوردەی ئەمەریكا لە چینەوە 439 ملیار دۆلارە، لە كاتێكدا هەناردەی ئەمەریكا بۆ چین 144 ملیار دۆلارە.
 

ئەگەر تەماشای ڕێژەكان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕكردنی بازرگانی ئەمەریكا لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا لە ساڵی 2024 بكەین، ئەوا هاوردەی ئەمریكا لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا 606 ملیار دۆلارە، لە كاتێكدا هەناردەی ئەمەریكا بۆ یەكێتی ئەوروپا 370 ملیار دولارە.

جیاوازی لەم ژمارانە‌و لە رێژەی كورتهێنانی ئەمەریكا لەگەڵ هەر وڵاتێكدا بنەمای ئەو ڕێژانەی زیادكردنی گومرگە كە ترامپ لە ڕۆژانی ڕایووردوودا ڕایگەیاند.
 

لێرەدا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، بۆچی ترامپ لەم هەلومەرجدا ئەم سیاسەتە نوێیەی ڕاگەیاند‌و، چ پێشهاتێك دەخوێنرێتەوە بۆ ئاڵوگۆڕكردن لە سیاسەتێك زیاتر لە شەست ساڵە پیادەكراوە‌و هەژموونی ئەمەریكای بەسەر ئابووری جیهانیدا سەپاندووە.
 

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە ڕچاوی ئەو گۆڕانكارییانە بكەین، كە بەشێكیان لە ژمارەی ئامارەكان خرانە ڕوو، بەشێكی دیكەش پەیوەندی بە گۆڕانكاری لە تەرازوی هێزی نێودەوڵەتی لە سیاسەت‌و سیستمی نێودەوڵەتی جیهانەوە هەیە، جگە لە كارتێكردنی سەرجەم گۆڕانكارییەكان لەسەر ڕەوشی ناوخۆیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا‌و ژیانی خەڵك تیایدا‌و، لە هەمووی گرنگتر ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە قەیرانی سەرمایەداری جیهانی‌و چۆنێتی كاركردن بۆ دەربازبوون لێوەی هەیە. 
 

لەم ڕوانگەیەوە خوێندنەوەی ئەم بابەتانەوە  هۆكاری سەرەكی هەنگاوە نوێكان‌و داڕشتنی سیاسەتی زیادكردنی گومرگ لە لایەن ترامپەوە دەردەكەوێت وەك  ڕێگایەك لە چوراچێوەی هەوڵی سەرمایەداری هاوچەرخ لە پرۆسەی خۆنوێكردنەوە‌و دەربازبوونی ئاستەنگی سەرمایەداریی دارایی.

سەرچاوە : سپی میدیا