كەركوك ناو – سلێمانی
رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە سلێمانی، پێكەوە مەراسیمی رۆژی جیهانی ژنان-ـیان بەڕێكرد، بە یەك دەنگ دژی لێكەوتەكانی هەمواری یاسای باری كەسێتی لە عیراق و "زیادبونی كوشتنی ژنان" وەستانەوە، پێش ئەوەی خەڵاتی یەكسانی بە بەهار مونزیر، چالاكوان و داكۆكیكار لە مافە مەدەنییەکان ببەخشن.
مەراسیمەكە ئەمڕۆ شەممە 8ـی ئاداری 2025 لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، بە بەشداری رێكخراوەكانی تۆڕی 8ـی مارس و دەیان هاوڵاتی لە توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگە.
تۆڕی 8ـی مارس پێنج ساڵ لەمەوبەر راگەیەندراوە و پێكهاتووە لە رێكخراوەكانی ژنان، مافەكانی مرۆڤ و ژمارەیەك دەزگای میدیایی، كەسانی ئەكادیمیی و داكۆكیكار پێكهاتوون و رێككەوتوون ساڵانە لە رۆژی جیهانی ژناندا، خەڵاتێك بەناوی "یەكسانی" ببەخشن ە داکۆکیکاریك کە ڕۆڵی هەبووە لە خەباتی یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگەدا سەرەڕای ئاستەنگی و بەربەستەکان، بەڵام بەردەوام بووە و كۆڵی نەداوە.
ئەمساڵ بەهار مونزیر، داكۆكیكاری مافەكانی ژنان و بەڕێوەبەری رێكخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان (PDO) خەڵاتەكەی وەرگرت. كە 33 ساڵە لەبوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە گشتی و مافەکانی ژنان لەکوردستان كاردەکات.

"وەرگرتنی ئەم خەڵاتە وزەیە، پشتیوانییە، بەردەوامییە، ئەركی زیاترە بۆ من" مونزیر بۆ (كەركوك ناو) وای وت، خەڵاتەكەشی بە موڵكی هەموو كەسێكی بە هەڵوێست زانی، كە پێكەوە كاردەكەن و خەباتیان بەردەوامە، "ساڵانێكە ساڵانێكە لەم مەیدانەدا كاردەكەین و... بۆ داهاتووش بەردەوام دەبین".
پێش بەهار مونزیر دوو كەسی دیكە لە ساڵانی رابردودا ئەو خەڵاتەیان پێبەخشراوە؛ یەكەمیان بۆ دکتۆر چۆمان هەردی و دوەمیان دکتۆر کارین ملدۆخ بوو.
تۆڕی 8ـی مارس رێككەوتن ساڵانە پێكەوە مەراسیمەكانی رۆژی جیهانی ژنان رێكبخەن و هەڵوێستیان دەربارەی هەندێك پرسی پەیوەست بە مافەكانی ژنان بخەنەڕوو، لەمساڵدا، نیگەرانییان بەرانبەر بە كوشتنی ژنان و تێپەڕاندنی هەمواری یاسای باری كەسێتی لە عیراق راگەیاندووە، كە رێگە بە هاوڵاتیانی عیراقی (سونەمەزهەب ناگرێتەوە) دەدات لە گرێبەستی هاوسەرگیری و هەموو مامەڵە و كارێكی باری كەسێتیدا حوكمی شەرعی مەزهەبی شیعەی جەعفەری هەڵبژێرن.
هانا شوان، رۆژنامەنووس و سەرۆکی رێکخراوی راگەیاندن و روناکبیری ژنان بە (كەركوك ناو)ـی وت "سەرەتای ئەمساڵ ئاماژەیەکی خراپ بوو بۆ بارودۆخی ژن لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەت مەسەلەکانی کوشتن کە ساڵانێکە رووبەروی دەبینەوە".
ئەو دەڵێت کەلێنی گەورە لە کارکردنی دامودەزگا حکومییەکان هەیە، جگە لە بیرکردنەوە عەشایەرییەکان کە "هۆکارێکی سەرەکین بۆ کوشتنی ژنان و دەربازبوونی بەشێک لە بکوژان".
لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە هەشت ژن کوژراون و لە ساڵی رابردووش زیاتر لە ٣٥ ژن کوژراوە، ئەوەش ئامارێكە كە هانا شوان خستیەڕوو، "ئامارێکی مەترسیدارە و ئاماژەیە بۆ ئەوەی ژنان لەم هەرێمەی ئێمەدا ژیانیان سەلامەت نییە".
چیرۆكی دۆسیەی ژنێك هەیە هەرگیز لە بیری هانا ناچێتەوە؛ ئەویش سوتانی ژنێك بوو لە سلێمانی بەناوی (شنیار) لەلایەن هاوسەرەكەیەوە، كاتێك سەردانیان كردووە پێش گیانلدەستدانی، "بە جەستەیەکی سوتاوەوە کۆتا قسەکانی دەکرد، زۆر بە قوڵی سەیری کردین و وتی؛ ژیانم فەوتا، با مافم نەفەوتێت"، دادگا سزای لە سێدارەدانی بەسەر هاوسەرەكەیدا سەپاند.

رێكخراوەكانی داكۆكیكار لە سلێمانی، ئەمساڵ زیاتر چاویان لەسەر لێكەوتەكانی هەمواری یاسای باری كەسێتی بوو، كە ترسیان هەیە "دەسەڵات دەدات بە مەزهەبەکان بۆ پرسە کەسیەکانی وەكو هاوسەرگیری و جیابوونەوە و .... هتد. ئەمەش ڕێگا خۆشدەکات بۆ هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا، کە تێیدا منداڵان و ژنان دەسپێرێت بە قەدەرێكی نادیار و دەرگا دەکاتەوە بۆ هاوسەرگیری منداڵ و لێسەندنەوەی بەشێکی بەرچاو لە مافەکانی ژنان"، بۆیە لە بەرنامەیاندایە رەشنوسێك ئامادەبكەن تا لەڕێی پەرلەمانی كوردستانەوە رێگری لە جێبەجێكردنی ئەو یاسایە لە هەرێمی كوردستان، بكەن.
هەمواری یاسای باری كەسێتی ژمارە ژمارە 188ـی ساڵی 1959 لە عیراق، شوباتی ئەمساڵ چووە بواری جێبەجێكردنەوە، تیایدا رێگە بە پەیڕەوكردنی حوكمە شەرعییەكانی مەزهەبی شیعەی جەعفەری دەدات لە مامەڵەكانی هاوسەرگیری و باری كەسێتی، بەڵام سونە مەزهەب ناگرێتەوە.
هەر لە رۆژی جیهانی ژناندا، ئەمساڵ ژمارەیەك رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی و بەرگریكاران لە مافەكانی ژنان و دامەزراوەی میدیایی لە چوارچێوەی پرۆژەی "هاوڵاتیبون"، كە رێكخراوی وادی ئەڵمانی و ژمارەیەك هاوبەشی ناوخۆیی جێبەجێی دەكەن، لە بەیاننامەیەكدا جەختیانكردەوە لەوەی "پەسەندکردنی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی عیراق نیگەرانییەکی زۆری لێکەوتەوە و پرسیاری جددی دەربارەی مافەکانی ژنان و هاوسەرگیری منداڵان و سەروەری یاسا دروستکردوە".
ئەو هەموارە تەمەنی هاوسەرگیری وەكو پێشتر دەهێڵێتەوە و رێگەنادات كچانی نۆ ساڵ بەشوو بدرێن، ئەوەش لە چوارچێوەی كۆمەڵێك گۆڕانكاریدا دیكە، دوای ئەوەی رەشنوسەكە پێش پەسەندكردنی بووە جێی مەترسی و ناڕەزایی بوو لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، لە نێویاندا "هاوپەیمانی 188" كە چەندین رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی و چالاكوانی ژنانی لە عیراق و هەرێمی كوردستان تێدایە.
سەرچاوە : کەرکوک ناو