تاڤگە سابیر
تەنانەت شێوازی خوادن و دانیشتن و قسەکردن و پێکەنیشیان سنوری دیاریکراوی خۆی هەیە..
( لە کۆمەڵگای پیاوسالارە داخراوەکاندا قاقا لێدان و پێکەنینێك بەرز بە عەیبەیەکی گەورە بۆ ژن دەژمێرێت) ئەوان تەنانەت مافی تەنیاییبونیان نییە و دەبێ هەمیشە لەگەڵ کەسانێکی دیدا بژین و دابنیشن (لە کۆمەڵگای پیاو سالارە داخراوەکاندا تەنانەت بەتەنیابوون لەناو ژورێکی ماڵیشدا بەکارێکی شایستە نازانرێت و فشاریان دەخرێتە سەر بۆئەوەی بەتەنیا دانەنیشن).
لەحوکمە دینیەکانەوە بۆ حکومە نەریتیەکان، لە رەفتارە رێگە پێدراوە کۆمەڵایەتیەکانەوە بۆ داب و نەریتە دێرینەکان هەر هەموویان چاودێری و دیپسلین رەفتار و کردار ژنان دەکەن ..
هەموو ئەو کەسانەش ، کە جورئەتی سەرپێچیکردن دەکەن، دەکەونە بەرتوندترین شێوازەکانی توندوتیژی.. درێژیشە چیرۆکی ئەو توندوتیژیانەی لەقۆناغی جیاوازدا بەرامبەر ژن دەکرێن..
قۆناغەکان دێن و دەڕۆن ، سەردەمەکان دەگۆڕێن و جێی خۆیان ڕادەستی سەردەمی نوێ دەکەن، بەڵام هەمیشەیەك شت بە نەگۆڕاوی دەمێنێتەوە ، ئەویش توندوتیژیە بەرامبەر بە ژن، لێدان ، ئەتککردن و کوشتن لەسەر هۆکاری جیاواز کەبۆتە روداوێکی رۆژانە لەسەرتاسەری جیهاندا..!
لەکوردستاندا ئەم دیاردەیە ، کە وا پێشبینی دەکرا لەدوای راپەڕینەوە پاشەکشێ بکات کەچی بەتوندترین شێوە پەرەی سەند و دڕندانەتر و خوێناویتر لە جاران دەرکەوت.. بەشێوەیەك ، کە هەواڵی کوشتن و خۆسوتاندن و راکردن و ئەتککردن بۆتە بابەتێکی هەمیشەیی ئەو رۆژنامە و بڵاوکراوانەی گرنگی بەکێشەی ژنان دەدەن ..! بۆ یەکجاریش یەکێك لەو بڵاوکراوانە نابینرێت هەواڵی ئازارومەرگی چاوەڕواننەکراوی خۆسوتاندن، کوشتن یان پەنابردنی ژنێکی بۆشێڵتەرەکانی بەرگری لەژنان تیا بڵاو نەکرابێتەوە.
ئێستا دەبێت بپرسین بۆ ئەم هەموو توندوتیژیە بەرامبەر بە ژن؟
بۆچی ئەم هەموو چاودێری و کونتڕۆڵ و سزادانە توندە؟
بۆچی ژنان ، کە لە گوتاری راگەیەندراودا وەك بونەوەرێکی لاواز و بێدەسەڵات وێنا دەکرێن؟
ئەم هەموو زەبر و توند و تیژیەیان بەرامبەریان بەکار دێت؟
چ شتێك لە ژیاندا هەیە ، کە ئەوەندە جێگەی مەترسی و هەڕەشە ئامێزە ، کە وادەکات بەدرێژایی مێژوو یەکێك لە بونەوەرە هەرە چاودێرکراو و سزادراوەکان بێت؟
ئەم بونەوەرە ناسکە " کەم عەقڵ" و "سۆزدار" و " لاوازە" بۆ ئەم هەموو عەقڵە بەردوڕەقە و دەسەڵات و دژەهێزە توندوتیژە بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان بەکار دێت؟
بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە دەبێ بابەتی ژنان لە چواچێوەیەکی گشتیتردا تەماشا بکەین .. کێشەی ژن تەنها ئەوکاتە لە دایکدەبێت ، کە کۆمەڵگا پێدەنێتە ناو ئەو سیستەمە ، کە پێی دەوترێت باوکسالاری..
ئاشکرایە کەپەیوەندیەکی راستەوخۆ و سەرەکی لەنێوان خەسڵەتەکانی سیستەمی حوکمڕانی و ئازارو کێشە چارەسەر نەکراوەکانی ژناندا هەیە، کێشەی ژن ئەوکاتە لە دایکبوو ، کە مرۆڤ پێی نایە ناو قۆناغی باوکسالاریەوە و دۆخی یەکسانی و ئارامی سەردەمی دایکسالاری بەجێهێشت..!
بنەمای سەرەکی ئەم سیستەمە چونیەکیە و لەیەکچوونە ، مناڵ لەم سیستەمەدا ئەوە هیچ بەناوی باوەکەوە ناودەنرێت، بەڵکو پەیرەویکردن و گوێڕایەڵی بۆ ئاموژگاری و رێبازی ژیانی بەیەکێك لەکردارە کۆمەڵایەتیە هەرە جوانەکان دادەنرێت ، لە سیستەمی دایکسالاریدا خودی ئیتیمای مناڵ بۆ دایك بەس بوو بۆ ئەوەی مناڵ هەموو مافێکی تەواوی خۆی هەبێت، بەڵام لە سیستەمی باوکسالاریدا سەرەڕای ئیتیما دەبێت مناڵ پەیڕەوی لە باوك و رێنماییەکانی بکات ،سەرپێچیکردن لە داوا و خواستەکانی " باوك ، براگەورە، سەرکردە" بەتاوانێکی گەورە دەژمێرێت و دەبێتە هۆی فەرامۆشکردنی باوك بۆ مناڵ ... چاودێریکردن و هاوکاریکردنی مناڵ لەلایەن باوکەوە مەرجدارە و بێ جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە مناڵ دەکەوێتە بەر مەترسی زویر بوون و فەرامۆشکردن و بگرە دەرکردن وحاشالێکردن لەلایەن باوکەوە ..!
بەپێچەوانەی دایکەوە ، کە خوشەویستیەکی بێمەرجی بۆ مناڵ هەیە و ملکەچی جێبەجێکردنی ئەو رێنمایی و خواستانەنییە ، کە دایك لە مناڵی داوا دەکات ... خودی ئینتیمای مناڵ بەسە بۆ ئەوەی دایك مناڵی خۆی بەدەر لەوەی کێیە و چیە و چۆن رەفتار دەکات ، خۆشیبوێت و وەك مناڵەکانی دی تەماشای بکات... بەم منایە بنەمای سەرەکی دیموکراتی و قبوڵکردن جیاوازی بە مافی یەکسانیەوە ، سەرچاوەکەی دایك و کۆی ئەو کەلتورەیە ، کە دایك دامەزرێنەرێتی.
قبوڵنەکردنی جیاوازی و هەوڵدان بۆیەکسانی بێمەرج و چونیەککردنی مناڵەکان لەگەڵ رابردوودا سەرچاوەکەی باوك و کۆی ئەو کەلتورەیە، کە لە باوەکەوە دادەمەزرێت. وەك فرۆم دەڵێت " یەکەم سیستەم ، کە لە مێژووی مرۆڤدا دروستبووە و سەرچاوەی هەموو بنەما ئەخلاقییەکان و شەرافەت و رەسەنایەتیە لە ژیانی مرۆڤدا ، سیستەمی دایکسالاریە ، کە پەیڕەوی لە فەلسەفەی عەشق و یەکتێی و ئاشتی دەکات .
ژن بەهۆی ئەو چاودێریەوە کە لە مناڵی دەکات زۆرتر و باشتر لە پیاو فێری گرنگیپێدان وبەخشینی خوشەویستی و گواستنەوەی لە خۆیەوە بۆ ئەوانی دی دەبێت و هەموو بەهرە و هێزە زهنیەکانی خۆی بۆ پارێزگاریکردن و جوانکردنی ژیانی بونەوەرێکی تر تەرخان دەکات"
وەك زانراوە مرۆڤ تاکە بونەوەرێکە ، کە دڕێژترین ماوە پشت بە دایکی دەبەستێت و بۆ چەندان ساڵ وەك بونەوەرێکی لاواز زۆربەی ئەرکەکانی دەکەوێتە سەر شانی دایك ، ئەمجۆرە لە پێکەوە ژیان بەریەککەوتن هێزی وابەستەبوون و بەرگەگرتن و هەستی خۆشەویستی نێوان کۆرپەودایک لە ژیاندا گەورە دەکات و فێری لە خۆبوردەیی و گیانی میهرەبانی و قبوڵکردنی ئەو شتانەشیان دەکات کەدەشێ بەدڵیان نەبێت.
ئەو وەك دایك دەتوانێ مناڵە سەرەڕۆکەی و وەك خوشك برا توڕە و ەوك ژن و مێردە جیاوازەکەی خوشبوێت و میهرەبان و لێبوردە بێت بەرامبەریان ... بەپێچەوانەی باوکەوە ، کە خوشەویستی و میهرەبانیەکانی مەرجدارە و ملکەچی پەیڕەویکردن و نەکردنە لەو خواست و شێوە رەفتارەی باوك لە مناڵانی داوا دەکات ..
پێکەوە ژیانی ئاسوودە تا ئەو شوێنە دڕەوات ، کە خوشەویستی دایکانە بەسەرچاوەی سەرەکی بیری یەکسانی و برایەتی دادەنرێت ، لەگەڵ پەرەسەندنی باوکساڵاریدا رووی لەناوچوونە..!
ئەگەر لەم روانگەیەوە تەماشا بکەین رەهەندێکی گرنگتری کێشەی ژنانمان بۆ ئاشکرا دەبێت ..
ئایا لەنێوان چەوساندنەوەی ژن و رێگەگرتن لەو کەلتوورەی ژنان بەرهەمیدێنن پەیوەندیەك هەیە؟
هەستدەکەم گرفتی ژنان گرفتی کۆمەڵگاکەیە ، کە هەموو تواناکانی خۆی بۆ چونییەکی و لەیەکچوون تەرخانکردووە و ناتوانێ قبوڵی ئاودیبوونی بکات. گرفتی ژن تەنها گرفتی بونەوەرێکی دیاریکراو نییە ، کە ستەمی لێدەکرێت تراژیدیای کوشتنی دەنگێك نییە ، کە دەیەوێت قسە بکات ، گرفتی رەگەزێك نییە ، کە لە پەراوێزدا نەبێت جێی نابێتەوە.. بەڵکو لەمەش گرنگتر گرفتی کەلتوور و کۆمەڵگایەکە ، کە هەموو کەرەسەکانی خۆی بۆ چونیکەکردن و یەك شوناسی ، بۆ ڕێگرتن وکوشتنی هەمەڕەنگی و جیاوازی تەرخانکردووە..
ژن چاودێری و دیسپلین ناکرێت لەبەرئەوەی ، کە ژن و پێکهاتیەکی بایەلۆجی جیاوازی هەیە ، بەڵکو لەبەرئەوەی بونەوەرێکی جیاوازە و جۆرێك لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەرهەمدەهێنێ ، کە لەسەر بناغەی لێبوردەیی و قبوڵکردنی جیاوازی راوەستاوە ..
کۆیلە کردنی و کۆنتڕۆڵکردنی ژن لەناوەڕۆکدا کۆنترڕۆڵکردن و کۆیلەکردنی جیاوازیە .. ئەوەی لەژندا هەڕەشە ئامێزە و کۆمەڵگای باوکسالاری هەموو کەرەسەکانی خۆی ( لە کەلتوور و سیستەمێکی یاساییەوە بگرە تا هێز و دەسەڵات) بۆ کونتڕۆڵکردنی تەرخاندەکات ، نە هەرەشەی جنسیە و نە کەم عەقڵی و لاوازی ، کە بە پێی گوتاری ئاینی باو وباڵدەستی پیاوسالاری لە خەسڵەتەکانیی ژنن ، بەڵکو ئەوەی هەڕەشە ئامێز وجێی مەترسیە ئەزمونی جیاوازیە.
بێهودە نییە ، کە دەبینین زۆربەی کوشتن و سزا توندەکان پەیوەندیان بەو حاڵەتەوە هەیە ، کە پەیوەندی جنسی لەنێوان دوو کەسدا روویداوە ، چونکە ئەم پەیوەندیە لوتکەی خوشەویستی و قبوڵکردنی دوو بونەوەری جیاوازە بۆ یەکدی... ئەوەی لەم پڕۆسەیەدا هەڕەشە ئامێزە خودی جنسی نییە وەك گوتاری باڵادەست وێنای دەکات ، بەڵکو نمونەی پەیوەندیەکە کە جیاوازی و لیکنەچوون قبوڵدەکات ..
دواجار هەموو ژنان کۆیلە نین هەر هەموویان وەك یەك ناچەوسێنرێنەوە هەموویان بەر هەڕەشەی تیرۆر و لێدان ناکەون ،کەم نین ئەو ژنانەی پاش گوێڕایەڵی و کونتڕۆڵکردن دەبن بە هاوبەش سیستەمی کۆیلایەتی پیاوان و لەگەڵ سەرجەم دەزگا و یاساکانیدا دەگونجێن و رازی دەبن ... لەم ئاستەشدا رەنگە بگەنە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتی.