ئامادە کردنی: پشکۆ ناکام
( شاعیر و بیرمەندی ناوداری عەرەب ئەدۆنیس لەچاوپێکەوتنێکیا لەگەڵ بەشی عەرەبی/بی بی سی، دەربارەی ئیسلام گفتوگۆی کردوە و لەبەر گرنگی قسەکانی ئەو پایەبەرزە بە چاکم زانی بیکەم بەكوردی و ئەمەش دەقەکەیەتی...)
"""""""""""""""""""""""""""""""
بی بی سی: بەڕای تۆ ئیسلام و عەرەب بەرەو کوێ ئەڕۆن؟
ئەدۆنیس: من دەمێکە ووتومە ئێمەی عەرەب لە قۆناغی فەنا و لەناوچووناین ، نەک لە قۆناغی شۆڕش و بونیانان ، ئێمە دەریاچەکین بەرەو ووشک بوون ئەڕوا ، پڕە لە ماسی کە خەریکی یەکتری خواردنن ، یەکێ بە ناوی نەتەوەوە داگیرت ئەکا ، یەکێکی تر بەناوی "ئایین"وە یەکێکیش بە ناوی خێڵەوە ئەتکوژێ..و..بەوجۆرە ، هیچ ئاسۆیەک لەبەردەمی عەرەبا نیە ، مەگەر تەنیا بە موعجیزەیەک لەم ئاڕاستە مێژوویە دەربچن بەرەو ئاڕاستەیەکی تر ، ئەو ئاڕاستە تازەیە ئەبێ بە یەکجاری و تەواوەتی خۆی لەم" چواردە" سەدەیە داببڕێ و کۆمەڵگایەکی تازە دروست بکا لەسەر بنەمای یاسا ، لەسەر بنەمای سەربەخۆبوونی ژن ، لەسەر بنەمای دروست کردنی تاکی ئازاد و سەربەخۆ ..نەک لەسەر بنەمای خێڵ و عەشیرەت و ئایین و تایەفەگەری..و..لەو بابەتانە..
بی بی سی : كەواتە بەڕای تۆ ئیسلام لە گێژاوایە..؟
ئەدۆنیس : بێگومان لە گێژاوایە ..ئیسلام وەک پەیام لەگەڵ مردنی "محمد" کۆتایی هات، ئەمڕۆ ئیسلام وەک" ئایدۆلۆجیا" ئەجەنگێ ، پەیامەکە نەماوە ، ئیسلام بوە بە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات ،کەواتە پەیامەکە لەگەڵ مردنی پێغەمەر وەک پەیام کۆتایی هات و یەکسەر بوو بە ئایدۆلۆجیا..بوو بە چەک لە پێناوی دەسەڵاتا..هەر لەیەکەم ناکۆکی دوای پێغەمەرەوە گۆڕانکاری ئەم ئایینە بۆ چەک و دەسەڵات چوار خەلیفەی دامەزرێنەر بە کوشتن مردن ، ئەبێ لەبیرمان نەچێ چییان بە "ئومەوییەکان" کرد و چییان بە "عەباسییەکان" کرد و چییان لێ هات..!؟ چۆن دەوڵەتی عوسمانی بۆ چوارسەد ساڵ هاتن وەک ئەوەی هەموو عەرەب بیابان بێ چوارسەد ساڵ حوکمی عەرەبیان کرد .. دەوڵەتێک کە بە هیچ جۆرێ ئەرزشی نەبوە ،تورک کێیە..دەوڵەتی عوسمانی چییە...جگە لە کوشتن و تیرۆر و ئیرهاب و زەبر و زەنگ؟ چۆن بیانبەستمەوە بە ئیسلامەوە..؟ ئیسلام ئەمڕۆ لە ژێر فەرمانڕەوایی ئەوانایە ، چارەسەر چیە ؟ چارەسەر "ئەزهەر" نیە، هەرگیز..
بی بی سی : ڕەنگە هەبێ بڵێ کە ئیسلام وەک ئایینێک یان سیستەمێک بۆ ژیان هێشتا هەیە و ئەتوانێ بەردەوام بێ ،بەڵام گرفتەکە لە هەبوونی تونڕەویی و ئیسلامی جۆربەجۆرە؟
ئەدۆنیس: ئێمە هێشتا میللەت و خێڵین و لەسەردەمی داگیر کردن و دەست بەسەراگرتنا ئەژین ، چەن جارێک ووتومە و ئەیڵێمەوە کە نەچووینەتە قۆناغی دروستکردنی کۆمەڵگای مەدەنی لە ووڵاتانی عەرەبیا ، یەک نمووبەی کۆمەڵگای مەدەنی عەرەبیم پێ بڵێ! ئێستا ئەزموونی" تونس" لە ئارایایە ، لەگەڵ ئەوەی ئەو ئەزموونە زۆر گرنگە و ئەبێ پشتی بگیرێ ،لەگەڵ ئەوەشا دەوڵەت ئیسلامیە ، ! ئەمە یانی چی ؟ ئەبێ ئیسلام ببێ بە ئایینی "تاک" نەک ئایینی بە کۆمەڵ ،بەبێ ئەوە مەحاڵە هیچ پێشکەوتنێک بکرێ،،،،
سەرچاوە؛ سایتی ئاوێنە