بەرزان حەمەسوور
کوتومت، شێوازی بیرکردنەوەمان و پەرۆشیمان بۆ چارەسەری کێشەکانی کەسانی دەوروبەرمان، زۆربەمان وەک کاکە چیای کوردی ڕۆژهەڵاتی- شاری مهاباد ڕەفتار دەکەین...
ئێمەی کورد کاتێک کە هاواری مرۆڤێک دەبیستین کە ئازار دەچێژێ، یان لەپێش چاوماندا زامدارێک خوێن لەبرینی دێت و مەرگ زۆری بۆ هێناوەو پەلە قاژێیەتی، ناتوانین تەنها تەماشاکەربین، ئەوەی جێگای سەرنجە هەمیشەش لە ڕووبەڕووەکاندا لایەنگری بێ هێزو بێ تواناو بەش خوراوەکە بوین! دەچینەوە بەگژ زوردارەکەدا تەنانەت ئەگەر ڕیسکی مەرگیشی تیادابێت بۆمان!
کە مێژووی کورد دەخوێنینەوە پڕە لەداستان و چیرۆکی پاڵەوانی بێ وێنەی تاکی کورد.
زۆربەی چیاکان یەکسەر دەبن بە خاوەنی کێشەکەو بە توانایەکی زۆرکەم و سنووردارەوە دەچنە ناو جەنگەکەو پشتی لایەنی بێ هێز دەگرن و هیچ بیر لە مەرگ ناکەنەوە!
بەڵێ لەناوجەرگەی ڕووبەڕوو بوونەوەکان مەرگ نامان ترسێنێ وهەرگیز ناتوانێت وامان لێبکات چیانەبین.!
ئەم پێناسەیە بۆکورد زۆر ڕاستەولەخوێنماندایە.
ئەگەر هەڵوێستە لە سەر وەرچەرخانە مێژووەکانی کورد بکەین دەبینین ئەم خەسڵەتە سەریەشەو کێشەی زۆری بۆ کورد دروستکردووە ،هەمیشە لەشەرو لەئاشتیشدا کورد لایەنگری بەشخوراو و بێ هێزەکان بووە.
لە بەرەنگاربوونەوەی سوپای ئەلکساندەروڕۆمەکانەوە تاڕوبەڕوبوونەوەی سوپای داگیرکەری عەرەب کە بەناوی اسلامەوە خاکیان داگیرکردووین، ئنجا بەربەرەکانێی هێرشە دڕندانەکانی هۆلاکۆ وجەنگیزخان،
تادەگاتە شەڕی خوێناوی 300ساڵەی خاچەکان، بەڵی لێرەشدا دیسان ئێمەی کورد نەمان توانی هەرتەماشاکەر بین، صلاح الدین کوڕانی کوردی لەبابان وسۆرانەوە بردە شەڕێکەوە کە هی ئێمە نەبوو تەنها بەهانا چوون بوو لە ئیسلامی ڕوخاو وەدژ داگیرکردنی خاکی فەلەستان..
ئێمەی کورد تووشی شەڕێکی خوێناوی بووین کە تا ئەمڕۆش باجەکەی ئەدەین، چونکە ڕق وقینی هەموو کریستیان وجوی جیهانمان بەدەست هێنا!
بەڵام داخەکەم کاتێ نەوەی خاچەکان لەسەدەی بیستدا ولەدوای بردنەوەی جەنگی جیهانی یەکەم بەسەرکەوتوویی هاتنەوە ناوچەکە تۆڵەی مێژوویی خۆیان لەکورد کردەوەو خاکیان دابەش کردین و هەرپارچەکیشیان خەڵات کرد بەوانەی بە درێژایی مێژوو کورد بەرگری لێکردبوون وە چووبووین بەهانایانەوە!!
کاتێ کۆمەڵێ بازرگانی چاوچنۆکی ئینگلیز و فەرەنسی بۆ دەستکەوت و بازرگانی بە زێڕی ڕەشی تازە دۆزراوە دەسەڵات و پەیوەندی خۆیان زۆر سیاسیانە بەگەڕخست ودەوڵەتۆکەی نوێ یان لەسەرخاکی کوردستان دروستکردو ناویان نا ئێران وعێراق و سوریەو ترکیا ...
بەداخەوە کورد دیسانەوە دووربینی و عەقڵی فەرامۆش کردو گوێ ی لە سۆزی دڵی گرتەوەو ساویلکەیی سەدەی 20 تۆمارکرد.... بەتەنیا شەڕی دەستپێکرد لەگەڵ کۆلینزمی بەریتانی وفەرەنسی لەباشور و ڕۆژئاوا بەناوی بەرگری لە ئسلام!
لەکاتێکدا کورد ئەم شەڕە نابەرامبەرە ی دەکرد لەگەڵ ئینگلیزدا سەرانی کارتۆنی ئەم دەوڵەتۆکانە پرۆتۆکۆلی درێژخایان وداڕشتنی پلانی گەیشتن بە بەرژەوەندێکانی خۆیان ئیمزا دەکرد لەگەڵ ئینگلیزدا!
شێخ محمود بۆ بەهاناچوونی ڕاپەڕینی براعەرەبە موسڵمانەکانی لەشەعبانیة 1920 دژی ئینگلیز بەچەند هەزار سوارەوە لە سلێمانی وکەرکوکەوە بەڕێکەوت بۆ حبانیە وخواروی عێراق، بەڵام کاتێ شێخ محمود کەوتە شەڕێکی سەخت و نابەرامبەرەوە دژی ئینگلیز و شاری سلێمانی لەلایەن فڕکەکانی ئینگلیزەوە بۆردومانکرا تاقە برایەکی موسڵمان نەهات دەنگ و کەس نەهات بەهانای کوردەوە، عەرەبەکان لە دەوڵەتۆکەی عێراقدا سەرقاڵی پلەوپایە وەرگرتن بوون، وەئیتر باسی براو موسڵمان نەما، دەهۆڵی شەڕی عەرەب وکوردیان دەکوتی! لەبەرامبەر جووڵاندنەوەی کوردی لە کوردستان وە دژی ناسنامەی کوردبەئاشکرا ڕاگەیاندنی ژەهراوی دەوڵەتۆکە نوێکانیان خستە گەڕ بۆ کۆکردنەوەی ڕق وقینی نووسەرو جەماوەری عەرەب بەرامبەربەکورد.
بۆیەکەم جار لەمێژووی باشووری کوردستان لە 1938 بەعەرەب کردن وداگیرکردنی خاکی کوردستان و گۆڕینی دیموگرافی کوردستان بەپلانێکی ئاشکراو بە بەرچاوی انگلیزەوە دەستی پێکرد، بەبیانوی پاسەوانی بیرە نەوتەکانی "بریتێش پترۆلیۆم "ەوە خێڵە عەرەبەکانیان دەهێنا بۆ موصل وکرکوک خانقین.
سەرانی ئەم دەوڵەتۆکانەش کەلەبرا موسڵمانەکانی دوێنێی کورد بوون کەدەسەڵاتیان جێگیربوو وەکاریان بەکوردی بی هێزو ساویلکە نەما ئیتر ڕژێمە کارتۆنیەکان وایان بڵاودەکردەوە بەناو خەڵکیدا لەپایتەختەکانی بغداد وئەنکەرەو تاران و دیمەشق کە کورد دڕندەیەو کێویییەو وێران کەرەو تێکدەرە، هەرلەسەدەی بیست بە دڕندانەترین شێواز سوپاسیان کردین .....
هەرلە مستەفاکەمال وڕەزاشا ، مەلیک فەیسەڵ تا سەدام حسین بە بەر چاوی ئینگلیزو هەموو جیهانەوە کەوتنە گیانی کورد بەمەبەستی قەڵاچۆکردنی میللەتی کورد هەموو ڕێگاکانی قەڵاچۆکردنە قەدەغە کراوەکانی وەک ڕاگواستن، لەسێدارەدانی بێ دادگایی کردن، کیمیا باران و ئەنفال وکۆمەڵکوژی، وێران کردنو بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەپێش چاوی عصبة الامم وئەمڕۆش نەتەوەیەکگرتووەکان وپەرلەمانی ئەوروپا... هەموو ڕێکخراوکانی مافی مرۆڤ. تەنانەت مفتی و ڕابەرەکانی اسلام لەئەزهەرو مەکە و قم وکەربەلاش لەسەر کورد نەهاتنە جواب..!
ئەمڕۆش لەسەدەی بیست ویەکدا وا قورسایی شەڕی تیرۆرستانی داعش لەسەر شانی کوردە و لە ماڵی کوردایە، هەرکوردیش بەشی شێری باجەکەی بەخوێنی ڕۆڵەکانی ئەدا..
بەڵێ ئێمە ی کورد بوینە قوربانی کۆن ونوێی مێژووی شەڕی نێوان زۆردارو زۆرلێکراو، نێوان حەق وناحەق، ڕاوکەر و نێچیری بێ دەسەڵات.
وەک هەمیشەش تێڵاکە لەسەری کورد دا شکاوەتەوەو باجەکەش ئێمە داومانە!
حەقیقەتە سادەکەش ئەمەیە کە هیچ کام لەزۆردارو دەسە ڵات دارەکان بەدرێژایی مێژوو کەڕۆژێک لە ڕۆژان شەڕمان لەگەڵ کردون تائێستاش ڕقیان ئەستوورە بەرامبەر بەکورد! نامان بوورن! لایەنی بەش خوراوەکانیش کەشەڕمان بۆکردوون قوربانیمان داوە لەپێناو بەرگری لێیان هەر لە کەمینە فارسە خیانەتکارەکەی ناو مادیا کەلەپشتەوە خەنجەری ژەهراویان لە دیاکۆ دا مادیان ڕوخاند ..
عەرەبی بەندەو ژێردەستی داگیرکەری بەناو خلافەی اسلامەوە،..
تورکە مەغۆلەکانی نەوەی جەنگیزخان کەلە میزۆپۆتامیا دا جێگای خۆیان و ئاژەڵەکانیانمان کردەوە و شان بەشانی ئەوان لە قافقاس وئۆزبەگستان وسنووری ڕوسیا و تایۆنان شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی کافرانمان بۆکردوون، وەک ئەوەی تەنها ئێمە موسڵمانبین و اسلام تەنها مووڵکی ئێمەیە..! وائێستا کە بوون بە تورکیای ئەمڕۆ زۆر بێ شەرمانە ئاڵای قڕکردنی کوردیان هەڵکردووە ....
تا ئەوروپای ئەمڕۆی نموونەی دیموکراتی و مافی مرۆڤ نەوەی خاچەکانی سەدەی ناوەڕاست وە لەسەر هەمویانەوە ئەنگلیزو ئامریکای نەوەی ئیمپراتۆڕی بەریتانیا هەر ڕق ئەستوورن و ئامادەنین بمان بوورن!
سزادانی کورد تائەمڕۆش درێژەی هەیە ئەوەتا میلەتی کوردی 60 ملیونی بە پارچەکراوی لەپێش چاوی هەمووجیهانەوە ڕۆژانە تووشی کارەسات دەبێت لەسەردەستی ڕژێم ودکتاتۆرەکانی ئەم دەوڵەتۆکانەی دوو بازرگانی ئینگلیزی وفەرەنسی دایان ڕشتووە! کە بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی وبەناڕەوا وبەزەبری هێزلەسەر خاکی کوردستان دروستکراون، مێژووی 100 ساڵەی ڕابووردوو سەلماندویەتی لەوەتەی ئەم دەوڵەتۆکانە دروست کراون نا سەقامگیرن چونکە بەبێ هیچ بنەمایەکی یاسایی ومرۆڤ دۆستانە دروست بووەو بەڕێوە چووەو هەربۆیە هیچ کاتێک ئارام نەبووەو ناشبێت.