بۆ هەردوو تاڵەبانێکە

 

 

 

لەتیف فاتیح

 

 

ئەکرێ ملیۆنێ ساڵ  چەند ساڵێک بێت


دۆستێکی ئەوروپی لێی پرسیم بەو مانگەی دانراوە دەکرێ پارێزگار بۆ کەرکوک دابنرێت و ئەنجومەن دەستبەکاربن و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەخێر بچنرێتەوە، وتم مەرج نیە مانگ لای ئێمە سی ڕۆژ بێت یان بریتی بێت لەمانگێ هەندێک جار مانگ سێ چوار مانگەو دەچێتە نەوەت ڕۆژ، جا ئەوە شۆخی نیە، هەر بەوجۆرەس دەشێت ملیۆن ساڵی سیاسی دووساڵ بێت، کەمتر یان زیاتر دەکەوێتە سەر ئەوەی تا چەند ئامۆزاکان  دڵیان چاکبووە،.

هەردوکتان بەشی خۆتان پارەتان هەیە، ەردوکیش بەشی خۆتان کوڕو کاڵ هەن خۆیان بەقوربانتان بکەن، هەردوکیش ئەمانەتێکی تاڵەبانی باوکتان لەئەستۆیە، ئەمانەتی ئەم زۆنە کە زیاتر لە پازدە بیست ساڵە، ڕقێکی نێو خۆی دەیەوێت هەلا هەلای بکات، ئێوە ئاگادارن ناوچەکە لەکوڵاندایە،  ئیسرایل دانە جیڕێیەتی لوبنان و خودانەکانی توندن، ڕۆمی لەبادینان تەراتێنیانە، کار گەیشتوەتە ئەوەی ڕۆمی بگەنە توتەقەڵ و سەیدان و گەڵاڵە،ئەم بارو دۆخە دەخوازێ ملیۆنێک ساڵ بەەند ساڵ نا بەچەند ڕۆژێک بەکۆتا بێت، بڕوام وانیە نەتوانن لەیەکتر حاڵی بن، بڕوام وانیە ئەو دۆخەی ئێستا لەقازانجی کەستان بێت،  ئەم پاچە پارچە بوونە هیچی لێ سەوز نابێت، سەیرە هێشتان هەریەکەو کوڕەکانی ئەوی تر دەداتە بەر تانەو تەشەر لەبری ڕێکخستنەوەی ماڵەکەو ساڕێژکردنی برین و پەروەردەی سیاسی و ڕێکخراوەیی و سەربازی، دەفتەرە کۆنەکان دابخەن و بیرێک لەمەترسیەکانی ئایندە بکەنەوە، سەیرێکی دۆخی کەرکوک بکەن بزانن کوردەکە لەبەردەم چ ڕەشەبایەکدایە.
 

ئێوە بەیەکەوە جڵەوی حزبێکتان وەرگرت، کە کوڕەکانی لەحەمک پەرجویان دروست دەکرد، لەزیندانەکانی موسڵ و بەغداو کەرکوک سرودیان بۆ ئازادی دەگوت و بەعسیان زارە ترەک دەکرد، بەئاشکرا لەسنەی خوێناویدا هاوکاری براکانیان دەکرد، لەڕۆژئاوای کوردستان بەتفەنگەکەی ئەبو لەیلا ڕاوی داعشیان دەکرد، هاتن  ئەوەتا حزبەکە وەک ئاردی ناودڕکە،ئەوەش خوێنی کوڕەکان، گەلۆ ڕاستیەکە ئەوەیە کەباوەڕتان بەچەپکە گوڵەکە هەبێت، یانی ڕەنگی جیاواز ، بۆنی جیاواز، بیرکردنەوەی جیاواز لێ پێکەوە،  لانی کەم سەیری مەزڵو کۆبانی بکەن هاوتەمەنی ئێوەیە، ڕەنگە لەهەردوکیشتان نزیک بێت، بزانن ئەو چۆن باسی برایەتی و پێکەوە بوون دەکات،  ملیۆنێ ساڵ دەکرێت چەند ساڵێک بێت و ببڕێتەوە،  بەڵام ناکرێ مەترسیەکان نەبینرێن،  خوێنی کوڕەکانی ئەم زۆنە و کەرکوک بەهەدەر مەدەن، لولەی چەکەکان باڕوو لەدوژمن بن، نەک لەفە فرۆش و چایچی و کوڕوکاڵی نیشتمان، با خوێنی ئەو کوڕانە یەکتانخاتەوە، نەک لەیەکتر دورتان بخاتەوە، ئێوە بەیەکەوە بن، کەرکوک و سلێمانی بارودۆخیان باشتر دەبێت، دەکرێت لەتەک هەموو ئەوانی تریشدا ئایندەیەکی باش دەستەبەربێت، هەمووتان لەقسەکردنا سەبارەت برایەتی و یەکڕیزی و پێکەوەیی وەستاو شارەزان ، بەڵام کردەوە گرنگە، کردەوە سەنگی مەحەکە.

سەرچاوە : سپیمیدیا