بۆچی ژنان نەبوونەتە کاریزما؟

 

 
 

 ماردین عه‌بدولكه‌ریم

 

 دوور لە سیاسەت دەپرسم.. ئایا ترس لە داب و نەریت و کەلتورە، کە وادەکات ئەم هەموو ژنە نووسەرەی کورد (نەوال سەعداوی) یان (سیمۆن دی بۆڤوار)ێک بەرهەم ناهێنێت؟

هەمیشە لە هزرمدا دەیهێنم و دەیبەم و بیر لەوە دەکەمەوە، کە بۆچی ژنان لە باشووری کوردستان نەیانتوانیووە ببنە کەسایەتییەکی کاریزمایی، ئەم قسەیە کەم تا زۆر بۆ زۆربەی هەرە زۆری جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لە نێویشیاندا سەرجەم پارچەکانی کوردستان بەڕێژەی جیاواز راستە، چونکە لە هیچ وڵاتێکدا تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیشدا رێژەکە مایەی دڵخۆشی نییە!.
بەرلە رۆچوونە نێو بابەتەکە، پێویستە بزانین کەسایەتیی کاریزمایی کێیە و چۆنە؟ کەسایەتی کاریزمایی کەسایەتییەکی سەرنجراکێشی کاریگەرە، بەجۆرێک بە بیر و بۆچوونەکانی ئاگایی کەسانی دەوروبەر بۆخۆی رادەکێشێت. کەسی کاریزمایی متمانەیەکی یەکجار زۆری بەخۆی هەیە و توانا و قەناعەت پێهێنانی دەورووبەری بە بڕواکانی هەیە، هەروەها خاوەن وزەی ئەرێنین و جۆش و خرۆش و زیندوویی بۆ دەورووبەر پەخشدەکەن، وا لە دەورووبەر دەکەن بە ئاسانی ببنە بەشێک لە ئامانجەکانیان. لە راستیدا سەبارەت بە بوونی کاریزما لە کەسایەتییەکاندا دوو رای جیاواز هەیە، هەندێک دەڵێن زکماکییە و هەندێکیش دەڵێن وەرگیراوە.
کاتێکیش کەسێک خاوەنی کەسایەتییەکی لەم جۆرە دەبێ، بە نموونە خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، دەبێتە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی کۆمەڵگەکەی و دواتریش ناوو ناوبانگی سنووری وڵاتەکەی دەبڕێت، ئیتر گرنگ نییە لە چ بوارێکدا کاریزمایە، سیاسەت یان بازرگانی و سینەما و...هتد، یاخود بوارەکەی ئێمەی خاوەن قەڵەم.
لە راستیدا بۆ نووسینی ئەم وتارە شەنوکەوم زۆر کرد، ترسام ستەمم لە ژنگەلێک کردبێت و کەسگەلێکیش لێم راستببنەوە و بڵێن حەپسەخانی نەقیب و عادیلەخانم، مەستوورەی ئەردەلانی و خانزادی میری سۆران بۆ کاریزما نین؟ کە خۆشم لەچەندین چاوپێکەوتندا وەک کارەکتەری ژنی لێهاتوو ناوم هێناون.
بۆ زیاتر پێکانی مەبەست لەسەر ئەم نموونە جیهانییانە دەوەستم؛ ئەنجێللا مێرکڵ ئەو ژنەی پێی دەوترێت عاشقی ژمارە (یەک)، مادلین ئۆلبرایت، ئەو ژنەی توانیی هەردوو حزبی دەسەڵاتداریی ئەم باشوورە ئاشتبکاتەوە و کۆتایی بە شەڕێکی خوێناوی بهێنێت، کۆندۆلیزا رایس و مارگرێت تاچەر و گۆڵدا مایەر و... هتد، ئەمانە چەند ناوێکن لە نموونەی ژنانی خاوەن کەسایەتیی کاریزمایی لە جیهاندا، کە ناو و ناوبانگیان سنوورەکانی بڕیوە، ئایا لەنێو کورددا ژنانێک هەڵکەوتوون هاوشێوەی ئەم ناوانەی ئاماژەم پێکردن، ئەگەرنا هۆکار چییە؟.
لە راستیدا من لەلای خۆمەوە بێ دەوڵەتی و نەبوونی زمانی نەتەوەیی جیهانیی و ناهاوسەنگی لە سیستمی خوێندن بۆ هەردوو رەگەز و کەمتەرخەمی لە پێگەیاندنی خود و متمانە بەخۆنەبوون و ترس لە دابوونەریت، بە بەشێک لە هۆکارەکانی پشت ئەم پرسە دەزانم، لە سەرووی ئەمانەشەوە نادادپەروەریی حزبییە لەم هەرێمەدا، کە زۆرجار باش دەکاتە قوربانیی ئەوانیتر و هیچ پرەنسیپ و پرۆگرامێکی دیاریکراوی نییە لە هێنانە پێشەوە و دەستگیرۆیی و پشتیوانیی و کاندیکردنی ژنان بۆ پۆست و پلە باڵاکان، کە لەڕێگەیەوە ژنان دەتوانن بوونی خۆیان بسەلمێنن و ببنە کەسایەتی کاریزمایی، چونکە هەموو ئەو ناوە جیهانییانەی ئاماژەمان پێکردن، لە رێگەی پلە و پۆستەکانییانەوە توانیویانە بە لێهاتووییەکانیان ناو و ناوبانگیان بە جیهان ئاشنا بکەن.
بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردیدا، نادادپەروەریی هۆکارە بۆئەوەی زۆرجار تاک خۆی بەدوای رێگەیەکدا بگەڕێت بۆ گەیشتن بە دەروازەیەک بەبێ ئەوەی هیچ کەس و لایەن و دامەزراوەیەک دەستگیرۆیی بکات، کە زۆرجار بە زیندەبەچاڵکردنی تواناکانی کۆتایی دێت.
زیاتر لەمەش، ئەوەی مایەی نیگەرانییە تا ئەمڕۆ لەزۆربەی کۆمەڵگەکاندا پیاوان بڕیار لە داهاتووی ژنان دەدەن و لەوانەیە ئەمە بۆ کۆمەڵگە خۆرئاواییەکانیش هێشتا هەر راست بێ، بەڵام بە دوو پێوەری جیاواز. 
لەماوەی رابردوودا لە گۆشەیەکمدا لە رۆژنامەی کوردستانی نوێی ئازیزدا، کە هەرجارەی تایبەت بوو بە باسکردن لە ژنێکی ناودار، لەوانەیە بەلاتانەوە سەیر بێت، کە بڵێم هەر یەکێک لەوانە لەلایەن پیاوانەوە پشتیوانیی کرابێتن تا گەیشتوون بە ئامانج، (ئیمی کونی بارێت) لە چوار ساڵی رابردووی سەرۆکایەتی پێشوویدا بوو، کە دۆناڵد ترەمپ پشتیوانیکرد تا ببێتە ئەندامی دادگای باڵای وڵاتەکەی، کە خۆی تەنیا پارێزەرێک بوو. میشیل ئۆباما پارێزەر بوو، بەڵام کە بووە خانمی یەکەم ناو و ناوبانگی درەوشایەوە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پلاتفۆڕمی یوتیوب (سوزان وجیسکی) لە پێشەنگەیەکدا بەڕێوەبەرەکەی بینی و دەستگیرۆیی کرد و لە کۆمپانیا دایمەزراند، لەوێوە ناو و ناوبانگی درەوشایەوە. لێرەش سەرەتا هەروایە، پیاوان بڕیار لە ئایندەی ژنەکان دەدەن، بەڵام زۆرجاریش پێوەرەکان نادادپەروەریی تێدایە و ئامانجەکان کەسین، نەک لەسەر بنەمای کارامەیی و لێهاتوویی بن.
 دوور لە سیاسەتیش دەپرسم ئایا ترس لە داب و نەریت و کەلتورە، کە وادەکات ئەم هەموو نووسەرە (نەوال سەعداوی) یان (سیمۆن دی بۆڤوار)ێک بەرهەم ناهێنێ، یان ئەم هەموو چیڕۆکە تراژیدییانەی کوردستان بە نموونە کوشتنی ژنان، بۆ ئەستێرە سینەماکارێکی وەک (کیت وینسلیت) پاڵەوانی فیلمی (تایتانیک) بەرهەم ناهێنێت، بۆچی هونەری کوردیی (سیلین دیۆن و فەیروز و ئوم کەلسوم) بەرهەم ناهێنێت. 
ئایا ئێمە میللەتێکی تەممەڵین و تواناکانمان سنووردارە، یان لاوازیی زمان و نەبوونی دەوڵەت و بێ بەرنامەیی حکومەت و دەسەڵاتی عەقڵی زاڵی پیاوسالارییە لە حکومداریدا، کە وایکردووە هەموو ئەمانە بوونەتە خاڵی چەقبەستن و خولانەوە لەناو مێژوودا؟. لە کۆتاییدا ئایا ئەم نووسینانەش سەدای دەنگێک نابێت، کە تەنها خۆمان بیبیستین؟.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ