بڵاوكردنەوەی دیوانی جەلالی میرزا كەریم

دیوانی جەلالی میرزا كەریم، كۆی شیعرەكانی شاعیر لە خۆ دەگرێت، ئەم دیوانە ناوازەیە، ناوەندی كەپر چاپ و بڵاوی دەكاتەوە، شیعرەكان لەلایەن نووسەر و شاعیر سەباح رەنجدەرەوە كۆ كراونەتەوە و پێداچوونەوەیان بۆ كراوە، لەگەڵ ئەم دیوانە شیعرەدا رۆمانی خانەقای میرزا نووسینی میران ئەبراهام بڵاودەبێتەوە، كە جەلالی میرزا كەریم كارەكتەرێكی نێو رۆمانەكەیە و باس لە قۆناغێكی گرنگی مێژوویی دەكات، كە شوێن و كاتی رووداوەكان لە هەلومەرجە كۆمەڵاتییەكان و دابونەریتەكانی رابردوودا بەشێوەیەكی هونەرییانە و واقیعییانە نمایش دەكرێنەوە، كە لەگەڵ واقیعی مێژوویی ئەو سەردەمەدا هاوشێوەن. هەروەها كارەكتەرەكانی مێژوویی و راستەقینەن، كە نووسەر جارێكی تر ئاشنامان دەكاتەوە پێیان و ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەو رووداوانە چ كاریگەرییەكییان بەسەر تەواوی كۆمەڵگەوە هەبووە.
قەڵەمی جەلالی میرزا كەریم بە وشە
یەكێك لە خاڵە گرنگەكان، بۆ ژیانی نووسەر و رێزلێنان لە نووسین ئەوەیە: بەشێوەیەكی تەندروست و زانستی كاتی خۆی رێك بخات و باش بەكاری بهێنێت. ئەم جۆرە رێكخستنە نەك وەك نووسەر یارمەتی دەدات، بگرە وەك ژیانی فەرمانبەری و خێزانیش دەبێتە هۆكاری یارمەتیدان و كارایی ژیان. ئەمەش هەستێكی تەواو داهێنەرانەیە و پەیوەندیی بە داهێنان و پەیوەستبوون بەداهێنانەوە هەیە. بەم شێوەیە هەلومەرجی سوود وەرگرتنی بۆ دەڕەخسێت و خۆی لەگەڵ كاتی باش بەكارهاتوو دەگونجێنێت. لەم باروبوارەدا، كات دڵی نووسەر بە لای خۆیەوە رادەكێشێت و بەرهەمدار دەبێت لە رووی نووسینەوە، نووسەر بە قووڵی نووسین دەناسێت.
ناسینی قووڵی شیعر، خاڵی بەهێزی پەیوەندییە بۆ یەكتر ناسینی شاعیر و خوێنەر، یان كۆمەڵگا. كەسێك، كەسێكی نەناسراو لە ئەستێرەیەكی دوور، یان دەوروبەرێكی پارێزراو، یان بە ژاوەژاو و پڕ مەترسی. هەست بە نزیكبوونەوەت دەكات، بە حەز و خولیای ئەدەبیی بێگەردەوە لەگەڵت دادەنیشێ و گفتوگۆی نێوانتان لەبارەی ئەدەب و جیاوازییەكانەوە گەرم دەبێت. هەر ئەم رووداوەیە ئەدەبی كردووەتە دیاردەیەكی گەردوونی و سەرسوڕهێنەر.
ئەو پرسیارەی دەكەوێتە نێوان شیعر و كۆمەڵگاوە بە چ رێگایەك دەگاتە دۆخی شكۆمەندیی بەكارهێنان و داهێنان، شاعیر بە چ زانیاری و پێوەرێك ئاسۆی نێوان شیعر و كۆمەڵگا دەپێوێت. زمانی كۆمەڵگا كەمتر لەناو رۆشنبیریی نوێبەخشدا كارا و چالاكە، بگرە لە ئاستی دەستنیشانكردنی شتەكاندا ئەفسوون و هێزی خۆی رادەگەیەنێ. لە هەمانكاتیشدا زمانی كۆمەڵگا زمانێكی فرە دەنگ و فرە پەیوەندییە، توانای داهێنانی زمانی تێدایە و وزەكانی دەربڕین پەرە پێدەدات، پێویست نییە شاعیر وەك گومان و ترسێك لێی ورد بێتەوە و خۆی لێ تار و تەریك بگرێت، كۆمەڵگا بەردەوام لە رێگای داهێنانە هەمە جۆرەكانییەوە وزەی زمانی بەرز دەكاتەوە، بەڵام لە شیعردا زمانی، سۆزی بۆ خەون و داوا و پێشبینی و هەست ... تاد، هەیە و ئاستێك دیاریدەكات و بەسەر پێكهاتە دەروونییەكانی دەكرێتەوە.
هێما بەرەو ژیانێكی بزێو ناڕوات
لە كرانەوەیدا كاكڵی كاكڵەكانە. دەستبڵاوی لە بەكارهێنانیدا مەبەست و مانا ماندوو دەكات، لە هەمان بەكارهێنانیشدا چڕكردنەوەی زیاد لە پێویستیش دیسان مەبەست و مانا ماندوو دەكات. لەهەردوو باری بەكارهێناندا زمان توانای پاراستنی بێدەنگی نامێنێت. جەلالی میرزا كەریم لە بنەماڵەیەكی سیاسی و رووناكبیر و شۆڕشگێڕدا، لە سلێمانی لە ساڵی1935 لەدایك بووە، بە بڕوایەكی پتەوەوە بەشداری لە رۆشنبیریی زمانی نەتەوەی خۆیدا كردووە.
زمان لە دەقی: (رازێكی دەروون - گۆڤاری تووتن، ژمارە 4ی ساڵی 1970، ل: 60) و دەقی: (بڕوای شار - گۆڤاری رزگاری، ژمارە 9ی ساڵی 1969، ل: 17)دا رووداوێكی دەگمەن نییە، درێژبوونەوەی ئەو زمانەیە دوابەدوای شیعری كلاسیكی دێت و پێبەپێ تا دێتە خوارەوە كاڵ و كاڵتر دەبێتەوە. زمان تێیدا ئاسۆی یەك ئاستی وەرگرتووە و پێكهاتە و سروشتێكی باڵا و جەربەزە رووبەڕوومان نابێتەوە. واتە سەرلەنوێ هەستی پێناكرێتەوە. هەست بەشتێك بكەیت و نەزانی چییە. سەرسامی و دۆزینەوەی نادیاری لەم نوختەی نەزانین چییەدا دێتە كایەوە و وەك كەرەستەیەكی خاو و پەی پێ نەبردراو فۆرمی زەینی وەردەگرێت. زمانی لە خودی شیعرییەوە نەبردووەتە ناو خودی كۆمەڵگاوە، بگرە لە خودی كۆمەڵگاوە بردوویەتییە ناو خودی شیعرییەوە، جۆرێك توندوتیژی و ترس و تۆقانی خستووەتەوە. بەم شێوەیەش زمان دەوڵەمەند و ئەزمووندار نابێت، لە دەروونڕۆشنی بەتاڵ دەبێتەوە و هەست و نەشونما دەوەستێت. لەگەڵ ئەمەشدا بارودۆخی ژیانی حەفتاكانی كۆمەڵگای كوردی و زەمینەی شیعریشی ئامادەیی ئەوەی تێدا بوو، ئەو زمانە وەربگرێت و قبووڵی بكات. لە ئاستی بەكارهێنانی هێماشدا قووڵایی هێمای نەپاراستووە، لە قووڵایییەكی پێویستدا هێما بەرەو ژیانێكی بزێو ناڕوات، بگرە بەرهەمێك دەهێنێتە كایەوە و لەناوی روون دەبێتەوە و بەشداری خۆی رادەگەیەنێ. لەم راگەیاندنەدا زمان پێویستییەكی بنەڕەتی مرۆڤانەیە و هەموومان بەشێوەیەكی هاوبەش بەكاری دەهێنین و كەڵكی لێ وەردەگرین. كەڵك وەرگرتنێكی دیاریكراو و هەستكردن بە شكۆمەندیی دۆزینەوەی بەشێك لە هەقیقەت. ئەو هەقیقەتەی دەتەوێ لێی بدوێی تاقیكردنەوەی دەوێت و دەبێت لە رەفتاری ئاخاوتندا بەدی بكرێـت. هەموو تاقیكردنەوەیەكیش كەرەستە خاوەكانی ژیان و جیهان لەباری دۆخ و شێواز و واتادا تازە دەكاتەوە و ئارەزووی پێشنیازكردن بەهێز دەكات، لە هەمان كردەشدا كاتێكی مێژووی ژیان و جیهان رادەگەیەنێت. ئەم كاتە راگەیاندراوە، هونەری داهێنەری هەقیقەتە. بەشێك لە پێداویستییەكان بە ژیان و جیهان دەبەخشێت.
ئەگەر بتەوێت بەسەر شیعردا زاڵ بیت، دەبێت شیعر باش بناسیت. هەموو شیعرێك لە شوێنی خۆی پێدەگات و دەناسرێت. ئەو هونەرەی ئەو بە دوایدا دەگەڕێت بیدۆزێتەوە رێك لەگەڵ ئەو شوێنەی شاعیرەكەی تێدا پێگەیشتووە گەشەی كردووە. پێگەیشتنی پێكهاتەی هونەری شیعر بەپێودانگی شوێن و كەلتورەوە پەیوەستە. واتە: بیركردنەوە و وێناكان ئاكاری شوێن وەردەگرن. شوێن هێڵێكی بەردەوامە و لە فەرهەنگ و كەلتوردا پێگەیشتووە و درێژ دەبێتەوە و دەگات بە هێڵی بیركردنەوەی هەموو شاعیرێك. شاعیریش وەك پێكهاتەی سەرەكی و ناسنامەی داهێنان مامەڵەی لەگەڵدا دەكات. شوێنیش خۆی بە ئاكاری دانیشتوان دەڕازێنێتەوە.
(كاروانی وشەی راچەنیو) كۆشیعری یەكەمی ئەم شاعیرە بووە. ساڵی 1974 ئامادەی چاپی كردووە و بردوویەتییە چاپخانە و تەنانەت بووەتە فیلمیش. بە هۆی بارودۆخی سیاسی لە چاپخانە وەرگیراوەتەوە. شاعیریش لەم كاتەدا بەغدای جێهێشتووە و بووەتە پێشمەرگە، ئەدیبی ناسراو محەمەدی مەلا كەریم، پێشەكی بۆ نووسیوە و هەم بە ئامانەتیش لای داناوە. دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول ساڵانێكی زۆر وەك پەنابەری دژە دەسەڵات لە ئەمریكا ژیا و لەگەڵ راپەڕیندا گەڕایەوە كوردستان و هاتەوە ناو كۆمەڵگای پڕ جووڵە و زیندووی خۆی و كانگای هەڵڕشتنی هەستەكانی. كوردستان و كۆمەڵگای كوردی ناو و ناولێنانێكن، بوونی راستەقینەیان لە شیعرەكانیدا هەیە و شادەماری خوێنین. ئەمیش لە هەر كوێیەك بووبێت خوێن بووە بۆ كوردستان، ماوەیەكی كەم تێیدا مایەوە، لە 14/1/1993لە هەولێر كۆچی ناكۆچی كرد، كەچی ئەم ئامانەتە سەرە داوێكی نەدرایە دەست كەس و هیچ هەوڵێكی دیاریشی بۆ چاپكردنی نەدراوە، كە گرنگترین كۆشیعری نوێبەخشی بزووتنەوەی روانگەیە، دەربڕین لە زمان و فۆرم و شێوازی داڕشتنی ئەم بزووتنەوەیە بكات. شیعری شاعیرانی ئەم بزووتنەوەیە بە گشتی لەناو تەمومژێكی وشیارانەدا بارگاوی بوو بە ئایدۆلۆژیا، شیعری بارگاوی كراویش بە ئایدۆلۆژیا پەیوەستە بەو دۆخە ئێستایییەی، كە تێیدا دەژی و دۆخێكی نیمچە هەڵخەڵەتێنەرە.
گەردوون بە جۆرێك ترپە و ئاوازی دامەزراو، بە دوای یەكدا هاتنی تاریك و رووناكی و وەرزەكان... تاد، هەڵدەسووڕێنێ. ئەو جۆرە ترپە و ئاوازەی، كە گەردوون بەڕێوە دەبات، گواستراوەتەوە ناو دەروونی مرۆڤ و وزەیەكی زۆری لە بیر و مێشكی خستووەتە گەڕ بۆ هێنانە كایەی بەها ئێستێتیكییەكانی ژیان رێكخستن. لێدانی دەمارەكانی لەشی مرۆڤ جۆرێك ترپە و ئاوازی بەڕێوەبردنن. گرینگترین ترپە و ئاواز لە رۆیشتنی مرۆڤەوە پەیدا بووە و خۆی لەگەڵ هەقیقەتدا گونجاندووە و جۆرێك چاوگی هۆشیاربوونەوەیە.
لە شیعریشدا لە یەكەم دێڕییەوە تا دوا دێڕی رۆیشتنێكی نەرم هەیە، ترپە و ئاوازی ئەو رۆیشتنە دەبێتە ئاهەنگ. شیعری ئەم شاعیرەش بە هۆی بوونی سروشتێكی ترپە و ئاوازییەوە، دەربڕین لەبارە بوونییەكان و دەرخستنی مانا دەكات، بەڵام تەنیا لە رێگای ترپە و ئاوازەوە ناگەینە ناخی ئەدەب، ناخی ئەدەب خۆرە و زەوی وەك پێكهاتەی مەوداكان بە دەوریدا دەخولێتەوە. ناشزانین كامەیان سەرچاوە و بنەوانە و كامیان پێكهاتەیە. هەر كاتێكیش بمانەوێ بە تەواوی ئەو زانیارییە بزانین و بناسین ون دەبین.
پێوەری ئەفسوونی داهێنان
شاعیری داهێنەر، ئەگەر سەردەمێكیش بە مەبەست و ئەنقەست پشتگوێ بخرێت، ئەوە مێژووی داهێنان لە رۆژگار و كاتی پێویستی خۆیدا، زۆر بەهێز و شكۆوە دەیهێنێتەوە ناو ماڵی راستەقینەی ئەدەب. لە تەنیشت گڵۆپی بە شەوق و راستییە روونەكان رایدەگرێت. مێژووی بیركردنەوەش، ئەو مێژووەی بۆ زیندوو دەكاتەوە، كە بەهرە و كۆششی خۆی دروستی كردووە و رەوایی بوونیەتی، ناتوانین لەژێر كاریگەری دەرچین. مێژووی ئەدەب كۆمەڵێك شتن بەیەكەوە دەڕۆن و تێكەڵ بەكرۆك و ناوكی داهێنان دەبن. لەم باروبوارەشدا داهێنەر هەر بەداهێنەریی خۆی دەمێنێتەوە. خوێنەری هەمەجۆریش ناتوانێت خۆی لە ئەفسوون و كاریگەرییەكانی بەدووربگرێت. پێوەری ئەفسوونی داهێنان شوێنی بۆ دەستنیشان دەكات. لەم دەستنیشان كردنەشدا پەیوەندییە داهێنراوەكان دەدۆزرێنەوە. بەدوای ئەوەدا دەگەڕێین، كە هەیە و قسەی لەبارەوە دەكەین.

 

سەرچاوە؛ کوردستانی نوێ