![](https://www.speemedia.com/imgnews/23122023916670_handren.jpg)
هەندرێن شێخ راغب
قسەكردنی من لەسەر دۆخی ناوەوەی پارتی نیە وەك حزب، چونكە ئەو مافەم نیە، نە كادیرو نە ئەندامی ئەم حزبەم، كاری حزبی و شێوەی ئیشكردنیان پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە، بەڵام قسەی من رووی لە دۆخی حوكمڕانیەتی پارتیە وەكو حزبی حوكمڕان لەگەڵ هاوبەشەكانی كە پێكەوە حوكم دەكەن(پارتی، یەكێتی، گۆڕان). سەرۆكی حكومەت و ئیدارەی پایتەخت هەتا پارێزگارەكەی لە كابینەی حكومەت لەدەست پارتی یە. ماوەی دە ساڵیشە قەیرانی قوڵی موچە هەیەو كێشەی ژیانی رۆژانەی خەڵكە، دوای ئەوەی دەرگای وەزارەتی دارایی عێراق كرایەوە بۆ چارەسەری ئەم دۆخە، عێراق داواكاری جۆراوجۆری هەیە لەسەر لیستی موچەو چارەسەری قەیرانەكە، رای گشتی كوردستانیش هەموو رووی دەمی بە تەنیا لە پارتی یە كە وەكو سەرۆكی كابینەكەو بڕیار بەدەستی كابینەكە هۆكاری چارەسەرنەكردنی موچەیە.
یەكێتی و گۆڕانیش هاوبەشی كابینەكەن، بەڵام تەواوی ناڕەزایەتیە توندەكە رووی لە سەرۆكی حكومەت و تیمی پارتیە لە ناو حكومەت سەبارەت بە قەیرانی موچە. ئەم دۆخە ناڕەزایی توندی دروست كردووە، لە سنوری سلێمانی و ئیدارەی زۆنی سەوز، بەردەوام خۆپیشاندان و مانگرتن و ناڕەزایی و بایكۆت هەیە، تەبعەن لەسنوری زۆنەكەی سەرۆكی حكومەتیش هەمان ناڕەزایی هەیە!.
ئێستا ماوەی دوو هەفتەیە مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران لەژێر خێمەیەك دەستی پێكردووە، هەرچی دەچێتە ژێر ئەم خێمەیەو لێدوان دەدات، هێرشی توند دەكاتە سەر پارتی و سەرۆكی حكومەتەكەی، لەم خێمەیەو لەم سەكۆیە كەس نیە بەرگری لە سەرۆكی حكومەت و پارتی بكات، ناڕەزایی توند بەرامبەر پارتی و حوكمڕانیەكەی هەیەو خەڵك بە ئاشكرا لەلای خێمەكە لێدوان دەدات.
لەم كات و ساتەدا مامۆستایان و فەرمانبەران بڕیاریان دا بایكۆت و خۆپیشاندان و پەیامەكەیان بێننە هەولێرو بیدەنە دەست رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان. بە بۆچونی من ئەمە ئەو شتەیە كە دەڵێت: من لە ئاسمان تۆم دەویست، كەچی خودا لەم سەرزەوییە هێنایتە بەردەستم. هەلێكی زێڕین بۆ پارتی هەڵكەوت بۆ ئەوەی مێزەكە بەسەر نەیارەكانی ئاوەژوو بكاتەوە، چۆن؟ خەڵك دەڵێن هەولێر كۆریای باكوورە، خەڵك دەڵێن هەولێر زیندانی ئازادی رادەربڕینەو مرۆڤ ناوێرێت قسە بكات، خەڵك دەڵێن پارتی لەهەولێر دژی مامۆستایان و فەرمانبەرانەو رێگای دەربڕینی ناڕەزایەتیان نادات، خەڵك دەڵێن هەولێر دابڕێندراوە لە كوردستان و پایتەختی هەموان نیەو بە حزبی كراوە، رۆژانە دەیان تۆمەتی ئاوا رووبەڕوی پارتی دەكرێتەوە. كەواتە دەرفەتەكە چی بوو؟
دەرفەتەكە ئەوەیە مامۆستایان و فەرمانبەران خۆیان بە جلی مەدەنی و بێ چەك و بە سواری 12 دوازدە پاص هاتونەتە سنوری حوكمڕانی تۆ؟ دەیانەوێت بێنە هەولێرو بەردەم نەتەوەیەكگرتوەكان. من بومایە، پارێزگاری پایتەختم لە دێگەڵە دادەناو وەفدێكی فراوان و بەربڵاوم لە تیمی پارتی لە حكومەتی هەرێم دەناردنە پێشوازیان, لەوێ وتارم دەداو دەمگوت: زۆر زۆر بەخێربێن، ئەگەر یادداشتەكە دەدەنە دەست ئێمەو لەگەڵ نوێنەری خۆتان دەیگەیەنین بە نەتەوەیەكگرتوەكان، ئەگەر دەتانەوێت بێنە هەولێر فەرمون، دەمبردن لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتوەكان، ئەوان 12 پاص بوون، هێزی چەكداری ئێوە 120 سەدو بیست پاص بوون؟؟؟ واتە دەتانتوانی كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن لەروی ئەمنیەوە.؟؟. ئینجا دوای پشویەك و كاتژمێرێك سەرۆكی حكومەت و تیمی پارتی دەچومە ناویان و قسەی دڵی خۆم بۆ دەكردن، پێم دەگوتن فەرمون ئەوە هەولێر، فەرمون ئەوە گوێگرتن و هەماهەنگی ئێمە. چی رووی دەدا؟؟
ئەوە رووی دەدا، كە ناڕەزایی توندی سنوری سلێمانی و زۆنی سەوز بە جۆرێك دەگۆڕا، خەڵك دەكەوتە ستایش و سوپاسكردنتان، دۆخەكە بە جۆرێك دەگۆڕا خۆشتان تەسەورتان نەدەكرد. مێزەكەتان قڵب دەكردەوە بەسەر هەمووان دا. قسەی دڵی خۆشم دەكردو بە ئارەزووی خۆم لەناویان دەهاتم و دەچووم و تەوقەمان لەگەڵ دەكردن.. ئەمانە هاوڵاتی كوردستانن، تۆش سەرۆكی حكومەتی كوردستانی، یارو نەیارو دۆست و دوژمنت وەكو یەكن لەناو حكومەت، یان نابێت سەرۆكایەتی حكومەت وەربگرن، یان كە وەرتانگرت هەرچی هاوڵاتی ئەم هەرێمە هەیە دەبێت بە هی خۆتی بزانی..
ئینجا قسەیەكی تر دەكرێت گوایە ئەمانەی كە هاتوون پەكەكەو یەكێتی و عێراق هانی داون؟ ئەمە زۆر سروشتی یە، ئەی كاری حزب و رێكخستنی سیاسی چیە؟ ئەگەر حزب ناڕەزایەتی و كێشەو قەیرانەكانی خەڵك بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكار نەهێنێت؟ ئەوە هەر حزب نیە، حزب ئەوەیە بتوانێت قەیران و كێشەكانی خەڵك بەكاربێنێت و سودی خۆی لێوەربگرێت، ئەگەر حزب ئەوە نەكات وەكو دوكاندارێك وایە كە بەردەوام دەڕڕابی دوكانەكەی داخستووەو گلەیش دەكات كە بازاڕ نیە، تۆ دەبێت دوكانەكەت بكەیتەوەو كاڵاكانت بخەیتە بەردەم موشتەری بۆ ئەوەی بازاڕت هەبێت، نەوەكو بەردەوام لەناو دوكانەكەت، واتە بارەگاكەت خەریكی چا خواردنەوە بیت.
مادام پەكەكەو یەكێتی و عێراق لەپشتی خۆپیشاندەرانن، تۆش لە پشتیان بەو بڕۆ ناویان و خۆتیان لێ بكە بە خاوەن، مادام بە پێی خۆیان بۆ ماڵەكەی تۆ هاتون.
تێبینیم كرد ئەمجۆرە توندوتیژیەی بەرامبەر مامۆستایان و فەرمانبەران لە دێگەڵە كرا، تەنها دیوە توندڕەوەكەو پاشماوەی شەڕی براكوژی و حزبیە وشكەكان لە بیركردنەوە، كە زۆر جامد خەریكی پارتایەتین، ئەوان پێیان خۆش و باش بووە، ئەگینا زۆرێك لەو پارتیانەی كە تێكەڵاوی دنیای تازەو حوكمڕانی و حزبایەتی عەقڵانی بوونە بێ دەنگیان هەڵبژاردووە، باڵی توندڕەوی حزبی خوا خوای ئەم جۆرە كردەوانەیەتی. بەداخەوە دەبێت هەوڵ بدەین عەقڵیەتی حزبایەتی توندڕەوو جامد و وشك، لەناو یەكێتی و پارتی و ئیسلامیەكان و شیوعی و زەحمەتكێشان و .....هتد، هەموو حزبەكان كۆتایی پێ بهێنین. ئێمە یەك كوردستان و یەك قەزیەو نیشتمانمان هەیە. نەیاری سیاسین، بەڵام نابێت دوژمنی یەكتر بین.
هیوادارم منیش كە نوسەرێكی رەخنەگرم، لەوە زیاتر رەزا قورس نەبم هههه.
سەرچاوە : سپی میدیا