عومەر عەلی
لە سەردانەکەی محمد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان ،هەردوو بەرەی حوکمڕان و ئۆپۆزسیۆنی بە جیابینی، هەر یەکەشیان کۆبوونەوەی تایبەتیان لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەوەی ویستیان خستیانە بەر دەستی. لە کاتێکدا کە سوودانی گوێ لە لێدوانی هەردوو لا گرت چی بینی؟
یەکێتی و پارتی کە بە درێژایی ٣٣ ساڵی ڕابردوو حوکمڕانی کوردستان بوون، لە ئێستادا لە خراپترین دۆخدان و بە هەموو ڕێگایەک ئێسقانی یەکتر دەشکێنن و هەرچی پێیان بکرێت بەرامبەر یەکتر دەیکەن ،ئامادەن هەموو سازشێک بۆ هەر حیزبێکی عەرەبی بکەن ،بەڵام لە بەرامبەر یەکتردا وەک دوژمنێکی سەرسەخت مامەڵە دەکەن و هیچ جۆرە لێبوردن و سازشێکیان بۆ یەکتر نییە. لە لایەکی تریشەوە بەرامبەر بە گەلی کوردستان هەست بە هیچ جۆرە بەرپرسیاریەتییەک ناکەن و لە ئێستادا خاوەنی خراپترین جۆری حوکمڕانین و زۆرینەی هاوڵاتییانیان تووشی هەژاری و نەبوونی و بێ مووچەیی کردووە و خاوەنی بچووکترین پرۆژەی گەشەپێدان نین و بەرپرسەکانیان لە ڕێگەی حیزب و کۆمپانیاکانیانەوە دەستیان گرتووە بە سەر تەواوی دەرامەت و سامانی نیشتمانی و وەک موڵکی خۆیان و بنەماڵەکانیان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و لای ئەوان شتێک نییە بە ناوی مافی هاوڵاتی بوون و بەرژەوەندی گشتی و بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی.
سودانی کە دێتە کوردستان ئەم وێنەیە دەبینێت و ئۆپۆزسیۆن و هاوڵاتییانیش جەختی لەسەر دەکەنەوە و زیاتر دیوە نهێنییەکانی ئاشکرا دەکەن و زیاتر ئاشنای دەکەن بەم زانیارییانە.
لە لایەکی تریشەوە وەک چۆن دوو پارتە حوکمڕانەکە ئامادە نەبوون بە یەکەوە سوودانی ببینن ،بە هەمان شێوە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانیش لەناو یەکدا ناکۆک و بێ متمانەن بەرامبەر یەکتر و لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانیدا سەرەڕای ئەوەی نەیانتوانی بەرەێکی ئۆپۆسیۆن دروست بکەن لە هەڵبژاردنەکاندا ،لە سەردانەکەی سوودانیشدا بە هەمان شێوە نەیانتوانی لە ڕێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە سوودانی ببینن.
حوکمڕانەکانی هەرێمی کوردستان بە هۆی درێژەدان بە گەندەڵی و تاڵانی و حوکمی کلیپتۆکراسی، هەموو ڕێگەکانیان لە بەردەم ئۆپۆسیۆن و هاوڵاتییاندا داخستووە، وایان لێ کردون کە تەنها ڕێگەی ڕزگاری لە هانابردن بۆ بەغدا. بزانن بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکات، بەڵام ئایا بەغدا کە بەم شێوەیە هەرێمی کوردستان و هێزە سیاسییەکانیان دەبینێت ئایا دەبێتە ئەو دەرچە ڕزگارییەی کە ئۆپۆسیۆن و هاوڵاتییان چاوەڕێی لێ دەکەن، یان ئەوانیش ئەمە دەکەنە خاڵی لاوازی هەرێم و دوا جار بە شوێن ئەو هەنگاوانەدا دەڕۆن کە لە ئەجیندا تایبەتییەکانی خۆیاندا هەیە و دەیانەوێت دواجار هەرێمی کوردستانیش بەرەو لاوازی و گەڕانەوە بۆ بەشێک لە عێراق بەرن.
ئەمە ئەو وێنەیە بوو کە سوودانی لە هەردوو لا بینی، لە دوای ئەمەوە ئایا دەبێت سوودانی و حوکمڕانانی بەغدا چۆن سەیری هەرێمی کوردستان بکەن و چۆن مامەڵە لەگەڵ هێزە سیاسییەکانیدا بکەن، لە کاتێکدا هەموویان دەیانەوێت ئەوی تریان لەکەدار بکەن و ئێسقانی ئەوی تر بشکێنن و وەکوو کۆمەڵە هێزێکی دژ بە یەک دەرک دەکەون و هیچ پلان و ستراتیژیەتێکی نیشتمانی و نەتەوەییان نییە کە خاوەنی بن ،
لە ئێستادا حوکمڕان و هاوڵاتی و ئۆپۆزسیۆن هەمویان ڕویان لە بەغدایە ،بەغداش خاوەنی ئەجیندای تایبەتی خۆیەتی و ئەویش ڕوی لە شوێنی ترەو لەوێوە ئیعاز وەردەگرێت.
سەرچاوە : سپی میدیا