ئەنەکەسە بۆچی؟

 

 

 

شوان حەمە

 

ساڵی ٢٠١٢ بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی لە هەولێر، ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) پێکهێنرا.

بیرۆکەی درووستکردنی ئەنەکەسە لەلایەن مەسعود بارزانییەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی و هاوسەنگی نێوان پەکەکە و پارتی .

مەسعود بارزانی کەمێک درەنگ لە پێشبینی و ئامادەکاری پەکەکە، بۆ ڕووداوەکانی سوریا تێگەیشت. کاتێک ڕووداوەکان پەرەیان سەند و کوردانی ڕۆژئاوا یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنیان ڕاگەیاند، بارزانی کۆنە پارتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریا و هەندێک کەس کە پاشخانی بنەماڵەییان لە ڕۆژئاوا هەیە، کۆکردەوە ناوی نان ئەنەکەسە.

ساڵی ٢٠٠٧ مەسعود بارزانی لە میدیا عەرەبییەکانیەوە هەڕەشەی دەستێوەردانی لە پرسی کورد لە ناوخۆی تورکیا کرد، ئەردۆغان کە ئەوکات سەرۆکوەزیرانی بوو، زوو لەوە تێگەیشت ئەوەی بەهێزی توند ناتوانێت ئەنجامی بدات، بە هێزی نەرم و پەیوەندی هەواڵگریی و بەرژەوەندی ئابووری نێوان تورکیا و پارتی، ئەنجامی دەدات. بەشێک لە  ئەنجامەکانی ئەو سیاسەتەی ئەردوغان، بێجگە لە گرێبەستی پەنجاساڵەی نەوتی هەرێم و تورکیا، بەکارهێنانی ئەنەکسە بوو بە ڕووی پرۆژەی خۆسەری دیموکراتی لە ڕۆژئاوای کوردستان.

دوای ڕووداوەکانی ڕێکەتنی تورکیا و پارتی، مەسعود بارزانی ئەنەکەسەی بە قوفڵ و کلیلەوە ڕادەستی تورکیا کرد. ئەندامانی سەرکردایەتی ئەنەکەسە لە هوتێلەکانی ئیستەنبول نیشتەجێ کران. ئەنەکەسە لکێندرا بە ئیئتیلافی نیشتمانی سوری نزیک لە تورکیا.  لەو دەمەوە تا پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی لە سوریا، ئەنەکسە ڕۆڵی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی تورکیای لە ناوخۆی ماڵی کورد پێ سپێردرابوو. بۆ گەرەنتیکردنی پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانەش، بارزانی هێزێکی چەکداری لە ئاوارە کوردەکانی ڕۆژئاوا، بە ناوی هێزی ڕۆژ درووست کرد، هێزی ڕۆژ لەلایەن ڕاهێنەرە سەربازییەکانی تورکیاوە ئامادە کرا.

تا هاوینی ٢٠٢٤ موچە و بودجەی ‌هێزی ڕۆژ، کە ژمارەیان بە هەزارانن، لە قاسەی حکومەتی هەرێم دابین دەکرا.

تا ئێستا بەشی هەرە زۆری چالاکییەکانی ئەنەکەسە لە ناوخۆو دەرەوەی ڕۆژئاوا کوردستان، دژی دەسەڵاتی خۆسەری بووە. هەرکاتێکش ئەندامانی ئەنەکەسە لەلایەن ئاسایشی ڕۆژئاوا دەستگیرکرابێتن، ئەنەکەسە هەڵمەتی باڵێۆزخانە ئەوروپییەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی دژی دەسەڵاتی خۆسەری دەستپێکردوە. 

دوای پەنجاو هەشت ڕۆژ شەڕی بەرگری لە عەفرین لەلایەن یەپەگە و یەپەژە و داگیرکردنی شارەکەلە لایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئیئتیلاف بە هاوکاری تورکیا، ئەنەکسە هەوڵی دا وەک نوێنەری کوردانی عەفرین خۆی بناسێنێت. بەڵام لە زەویلەرزەکەی ساڵی ٢٠٢٣  کە شاری عەفرینیشی گرتەوە، ئەنەکسە نەیتوانی، تەنانەت یەک ئۆتۆمبێلی هاوکاریی دەزگای خێرخوازی بارزانی بگەیەنێتە ناو شارەکە.

دوای ڕووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و دەرکەوتنی ابو محمد جولانی و هەیئەی تەحریری شام،، بەهای ئەنەکەسە، وەک کارتێکی گەمەکردن دابەزی. عەبدولکەریم بەشار کە بە نوێنەرایەتی ئەنەکەسە لە سەرکردایەتی ئیئتلافدا پۆستی جێگری سەرۆکی هەیە، دوای پێنج ڕۆژ چاوەروانی، ڕێگەی نەدرا جولانی ببینێت. 

ئێستا بۆ تورکیا، جولانی کارتە بەهێزەکەیە، نەک ئیئتلاف و ئەنەکەسە. بارزانی لەوە تێگەیشتووە، ئەو کارتەی سیازدە ساڵ پێش ئێستا درووستی کرد، تا ئاستێکی زۆر بەها و کاریگەریی دابەزیوە. 

وا پێدەچێت لێرە بەدواوە، ئەنەکەسە و ئیئتلاف کاریگەری ئەوتۆیان لە ئایندەی ڕووداوەکانی سوریادا نەبێت و تورکیا پشتیان لێ بکات، یان وەک داردەستێکی هەواڵگری لێرەو لەوێ بەکاریان بێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەنەکسە بووە بە واقیع و دەبێت بەرپرسانە سەودای لەگەڵ بکرێت. 

ماوەی پێنج ساڵ فەرەنسییەکان هەوڵ دەدەن ئەو گرێیەی ناو ماڵی کورد لە ڕۆژئاوای کورستان بکەنەوە. نزیکەی دوو ساڵە ئەمریکیەکانیش بە هەوڵەکانی فەرەنساوە پەیوەست بوون، لە ئێستادا فەرەنسا و ئەمریکا فشار لە خۆسەری و ئەنەکەسە دەکەن، نوێنەرایەتییەکی هاوبەش بۆ دانوستاندنە چاوەروانکراوەکانی دیمەشق پێکبێنن. 

لێرە بەدواوە چارەسەر لەدەستی مەسعود بارزانی و مەزڵوم کوبانێدایە. ئایا دەتوانن ڕێکبکەون و  لە داهاتوودا دڕکەکان گوڵ بگرن؟

 

سەرچاوە : سپی میدیا