ئەنوەر قەرەداغی

هونەرمەندی بە سەلیقە و خۆڕسك، مۆسیقاژەن و ئاوازدانەری گەورەی کورد مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی.
ناوی تەواوی (محەمەد ئەنوەر عومەر محەمەد)ە، لە ساڵی 1946 لە شاری هەڵەبجەی جوان و ڕەنگین لە دایک بووە، سەرەتا چۆتە حوجرەی )فەقێ( یان لە مزگەوتی پاشا، دواتر قوتابخانەیەکی تر کراوەتەوە لەگەڵ براکەی چوونەتە قوتابخانەی سەرەتایی، ساڵی 1954 ماڵیان چۆتە شاری سولەیمانی لە وێ لە قوتابخانەی )فەیسەڵيە(یە خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە، هێشتا هەر لە قوتابخانەی سەرەتایی بووە دەنگی خۆش بووە و مامۆستاکەی )ولیەم یۆحنا( هەستی پێکردووە و بایەخی پێداوە و لە تاقمی سروودی قوتابخانەی داناوە کە هەموو بەیانیان سروودیان گوتوەو قوتابیان گوێیان لێگرتوون، قوتابخانەی ناوەندی لە سلێمانی تەواو کردووەو چۆتە خانەی مامۆستایان لە 26 / 1/ 1964 بە پلەی یەکەم تەواوی کردووە، بۆتە مامۆستا لە گوندی )کەڵەکن( لە دەوروبەری شاری سلێمانی.
ئەنوەر قەرەداغی هێشتا لە قۆناغی ناوەندی بووە، دەستی بە لێدانی هەندێ ئامێری مۆسیقا کردووە، دواتر لەسەر )کەمان( گیرساوەتەوە، پەرەی بە تواناکانی خۆی داوە و مامۆستاکەشی زۆر بایەخی پێداوەو 
نۆتەی مۆسیقای نووسیوەتەوەو بە مامۆستا ولیەم یۆحنای پێشان داوە، ئەویش پێی وتووە باشە خۆت چاکی بکە، پاش دوو ساڵ دەگوازرێتەوە بۆ چاڵاکی قوتابخانەکانی سلێمانی دەبێتە سەرپەرشتیاری هونەری مۆسیقا لە قوتابخانەکان و چەندین تیپی سروودی قوتابخانەکانی دامەزراندووەو نۆتەو مۆسیقای بە )ستێنسل(ی خۆی نووسیووەو بە ڕۆنیۆ ڕایکێشاوە و دابەشی هەموو قوتابخانە سەرەتاییەکانی عێراق و شارە کوردیەکانی کردووە، دوای ماوەیەك داوایان لێکردووە ئیتر بەس بۆ قوتابخانەکانی کوردستان بینێرێت.
لە ساڵەکانی 1965 - 1966 دوو خوڵی فێربونی مۆسیقای کردۆتەوە و خۆی سەرپەرشتی کردووە و لە ساڵی 1964 یەکەم تیپی مۆسیقای )کۆمەڵی خۆشی و بەختیاری( دامەزراندووە بە یارمەتی هاوڕێکانی کۆمەلێک بەرهەمیان لە رادیۆی کوردی بەغدا تۆمار کردووە و ستۆدیۆیەکی بچووک و خنجیلانەی بۆ چاڵاکی قوتابخانەکان دروست کردووە و لە 23 / 2/ 1967 ئەم تیپە بووە بە تیپی مۆسیقای سلێمانی کە تاوەكو ئێستا ماوە.

ناوبراو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری تیپی نواند و مۆسیقای سولەیمانی بووە لە ساڵی 1969 و لە ساڵی 1971 گوزراوەتەوە بەرێوەبەرایەتی چاڵاکی هونەری لە زانکۆی سلێمانی و بۆتە لێپرسراوی بەشی مۆسیقا و تیپی میللی زانکۆی دروست کردووە کە سەر بە مەلبەندی رۆشنبیری زانکۆ بووە.
لە ساڵی 1973 بەشداری لە ڤیستیڤاڵی لاوانی جیهانی کردووە و ڕۆلیکی گرنگی گێڕاوە و لە ساڵی 1974 بۆتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و پاش هەرەس هێنان دەگەڕێتەوە و دووری دەخەنەوە بۆ پارێزگای )السماوة( لە باشووری عێراق لە وێ لە چالاکی قوتابخانەکان کار دەکات و تیپی مۆسیقای قوتابیانی سەر بە پەروەردە دادەمەزرێنی و لە ڤیستیڤاڵێکدا خەڵاتی یەکەم وەردەگرێت، پاشان گەڕاوەتەوە سلێمانی لە هەمان شوێنی خۆی لە زانکۆی سلێمانی دەستبەکار دەبێتەوە، کە لە ساڵی 1981 زانکۆی سلێمانی دەگوازرێتەوە هەولێر ئەو دەبێتە مامۆستا لە هونەرە جوانەکانی 
سلێمانی و لە بەشی شانۆ و دەرسی )چیژی مۆسیقا و شانۆی گۆرانی...( دەڵێتەوە و دواتر ساڵی 1998 بۆتە سەرۆکی بەشی مۆسیقا لە هونەرە جوانەکان.
لە هونەرە جوانەکانی سلێمانی ساڵی 1985 بە زەمالەی تەدریبی ناردوویانەتە تورکیا - ئەزمیر - بۆ خوڵێکی )کۆنسەر فتواری( بۆ ماوەی چل رۆژ تاکو لە شێوازی ئەم جۆرە هونەرەش فێربێت، لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان ئەندام بووە لە پرۆگرامی خوێندنی بەشی مۆسیقا لە هەموو پەمانگاکانی عێراق، لە ساڵی 1998 گوازراوەتەوە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان وەك ڕاوێژکاری هونەری و لە هەمان ساڵدا چۆتە وڵاتی سوید و لەوێش لەگەڵ هونەرمەندانی کورد چەند چاڵاکیەکی نواندووە و بە بۆنەی کیمیابارانی هەڵەبجەوە ڤیستیڤاڵێکی گەورەشی سازکردووە لە کۆمەڵەی )هیوا( لە شاری ستۆکهۆلم کە لێپرسراوانی سویدیش تیایا ئامادەبوونە، پاش دوو ساڵ گەڕاوەتەوە کوردستان.
ئەنوەر قەرەداغی لە ژیانی کاری هونەری خۆی چەندین پارچە مۆسیقای بۆ رادیۆی کوردی و تەلەفزیۆنی بەغدا و کەرکوك داناوە وتۆمار کراوە و بۆ هەموو رادیۆ و تەلەفزیۆنە کوردیەکانیش پاش ڕاپەڕین، ئاوازی بۆ 
زۆربەی زۆری هونەرمەند و گۆرانی بێژانی سلێمانی و شارەکانی تری کوردستان داناوە، جگە لە یارمەتی دانیان لە دابەش کردن و تۆمارکردنی بەرهەمەکانیان لە ستۆدیۆ بچکۆڵانەکەی خۆی، لە بابەتی دراما و مۆسیقای شانۆیی و فیلمی سینەمایی و زنجیرە تەلەفزیۆنی چەندین پارچە مۆسیقای داناوەو هەموو سروودە نیشتمانی و ئایینی و سروودی مناڵان لە ئەرشیفی خۆی تۆمار کردوو و هەلیگرتوون، ئەو کاتەی لە سوید بووە مۆسیقای بۆ دوو فلیمی سویدی و شانۆیەکی سویدی داناوە و لە یەکێکیشیان دەورێکی بچووکی دیووە، فلیمی هونەرمەند سامان فایەق کە بە ناوی )هەڵاتن(ە خەڵاتی یەکەمی وەرگرتووە، هەروەها مۆسیقای تەسویری بۆ زۆر لە زنجیرە تەلەفزیۆنی و دراما کوردیەکان و مۆسیقای شانۆیی داناوە. ناوبراو لەگەڵ هونەرمەند فەرید لیسا لە سوید کتیبێکیان کە هەمووی گۆرانی مناڵانە بە کوردی سۆرانی و بادینانی و لاتینی لەگەڵ نۆتەکان بۆ منداڵانی کورد لە هەندەران داناوە، نووسەر )فایەق. ..( کتیبێکی لەسەر ژیانی ئەنوەر قەرەداغی داناوە بە ناوی )حەوت رۆژ لەگەڵ قەرەداغی دا( دەزگای سەردەم بۆی چاپ کردووە، چەندین بابەتی نووسراوی لە رۆژنامە و گۆڤارە کوردی و عەرەبیەکان بڵاوکردۆتەوە دەربارەی مۆسیقاو ڕەوتی مۆسیقای کوردی، چەندین گۆڤار و رۆژنامەی بیانی و عەرەبی و سویدی و ئینگلیزی وتاری لێکۆڵینەوە و ڕەخنەیان لەسەر ئەنوەر قەرەداغی بە باشی نووسیووە.
ناوبراو خاوەنی )12( کۆڕالە کە لە ڕێگای پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی و تیپی مۆسیقای سلێمانی ئەنجامی داوە، دوا کۆڕالیش )لاس و خەزاڵ، هەڵسانەوەی هەڵەبجە، ئەنفال، هەواری هەڵەبجە( و بابەتی تری زۆری نووسیووە هێشتا بڵاونەکراوەتەوە، خاوەنی )٥( تابڵۆی هەڵپەڕکێیە کە بە بەردەوامی لە تەلەفزیۆنە کوردیەکان لێدەدرێت، دامەزرێنەری )ئۆرکسترای نیشتمانی(یە کە لە ساڵی 2002 دەمەزراوە و چەند ساڵێك بەڕیوەبەری بووە، دامەزرێنەری )گرووپی کیژانی سلێمانی(یە لە ساڵی 2003 تا ئێستاش بەردەوامە.
ئەنوەر قەرەداغی ئاواز دانەرێکە لە شێوازی میللی و ئاسایی و ئۆرکسترایی کە توانی مۆسیقای کوردی لەسەر جادە و لە ماڵەکان بگوازێتەوە سەر شانۆ و ستۆدیۆیەکان، یەکەم کەس بووە بیرۆکەی دروستکردنی ستۆدیۆی هەبووە بە یارمەتی پەیمانگای هونەرە جوانەکان و زانکۆی سلێمانی، قوتابیەکی زۆر لە ژیر دەستی ئەو فێری مۆسیقاو ئاوازی کوردی بووینە، دەیان جار خەڵاتی وەرگرتووە لە ناوەوەو لە دەرەوەی وڵات خەڵاتی سەرۆك کۆمار )مام جەلال(یشی وەرگرتووە،
 ئەندامی کۆنگرەی نیشتمانی عێراق بووە پاش رزگار کردنی عێراق و )5( ساڵ ڕاوێژکاری هونەری بووە لە ئەنجومەنی وەزیران دواتر ئەنجومەنی ڕێکخراوی هونەرمەندانی کورستان تا ساڵی 2007 لەگەڵ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی ماوەتەوە، سروودی )ئەی رەقیب و مەشخەڵان(ی لەگەڵ ئۆرکسترای )هەنگار(ی بە توانایەکی باش تۆمار کردووە.
ئەنوەر قەرەداغی لە لایەن زۆر لە رێکخراوە فەرمی و نا فەرمیەکان ڕێزی ڵێنراوە لە وانە )ڤیستیڤاڵی لاوانی جهانی ساڵی 1973، وەزارەتی رۆشنبیری عێراقی لە ڤیستیڤاڵی )قوبانچی( ساڵی 2005، رێکخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن، سەندیکای هونەرمەندانی عێراقی و کوردستان، بڕوانامەی باشترین داهێنانی مۆسیقای لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان ساڵی 2005 وەرگرتووە، لە زۆربەی زۆری ڤیستیڤاڵەکانی بەدرخان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەشداربووە و ڕێزی ڵێنراوە، ناوەندی ڕاگەیاندن و رۆشنبیری عێراقی و، تەلەفزیۆنی کەرکوک، بڕوانامەی )لەپ زێڕین( لە ناوەندی )نامۆ( لە سوید ساڵی 2018، شکۆنامەی زانکۆی سلێمانی، کۆنگرەی ناودارانی کورد لە ئیران 2019، بڕوانامەی داهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان 2004، بڕوانامەی ڕێزڵینان لەلایەن یەكێتیی نێودەوڵەتی مۆسیقا زانانی عەرەبی کە لە سلێمانی بەسترا ساڵی 2021(.
لە رۆژی ١٣ / ١/ ٢٠٢٢ هونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی لەسەر داوای یەكێتیی نووسەرانی كورد لقی هەولێر لە هۆڵی شەهید مەهدی خۆشناو لە هەولێر
ئێوارەکۆڕێکی سازکرد لەژێر ناونیشانی )مۆزیك و ڕێڕەوی ژیانم( کە کۆمەڵێک هونەرمەندو رۆشنبیرانی شاری هەولێر تیایا ئامادە بوون. هونەرمەند و مۆسیقاژەنی گەورەی کورد هەر سەرکەوتوو سەرفرازبیت بۆ خزمەتی گۆرانی و مۆسیقای کوردی.

 

سەرچاوە: خۆم و ئەستێرە گەشەكان- نەجمەدین عەزیز سمایل