ئەزموونی گەلان

موحەمەد حسەنین هەیکەل، ناوێکی تەواو ناسراوی گۆڕەپانی میدیا و سیاسەتە. بەرهەمەکانی گەلێک زۆرن و لە زۆربەی ڕووداوەکاندا، بەشدار و خاوەن رای خۆی بووەو گوێی لێگیراوە. یەکێک لە بەرهەمەکانی، ساڵی 1995 چاپکراوە،لەژێر ناوی" قەیرانی عەرەب و پاشەڕۆژیان".
لە بەشێکی دا باس لە چوار ئەزموون دەکات لە وڵاتی میسر لە چەند سەردەمێکی جیاواز و هۆکاری شکستی هەریەکێکیان.

یەکەمیان: پڕۆژەی موحەمەد عەلی پاشا بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەردەمیانە، بەڵام ئەم پڕۆژەیە شکستی هێنا، چونکە تەنیا پشتی بەهێزی سوپا بەستبوو، دەڵێت: " دەوڵەت ئەتوانێت سوپا بنیات بنێت، بەڵام سوپا ناتوانێت دەوڵەتی سەردەمیانە دابمەزرێنێت".

دووهەمیان: سەردەمی ڕۆشنگەریی (ئیسماعیل) پێش داگیرکاریی بەریتانیا، سەردەمی زانستەکان و سەرخانی ڕووناکبیریی و ڕۆژنامەگەریی بوو. دیسان شکستی خوارد، چونکە شارستانیەت بەخواستن دروست نابێت و نوێگەریی بە لاسایی کردنەوە پێک نایەت.

سێهەمیان: ئەزموونی نیمچە لیبرالی دوای شۆڕشی 1919، ئەم ئەزموونەش شکستی هێنا، چونکە دەستەبەرو  گەرەنتی سەربەخۆیی نیشتیمانیی بریتییە لە توانست و شایەنداریی لە کایەی بەڕێوەبردن و حوکمداریی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی.

چوارهەمیان: ئەزموونی پرۆژەی نەتەوەیی (جەمال عەبدولناسر) بوو. بەهەمان ئەنجامی پرۆژەکانی تر سەرنەکەوت چونکە بە قۆناغی نۆرماڵ و سروشتیی خۆیدا تێنەپەڕیی و بەرچاوتەسکی وایکرد کە قۆناغەکان کورتتر بکرێنەوە وبازیان بەسەردا بدرێ  ودواجار باجەکەیان لە (سینا) دا .
لە ڕاستیدا هەریەک لەم ئەزموونانە بۆ کوردستان ،پێویستیی بە وەستان و خوێندنەوە هەیە.ئایا بەچەندیانا تێپەڕیووین و ئێستا لە کامیانداین؟
*
(​​​​​​سەرچاوە: ازمة العرب و مستقبلهم ،لاپەرەکانی 12, 13.محمد حسنین هیکل 1995).

ناسح حەمە حسێن