ئاڵدار خەلیل، ئەندامی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە رایگهیاند، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت شەڕ و قەیران لە هەرێمەکە قوڵ بکاتەوە و بە گوێرەی ئەوان ئەگەر پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتی جێگیربێت، ئەگەر گەلی کورد وەک گەلانی دیکە ببنە خاوەن ماف و ژیانێکی ئازاد، کۆتایی بە تورکەکان دێت، "بۆچی لە ناو ترسێکی بەو جۆرەدایە؟ لەبەر ئەوەی کۆماری تورکیا کاتێک دامەزرا لە بنەمای لەناوبردنی کوردان دامەزرا".
ئاڵدار خەلیل سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باكور و رۆژههڵاتی سوریا، به ئاژانسی هەواڵی فورات-ی راگهیاند، "تورکیا بە تایبەتیش حكومهتی ئاکەپە-مەهەپە هەبونی خۆی لە سڕینەوە و لەناوبردنی کورد دەبینێت، هەبونی خۆی لە پاکتاوکردنی پرۆژەی دیموکراتیک دەبینێت، بە گوێرەی ئەوان ئەگەر پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتی جێگیربێت، ئەگەر گەلی کورد وەک گەلانی دیکە ببنە خاوەن ماف و ژیانێکی ئازاد، کۆتایی بە تورکەکان دێت. بۆچی لە ناو ترسێکی بەو جۆرەدایە؟ لەبەر ئەوەی کۆماری تورکیا کاتێک دامەزرا لە بنەمای لەناوبردنی کوردان دامەزرا".
ئاماژهی بهوهشكردوه، "کورد و تورک پێکەوە کۆماری توركیایان دامەزراند، بەڵام دەوڵەتی تورک چی کرد؟ ئەو بەڵێنانەی لەبیرکرد کە بە کوردانی دابو، لە دژی کوردان سیاسەتی کۆمەڵکوژی و قڕکردنی گرتەبەر، بۆ ئەوەی کوردەکان داوای مافی خۆیان نەکەن هێرشی کردە سەر کوردان و ویستی لەناویان ببات، دەوڵەتی تورکیا 100 ساڵی تێپەڕاند، بەڵام 100 ساڵە بەو ترسەوە دەژی، دەترسێت کە کورد ببنە خاوەن ماف".
ئاڵدار خەلیل دهڵێت، "مافەکانی گەلی کورد رەوان، هەزاران ساڵە ئەو گەلە لەسەر ئەم خاکە دەژی، مێژو، کولتور و زمانەکەی ناسراوە، کاتێک مرۆڤ ئاوڕ لە هەمو کنە و پشکنین و لێکۆڵینەوەیەکی مێژویی دەداتەوە دەبینێت کە لەم خاکەدا شارستانیەت لەلایەن ئەم گەلەوە دامەزراوە، دەوڵەتی تورکیا لەم راستیە دەترسێت".
ئهوهشی خستهڕو، "ئاشکرایه کە تورک خاوەن ئەم خاکە نین، لە دەرەوە هاتون و لە سەر ئەم خاکە لە دژی کورد، ئاشوری، ئەرمەن و زۆر گەلی دیکە کۆمەڵکوژی و تاڵانکارییان ئەنجامداوە، یەک لە هۆکارەکانی ترسەکەی ئەمەیە، لەبەر ئەوەش دەیەوێت هێرشهكان بەرفراوان بکات و حوکمی خۆی بەسەر هەمو گەلاندا بسەپێنێت، هەربۆیە کوردەکان وەک دوژمنی سەرەکی خۆی دەبینێت. دەوڵەتی تورکیا نەک هەر هەوڵ دەدات ئەوەی بەدەستیەوەیەتی بیپارێزێت، لەگەڵ ئەوەش دەیەوێت ناوچەی تازە داگیربکات. وابیردەکاتەوە کە بەم جۆرە دەتوانێت هەبونی خۆی بپارێزێت".
ئاڵدار خەلیل رونیكردهوه، "دوای شەڕی جیهانی یەکەم لە هەرێمەکەدا نەخشەی نوێ ئامادەکران، بە گوێرەی ئەو نەخشەیە عوسمانی ئەو باڵادەستیەی بەسەر دەوڵەتانی دیکەوەی هەبو لە دەستیدا، عوسمانی لێرە تێکشکا، دەوڵەتی تورکیا ئێستا پلانی هەیە کە ئەو ناوچانەی عوسمانی لە دەستی داون، بەدەستیان بهێنێتەوە، ئەمڕۆ شەڕ لە ناوچەکەدا لە ئارادایە، پرسی ئاسایش لە هەرێمەکە لە ئارادایە، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ئەو شەر و ئەم قەیرانە دژوارتر بکات، بەم جۆرە دەیەوێت خاکی ژێر دەستی بەرفراوانتر بکات، ئەوان دەیانەوێت تورکیای گەورە دابمەزرێنن، ئەو پلانە چۆن ئەنجام دەدات؟ دەیەوێت ئەو هەرێمەی کوردیان تێدایە بەدەستیان بهێنێت و کورد لەناو ببات، لەلایەکی دیکەوە دەیەوێت سنورەکانی دەوڵەتەکەی بەرفراوان بکات، ئامانجی سەرەکی دەستبەسەرداگرتنی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و باشوری کوردستانە".
ئەندامهكهی کۆمیتەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە دهڵێت، "لەو رۆژەوەی بەهاری گەلان دەستیپێکرد و دەوڵەتی تورکیا هەوڵ دەدات حکومەتێکی جیاواز دروست بکات، نایەوێت لە سوریا سیستمێکی دیموکراتی دابمەزرێت، بەردەوام پشتیوانی لە گروپە چەتەکان دەکات، چەتەکانیش هەر کار بۆ ئەوان دەکەن، بڕوانن، ئەو چەتانەیان بردە هەمو شوێنێک، لە سۆماڵەوە تا لیبیا، ئازەربایجان و لە دژی گەریلاش بەکاریان دەهێنن، ئەو چەتانە بەرامبەر زۆر وڵات بەکاردەهێنن، یەک لەو وڵاتەنش سوریایە، ئەو چەتانە لە ئیدلب، عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی بەکاردەهێنن، ئێستاش دەیەوێت لە ناوچەی جیاوازی دیکە بەکاریان بهێنێت".
پهیوهست به ههڵبژاردنی شارهوانیهكانی باكور و رۆههڵاتی سوریا، ئاڵدار خەلیل كه بۆ مانگی (ئاب/8)ی ئهمساڵ دواخراوه، دهڵێت، "وەک دەزانرێت دو ساڵ بون کە ئامادەکاری پەیماننامەی کۆمەڵایەتی لە رۆژەڤدا بو، لە هەمو پێکهاتە نەتەوەییەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کۆمسیۆنێکی 158 کەسی دامەزرا، کۆتایی ساڵی رابردو پەیماننامەکە پەسەند کرا و راگەیەندرا، بە گوێرەی ئەوەش ئەم پەیماننامەیە سیستمی خۆی رێکدەخات و سەرلەنوێ دایدەمەزرێنێتەوە، واتا هەمو شتێک ئیتر بە گوێرەی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێت، بە گوێرەی پەیماننامە دەبێت لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی دیموکراتیکەوە گۆڕانکاری بکرێت، یەک لەوانەش گۆڕانکارییە لە شارەوانیدا".
ئهوهشی خستهڕو، "بەگوێرەی پەیماننامەکە سیستمی شارەوانیەکان گۆڕدرا، بۆ ئەوەی شارەوانیەکان بتوانن خزمەتێکی باشتر بکەن دەبێت سیستمەکە سەرلەونێ دابڕێژرێتەوە، باشە ئەو سیستمە چۆن پێکدەهێندرێت؟ بە سیستمی پارتێک یاخود لایەنێک نابێت، بۆ ئەوەش دەبێت پێکهاتەکانی گەلانی هەرێمەکە كۆببنەوە و شارەدارییەکانی خۆیان بونیادبنێن، ئەم بابەتەش هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتە سیاسیەکان و پرسی یەکپارچەیی وڵاتەوە نییە، ئەوە بابەتێکی خزمەتگوزارییە، پەیوەندی بە ژیانی کۆمەڵایەتیەوە هەیە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هەندێک لەو هێزانەی لەگەڵیدان و هاوکاری دەکەن ئەوە قەبوڵ ناکەن. دژی دەوەستنەوە".
بهپێی وتهی ئاڵدار خهلیل، ئەگەر ههڵبژاردن بهڕێوهبچێت، "ئەو کاتە خزمەتێکی باشتری پێشکەش بە گەل دەکرێت، کێشەکان چارەسەر دەکرێن، رێکخستنی کۆمەڵگا بەهێزتر دەبێت، بەڕێوەبەریە خۆجێییەکان بەهێزتر دەبن، ئەمەیان ناوێت، تالەدەستیان بێت هەوڵ دەدەن لە دژی بوەستنەوە".
سەرچاوە : ئاوێنە