لە گەلەری فێرگەی فرێمینگ، 25 تابلۆی بێریڤان حەمۆش، شێوەکاری رۆژئاوای کوردستان نمایشکرا، تابلۆکان بە قەبارەی جیا جیا بوون و گوزارشتیان لە ئازار و مەینتییەکانی خەڵکی عەفرین دەکرد.
بێریڤان حەمۆش، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چەند ساڵێک بەر لە ئێستا بڕیارم دابوو رۆژێک لە رۆژان پێشانگەیەکی تایبەت لە هەولێر بکەمەوە، ئەمە خەونی من بوو، بۆیەی ئەو تابلۆیانەم تایبەت بۆ ئەم پێشانگەیە نەخشاندوونە، زۆربەی تابلۆکانم لە هەولێر کێشاوە".
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "تابلۆکانم مانای جیا جیایان هەیە، بە تایبەت باس لە ئێش و ئازاری عەفرین و گەلی کورد بەگشتی دەکات". گوتیشی "پێشانگەکەم ناو ناوە بوخچەی یادەوەری کە پێش جەنگ خۆشەویستی، هاوڕێیەتی و ژیانێکی سادە هەبوو، دوای جەنگیش ماڵوێرانی و دەربەدر و نەمانی جوانی سرووشتی بەدوای خۆیدا هێنا".
بێریڤان حەمۆش روونیشیکردەوە، سوور رەنگێکی گەرمە و لە تابلۆکانیدا بەدی دەکرێت، لای ئەو رەنگی سوور بە مانای ژیان دێت، چونکە خوێن سوورە، خوێنیش واتە ژیان و دەیەوێت لە رێگەی تابلۆکانی پەیامی ئاشتی بگەیێنێت.
پێشانگەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی 'هێلان'ـی پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانییە، بە هاوبەشی لەگەڵ فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی و سێڤ گەلەری کە ماوەی دوو ساڵە بەردەوامە و گرنگی بە هونەر و پڕۆژەی هونەریی گەنجان دەدات.
بێریڤان حەمۆش، لە 1990 لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لە دایکبووە، دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی حەلەبە لە سووریا، ئێستا لە هەولێر نیشتەجێیە و لە چالاکی هونەریی بەردەوامە.
ئەو شێوکارە کوردە، بەشداری لە چەندین پیشانگەی تایبەت و هاوبەشدا لە رۆژئاوای کوردستان و وڵاتاندا کردووە و یەکەمجارە لە هەولێر پێشانگەیەک دەکاتەوە.
سەرچاوە: rudaw- بڵند تاهیر