پەندی پێشینان
بۆیە پێت ئێژم کاکە، چۆلەکەم بۆ بگری
واتە: بۆیە خوڵتەت پێ ئەکەم، کەلێکم بگری.
ببێ بە ئاگر ژێر خۆی ناسووتێنێ
واتە: ئەگەرچی زۆرییش دڕندە بی، بۆ دەور و بەر خوەی مەترسییەکی نییە.
ئاشتی پشیلە و مشک، پرسەی بەقاڵە
واتە: ئەگەر دوو دوژمن پێکەوە ئاشتی بکەن، مەترسی ببێ بۆ یەکێکیتر کە پەیوەندی بەوانەوە هەیە.
دیزەیەک کابان بیشکێنی تەقەی نایە
واتە: وەختێ کەسە گەورەکانی ناوخێزان و ناوکۆمەڵگا کارێکی نابەجێ دەکەن بەبێ دەنگ لێیان ناکرێت بە هەڵا وەک کەسی سادە!
هەرچی سمێڵی سوور بوو هەمزاغا نییە
واتە: ووردبوونەوەو چاوکردنەوە پێویستە بۆ ناسینی ڕاست و دروست، وە ناکرێت تەنها لەبەر خاڵێکی سادە بڕیاڕێکی هەڵە بدەین!
ئەگەر گوڵ نیت دڕکیش مەبە
واتە: تابۆت دەکرێت چاکە بکە، کاتێککە چاکەت بۆ ئەنجام نادرێت ئیتر خراپە مەکە!
کەچەڵ ئەگەر دکتۆر بوایە چارەی سەری خۆی دەکرد
واتە: کەسانیککە دەستکورت و دەردەدارو بێتوانانن داوای کۆمەکو چارەسەرو یارمەتیان لێمەکەن، خۆیان زۆرتر پێویستیان پێیە!
خۆمان دوای پیاوی زاڵم ئەکەوین هەروەکو بڵی ی مەخلوقی ئەوین، هەرچیمان هەیە ئەو دەیباو دەیخوا ئنجا سکاڵاش دەبەین بۆلای خوا!
واتە: هۆکاری دروستبوونی زاڵمەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی خۆمانین، لەسەر نەزانین و بیرنەکردنەوەی ئێمە درووستبوون.
تەشی ڕێس ئەگەر تەشی ڕێس بێ بەکلکی کەریش دەیڕێسێ
واتە: کەسێ وەستاو دانا بێت بۆ هیچ کارێک پەکی ناکەوێت و ئەنجامی ئەدات.
وتیان بەڕێوی شاهیدت کێیە؟ وتی کلکی خۆم باوەڕم پێیە
واتە: کەسە فێڵبازو درۆزنەکان هەمیشە کاسەلێس و چڵکاو خۆرەکانی دەوربەریان دەگرن بەشاهید تا بەشان وباڵیاندا هەڵبدەن.
ئەوکەسەی وەفای بۆ دایکی نەبێ، ئیتر تۆ دەبێ هیوای چیت پێبێ
واتە: ئەوکەسەی خیانەت لە نیشتمانەکەی دەکات ئیتر جێگای باوەڕ نییە.
ئەوەی لەسامان نزیکبێتەوە، ڕەوشتی بەرزی بیرئەچێتەوە
واتە: ئەوکەسانەی کە تەنها وێڵن بەدوای سامان و پوڵ و پلەوپایەدا، دووردەکەونەوە لەڕێزو خۆشەویستی کەس و ئاشناوڕۆشنای دەوروبەر.