یارییەکی خوێناوی..

 

 رۆزا دڵشاد مەریوانی

لەگەڵ راگەیاندنی دەرچوونی بەشی دووەمی درامای کۆری سکوید گەیم بڕیارمدا منیش تەماشای بکەم، راستە ئەو بڕیارە زۆری پێچوو بەهۆی ئەوەی کەسێکم دراما و فیلمە توندوتیژ و خوێناوییەکان حەزلێناکەم و تا بتوانم خۆمیان لێ دەدزمەوە، بەڵام ئەو ناوبانگ و هەڵا زۆرەی دراماکە نایەوە کاتێک ساڵی 2021 نمایشکرا، هەروەها لەساڵی داهاتوودا بەشی دووەمی بڵاودەکرێتەوە، بۆیە ویستم بزانم ئەم هەموو هەڵایە بۆچییە؟
بێگومان ئەگەر کەسێکیت بەرگەی دیمەنی خوێناوی و توندوتیژ ناگریت وا باشترە تەماشای نەکەیت، هاوکات ئەو هەژارییەی لەو وڵاتەدا لە دراماکەدا پیشان دەدرێت بەوەی وا لە کەسانێک بکات لە ئەگەری بردنەوەی کەسێک لە چەندین ملیۆن ئەگەردا لەپێناوی رزگاربوون لە هەژاریی دەنا مردنیان پێ باشترە، وا لە تۆی بینەر دەکات بپرسیت ئایا راستە هەژاریی و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی لەوجۆرە هەیە بەشێوەیەک بێت بۆ رزگاربوون لێی خۆت بەکوشت بدەیت؟ خاڵێکی دیکەی گرنگ کە نووسەر کاری لەسەرکردووە دەرخستنی ناخی راستەقینەی مرۆڤەکانە بەوەی هەمیشە زۆربەمان تا دوا هەناسە خۆمان و ژیانی خۆمان لە هەموو کەسێکی دیکە خۆشتردەوێت، هەروەها چۆن لە یەکەم هەلدا مرۆڤەکان ئامادە دەبن وەک جەنگەڵ بکەونە گیانی یەکتر و یەکتری قەتڵوعام بکەن و بەهێز بەسەر لاوازەکاندا زاڵ ببێت.
هاوکات هەرچەندە ئەم درامایە تا بڵێیت تاریکە و لە زۆر ئەڵقە و دیمەندا هیچ جۆرە تروسکاییەک بۆ بوونی هیوایەک یان هەستێکی مرۆڤانە نابینیت، بەڵام نووسەر بە تەواوەتی بێ هیوات ناکات و کاتێک دەگەیتە خاڵێک گەڕانەوەی نییە و هەموو شتێک خراپ و دڕندەیە، تروسکاییەک لە گیانی مرۆیی و بەزەیی بەرامبەر بە مرۆڤەکانی دیکە لای پاڵەوانەکە پیشان دەدات.
لە دیمەنێکدا پاڵەوانەکە دەپرسێت بۆ وا دەکەن؟ خاوەنی یارییەکە دەڵێت «لەبەرئەوەی ئێمەی دەوڵەمەند وەک هەژار واین ئێوە هیچتان نییە، بۆیە لە ژیان بێزارن ئێمەش هەموو شتێکمان هەیە تا ئەو رادەیەی لە ژیان بێزار بووین» پاساویش بۆ ئەو تاوانە ئەوەیە پێویستیان بەوە بووە جۆش و خرۆش بخەنەوە نێو ژیانیان لەبەرامبەریشدا سوود بە براوە هەژارەکەی یارییەکە دەگەیەنن، واتا دراماکە دەیەوێت بڵێت ئەوانەی خاوەن پارە و دەسەڵاتن مافی ئەوە بەخۆیان دەدەن یاری بە ژیانی هەژاران بکەن و لای ئەوان ئەوە تەنها یارییەکە بۆ چێژوەرگرتن، بەڵام لای هەژارەکان هەلێکە بۆ ژیان.
دواجار دراماکە کۆتاییەکی کراوەی هەیە بە مەبەستی دەرچوونی بەشی دووەم، نموونەی پاڵەوانە هەژارەکەمان پیشاندەدات کە نایەوێت پارەی خوێنی ئەو هەژارانە بۆخۆی خەرج بکات و بڕیاری بەگژداچوونەوەی ئەو کەسانە دەدات کە یاریی بە ژیانی هەژاران دەکەن، بەڵام ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟  

 

سەرچاوە : کوردستانی نوێ