عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی ناسراو بە ھەژار (لەدایکبووی 13ی نیسانی 1921 لە مەهاباد – مردووی 21ی شوباتی 1991 لە کەرەج، ئێران) نووسەر، ھەڵبەستوان و وەرگێڕێکی کورد بوو. خاوەنی ژمارەیەکی زۆر بەرھەمی ئەدەبیی پڕ پیتە.
«عەبدولڕەحمانی شەرەفکەندی» کوڕی حاجی مەلا محەممەد بووە و لە ساڵی 1921دا لە مەهاباد لە دایک بووە و بە لاویەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونە تەرەغە. لە ساڵانی سەرەتایی ژیاندا لەلای باوکیداو دواتر لەحوجرەکاندا لەبەر دەست چەند کەس لە مامۆستا ئایینییەکان، دەرسی گولستان و بووستانی سەعدی خوێندووە. بەڵام بەپێی ئەو شتەی کە لە چێشتی مجێوەردا باسی دەکات، دەستکەوتێکی زۆر کەمی بووە. باوکی ھەژار کەسایەتییەکی خوێندەوار بووە و زانیویەتی بە کوردی بخوێنێت و بنووسێت، ھەر ئەمەش ھانی داوە کە کوڕەکەی خۆی (ھەژار) ھەر لە تەمەنی پێنج ساڵانەوە ئاشنا بە خوێندنەوە و نووسین بکات و دواتریش بینێرێتە مەکتەب و حوجرە. لە ساڵی 1940 دەستی بە ھۆنراوە وتن کردووە و ھۆنراوەکانی ئەحمەدی خانی، وەفایی و مەلای جەزیری کاریگەری لەسەر ھەستی بووە.
ھەژار ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، تێیدا ئەندام بووە و بەشداری کارە حیزبییەکانی داوە. ئەو بڕوایەکی زۆر بە تینی بە ئامانجەکانی ژ.ک. بووە چونکە لە دوای ئەو ھیچ کات لە ھیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیدا بە فەرمی نەبووەتە ئەندام. ھەژار لە کۆماری کوردستاندا دەوری ھەبووە و لەگەڵ هێمن لەلایەن کۆمارەوە بە «ھۆنراوەوانی نەتەوەیی کوردستان» دەناسرێن. دوای تێکچوونی کۆماری مەهاباد لە ئازاری 1947دا ناچاری بەجێ ھێشتنی وڵاتی دەبێ و ماوەی 30 ساڵ لە باشووری کوردستان و دواییش لە شاری بەغدا نیشتەجێ بووە. لە پاییزی 1947 بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشیی سیل بوو، دەچێتە لوبنان و دوای چاکبوونەوەی دەگەڕێتەوە عێراق. لە ساڵی 1953 لە ڤێستیفاڵی لاوانی جیھان لە شاری بوخارێستی ڕۆمانیا بەشدار بووە. پاشان جارێکی تر لە حکوومەتی ئەوسای عێراق قاچاخ دەبێ، بەرەو سووریا ڕادەکات، و ماوەی دوو بۆ سێ ساڵ لە ئاوایی توربەسپیسان لە سووریا لای حاجۆ ئاغای دەوڵەمەندی کورد ژیاوە. تا ساڵی 1957 لەوێ بووە، لە پاشاندا گەڕاوەتەوە بەغدا. کوودەتا سەربازییەکەی 14ی تەممووزی 1958ی بەغدا دەرگای شادی لە ڕووی ھەژاردا کردەوە، لە ھەژاری ڕزگاری بوو، بەتایبەتی دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی لە ئاوارەییەکەی ڕووسیایەوە بۆ وڵات. دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی و لە ساڵی 1963دا، ھەژار دەچێتە پاڵ شۆڕشەکە. کاتێک ڕێککەوتتنامەی 11ی ئازاری 1970 لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و حکوومەتی عێراق مۆرکرا، ناردرا بۆ بەغدا بۆ ڕێکخستنی کاروباری یەکیەتی نووسەرانی کورد کە تازە لە 10ی شوباتی 1970دا دامەزرا بوو، لە کۆنگرەیەکەی ئەو یەکێتییە بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەر ھەڵبژێردرا و لە ھەمان کاتیشدا کرا بە ئەندام لە کۆڕی زانیاری کورد و توانی لە ساڵی 1972دا پەرتووکی شەرفنامەی شەرفخانی بەدلیسی لە فارسییەوە بکاتە کوردی و لە چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد چاپی بکات.
دوای ھەرەسھێنانی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975دا ماڵەکەی لە بەغدا تاڵان کرا. دوای ئەوە ڕۆشتە شاری کەرەجی ئێران و تا کۆتایی ژیانی لەوێ مایەوە. ھەژار لە دوای کوودەتاکەی شۆڕشی 1979 ئێران، کاتی خۆی تەرخان کرد بۆ دانانی فەرھەنگی زمانی کوردی و وەرگێڕان و لێکۆڵینەوە لە ئەدەبی کوردیدا.
ھەژار لە ژیانیدا گەلێ تاڵی و ئاوارەیی کێشاوە. لە ڕۆژی 21ی شوباتی 1991 کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی بەرەو موکریان ھێندراوە و لە گۆڕستانی باغی فیردەوسی شاری مەھاباد بەخاک سپێردرا.
بەرھەمەکان بە کوردی؛
بەیتی سەرە مەڕ
چێشتی مجێوەر
ئاڵەکۆک
مەم و زین
بۆ کوردستان
فەرھەنگی وشەی هەنبانە بۆرینە
وەرگێڕان بە کوردی لە فارسییەو؛
شەرفنامەی شەرفخانی بەدلیسی
چوارینەکانی خەیام
مێژووی ئەردەڵان
یەک لە پەنای خاڵ و سیفری بێ بڕانەوە؛ نووسینی عەلی شەریعەتی
دایە، باوە، کێ خراوە؟؛ نووسینی عەلی شەریعەتی
عیرفان، بەرامبەری، ئازادی؛ نووسینی عەلی شەریعەتی
وەرگێڕان بە کوردی لە عەرەبییەوە؛
قورئان
ھۆزی لە بیرکراوی گاوان؛ نووسینی دوکتۆر مستەفا جەواد
ساغکردنەوە؛
دیوانی شێخ ئەحمەدی جزیری (مەلای جزیری)؛ دەق و مانا لێکدانەوە
وەرگێڕان بە فارسی؛
تاریخ سلیمانیە (مێژووی سلێمانی)
روابط فرھنگی ایران و مصر (پەیوەندییە کولتورییەکانی نێوان ئێران و میسر)
قانون در طب، نوسراوەی ئیبن سینا
آثارالبلاد و اخبارالعباد زکریا قزوینی
نموونەی ھۆنراوەکانی ھەژار
ھەژار لە شیعرێکیدا بەناوی «ھەر کوردم» لە ساڵی 1948 لە بەغدا نووسیویەتییەوە، دەڵێ:
بە دەربەدەری یان لە ماڵی خۆم |
لە خاکی عەرەب لە ئێران و ڕۆم |
|
کۆک و پۆشتە بم، ڕووت و ڕەجاڵ بم |
کۆشکم دەقات بێ وێرانە ماڵ بم |
|
ئازا و ڕزگار بم شادان و خەندان |
یان زەنجیر لە مل لە سووچی زیندان |
|
ساغ بم جحێل بم بگرم گوێ سوانان |
یان زار و نزار لە نەخۆشخانان |
|
دانیشم لەسەر تەختی خونکاری |
یان لە کۆڵانان بکەم ھەژاری |
|
کوردم و لە ڕێی کورد و کوردستان |
سەرلەپێناوم گیان لەسەر دەستان |
|
بە کوردی دەژیم بە کوردی دەمرم |
بە کوردی دەدەم وەرامی قەبرم |
|
بە کوردی دیسان زیندوو دەبمەوە |
لەو دونیاش بۆ کورد تێ ھەڵدەچمەوە |