محەمەد خۆشناو
لەهەر تاکێکی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان بپرسیت کە هۆکاری لاوازی وەلا و ئینتیمای گەنجان بۆ کوردایەتی و کوردستان چیە ؟! پێت دەڵێت : ئەدای خەراپی بەرپرسانی حزبی و دەسەڵاتە کە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و کەسیی خستۆتە سەرووی هەموو شتە پیرۆزەکان ، نەوە و وەچە گەنجەکانی ئێستا و ئەوانی تریش گاڵتەیان بە کوردایەتی دێت چوونکە ئەزموونێکی ئیلهامبەخش-یان نەبینی کە هیوایان پێببەخشێت بۆ سبەینەیەکی باشتر و بڕوایان بداتێ کە ئەوە کورد یەکدەگرن و شتێکی زیاد دەخاتە سەر ژیانیان !!
ئەمە وایکردووە کە ڕق و کینەی گەنجان بەرانبەر کوردایەتی دوو بەرابەر بێت و ، واشیکردووە کە ئینتیما و وەلا بۆ یانەکانی تۆپیپێ بەشداربێت لە سووکردنی بارگرانایی ئەو دۆخە ناهەموارەی کە سەپاندویەتی بەسەریاندا….جگە لەمە هۆکارێکی تریش هەیە کە وەلا و ئینتیمای لاواز کردووە ، ئەویش جیهانگیری «عولمة»یە کە هەڵساوە بە بەرتەسکردنەوەی دووری نێوان مرۆڤەکان ، بۆیە سەیر نیە کە دەبینین ڕیال مەدرید و بەرشلۆنە هاندەری لە هەرێمی کوردستان یان وڵاتێکی تر زیاترە لە ئیسپانیا و وەلایان بۆ ئەو دوو یانەیە زیاترە .
ئێمە دەبێت دان بەوە بنێین کە نەوەیەکی نوێ لەدایکبووە کە دیدگای جیاوازیان بۆ ژیان هەیە ، شێوازەکەیان بۆتە مایەی تێکچوونی دابونەریت و ڕێوڕەسمەکان ، ئەو نەوەیە لەسەر بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا و سۆشیالمیدیا ڕاهاتوون ، ئەمە وایکردووە کراوەتر بن لەوانی پێش خۆیان ، وەلا و ئینتیمابوون بۆ یانە وەرزشیە جیهانیەکان و شتە جیهانیەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کلتوورێکی ڕاستەقینەی جیهانیان هەیە و ، حەزیان لە پلەبەندی ( فلان بەرپرسی باڵا و فلان کەس و فلان مەلا و شێخ و قۆناغ و….تاد) نیە حەزیان لەوەنیە کەس لەسەرەوە فەرمانیان بەسەرەوە بکات و ، بیروهزریان لەدەرەوەی سندوقە و بە خێرایی هاوڕێیتیان جیادەکرێنەوە و ، بەئاسانی فەرمان وەرناگرن و ، زۆربەیان هاوڕێتیەکەیان لەڕێگەی ئەنتەرنێتەوەیە کە ئەمەش بۆتەمایەی هەڵوەشانەوەی خێزان و زیادبوونی ڕێژەی لێکجوودابوونەوە ، شتێکی تریشیان هەیە کە لە فەشل ناترسن و بەشەرمەزاری داینانێن ، نازانم کاربەدەستانی کوردستان ئەوە دەزانن کە ئێمە لە کوێی ئەو دونیایەی ئێستاین کە پێی دەڵێن ( سوپەر زیرەک- فائق الذكاء) کە چەند بە خێرایی هەنگاو دەنێت !!
کەی زەمەنی تەخوین و تێوەگلان و یەکتر تۆمەتباکردن و ئەو شتە قۆڕانە ماوە ؟! لەکاتیکدا کە پێویست بوو هەمووان دەستیان لە پلەوپایە و بەرژەوەندی و ململانێی نابەجێ هەڵگرتبا و یەکڕیزبان بۆ گەڕاندنەوەی ئینتیما و هێنانەکایەی نەتەوەیەکی بەهێز لەڕێگەی وەبەرهێنان لە بونیاتی تواناکان و ، وەبەرهێنان لەخودی نیشتیمانپەروەری بە پڕۆسەی گۆڕانی نەتەوە لە لاوازی بۆ بەهێزی و ، لە جەهل بۆ مەعریفە و ، لە ترس بۆ ئەمن و ئەمان و ، لە بێهیوایی بۆ هیوا و ، لە گومان بۆ متمانە هێنابادی ، گەنجانی نەتەوەی بەهیز کۆچ ناکەن بۆ گەڕان بەدوای هەلی کار ، ئێستا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەسەرەتای دەیەی دووەم لە سەدەی بیستویەک بەخێرایەکی جێگیر دەجوولێتەوە بەرەو قۆناخی پێنجەم لە پێشکەوتنەکەی کە لە ئەدەبیاتی ئەوڕۆ بە کۆمەڵگەی ( سوپەر زیرەک) دەناسرێت ، چوار قۆناخەکەی پێش قۆناخی پێنجەم بریتین لە ( کۆمەڵگەی ڕاو و شکار و ، کۆمەڵگەی کشتوکاڵی و شوانکارەیی و ، کۆمەڵگەی پیشەسازی و ، کۆمەڵگەی زانیاریەکان ) لە قۆناخی پێنجەم ، زیرەکی دەستکرد لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان بەڕێوەدەبات ، هەتا بە پڕۆسەی زهنیش وەکو مرۆڤ هەڵدەستێت ، بەداخەوە ئێمە هەر لەنێو کۆمەڵگەی یەکەم و دووەمداین ، لەدواجار دەتوانین لەو زەردەخەنە گەڵتەجاڕیە تێبگەین کە گەنجێکی کورد ڕوبەڕووت دەبێتەوە ئەگەر باسی کوردایەتی یان یەکگرتوویی کوردانی لەگەڵدا بکەیت !
سەرچاوە : سپیمیدیا