د. هۆشەنگ دارا
شەپۆلی نائاسایی بارانبارینی ڕۆژانی ڕابردوو، کە بەداخەوە لە دهۆک زیانی گیانیشی لێکەوتەوە، شتێکمان بە بیر دەخاتەوە؛ کە گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی ڕاستییە و وا ڕوودەدات و بەردەوامیش دەبێت. ئەمە نموونەیەکە لەو کارەساتە سرووشتییانەی کە ڕۆژانە لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان، لە شێوەی دەرکەوتەی جیاواز و بە ڕێژەی جیاواز لە کاریگەری دەردەکەون. هەڵبەت هۆکاری هەموویان یەک شتە: چالاکییەکانی مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی؛ چارەسەریشیان هەر یەک شتە: گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتیی بەکۆمەڵ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکە.
سەرەڕای هەموو ئەم ڕووداوانە، بەڵام هێشتا کەسانێک، بە تایبەت لەناو ڕەوتە ڕاستڕەو و پۆپۆلیستەکاندا هەن کە نکۆڵی لەم بابەتە دەکەن. ئەوان لەبەر بەرژەوەندییە زەبەلاحە ئابوورییەکانیان، یان لەبەر نەزانین و خەڵەتانیان، بوونی گۆڕانکاریی لە ئاو و هەوادا ڕەتدەکەنەوە. هەرچۆنێک بێت، بۆچوونە درووست و بەڵگەدارەکان، ئەوانەی کە زانست و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتڕاستیان دەکەنەوە، ئەوانەن کە دەڵێن: گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی وەک دیاردەیەکی جیهانی ڕوودەدات. هاوکات، جیهانیبوونی دیاردەی گۆڕانی ئاو و هەوا و گەرمبوونی زەوی پێویستیی وەڵامدانەوەیەکی جیهانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. واتە مادام گۆڕانەکە جیهانییە، کەواتە وەڵامدانەوەیەکی جیهانییش دەتوانێت ڕووبەڕووی دیاردەکە ببێتەوە.
گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی، هاوشێوەی گڵۆباڵیزم و تەکنەلۆژیا، جارێکی دیکە جیهان بە یەک چارەنووسی هاوبەشەوە گرێ دەدات: لێکەوتەکانی بڕینەوەی دارێک لە بەڕازیل یان سووتاندنی تایەیەک لە هیندستان لە وشکەساڵیی بەسرە و لافاوی دهۆک بە دیار دەکەون. بە گشتی ئەگەریش هۆکارەکان لۆکاڵی بن، لێکەوتەکان جیهانیی دەبن و ڕووبەڕووبوونەوەشیان پێویستیی وەڵامدانەوەیەکە لەسەر ئاستێکی جیهانی. ئەوەی کە لە کۆنفڕانسی پاریسی 2015 و ڕاپۆرت و ڕاسپاردەکانی نەتەوەیەکگرتووەکاندا هەمیشە جەختی لەسەر دەکرێتەوە.
ئێستاکە لە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی زەوی کەمتر وشەی چارەسەر بەکاردەبرێت و زیاتر وشەکانی وەک وەڵامدانەوە، ڕووبەڕووبوونەوە، خۆگونجاندن، بووژاندنەوە، بەهێزکردنی تواناکان و چەمکی دیکەی هاوشێوە بەکاردەبرێن. ئەمە بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕادەستبوونە؛ واتە کۆمەڵگەی مرۆیی ئێستا، کە پەیوەست بە بابەتە ژینگەییەکان بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازییە، دەرەقەتی چارەسەری گۆڕانەکان نایەت و دەبێت لەم بابەتەدا واقیعیانەتر بیر بکاتەوە. لەوانەشە تەنیا چارەسەری واقیعی لەو دانپێدانانەوە دەستپێبکات، کە بابەتە ژینگەییەکان لە چارەسەردا نەماون، تەنیا دەتوانین خۆمانیان لەگەڵدا بگونجێنین.
لە پرسی وەڵامدانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەدا، هەمیشە گەڕانەوە بۆ هۆکارەکان ڕادیکاڵانەترین بژارەیە: کەمکردنەوەی گازەکانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن پێویستیی بە کەمکردنەوەی بەکاربردنی سووتەمەنییە فۆسیلییەکانە. چارەسەری پێشنیازکراویش بریتییە لە زیادکردنی جێگرەوە خاوێن و نوێبووەوەکان. ئەمە ئەو شۆڕشە ژینگەییە جیهانییە پێشنیازکراوەیە کە لە بەرژەوەندیی کورتخایەنی جیهانی سەرمایەداریدا نییە، سیستەمێک کە پشتبەستووە بە بەکاربردنی سووتەمەنییە فۆسیلییە هەرزانەکان و برەودان بە کولتووری بەکاربەرەکی، بەڵام لە دوورمەودا، زیانباری سەرەکیی گۆڕانە ژینگەییەکان هەر هەمان سیستەمی سەرمایەدارییە؛ سیستەمێک کە ئەگەر بەخۆیدا نەچێتەوە، گۆڕانە ژینگەییەکان کڕیار و بەکاربەرەکانی کەمتر و کەمتر دەکاتەوە.
لەسەر ئاستە لۆکاڵییەکان، حکومەتەکان بیر لەوە دەکەنەوە کە بە لێنزێکی ژینگەییەوە لە سەرجەم بابەتەکان بڕوانن؛ واتە: بەو چاوەوە سەیری بڕیار و سیاسەتەکانیان بکەن کە داخۆ لە دژی ژینگە نین؟ ئەمە هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، هەر لە بابەتە پەروەردەیی و کولتوورییەکانەوە تاوەکو بابەتە ئابووری و بازرگانییەکان، مانۆڕ و تاقیکردنەوە سەربازییەکان، تاوەکو شەڕە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان. لە ڕاستیدا، کەمکردنەوەی خێرایی گەرمبوونی زەوی و هێواشکردنەوەی ڕوودانی گۆڕانەکانی کەشوهەوا، پێویستی بە مۆبیلیزەکردنی سەرجەم کەس و چین و توێژەکان هەیە، پێویستیی بە هاوئاهەنگیی نێوان سەرجەم کەرتەکانی ناوخۆی وڵاتێک و تەنانەت سیاسەتە ژینگەییەکانی سەرجەم وڵاتان هەیە، پێویستی بە هەناسەدرێژی هەیە. لەوەش گرنگتر، وەڵامدانەوەی لێکەوتەکان، پێویستیی بە هاوسۆزی جەماوەریی ناوخۆی وڵاتێک و هاوئاهەنگیی حکومەتی وڵاتان هەیە. بەو پێیەی هەر کەس بە هێندەی بەکاربردنەکانی بەشێکە لە هۆکاری گۆڕانە ژینگەییەکان، پێویستە هەمووان لەبەردەم قوربانیانی گۆڕانە ژینگەییەکاندا بەرپرسیار بن.
سەرچاوە : سەنتەری میترۆ