هێشا شیعرم بەهارانە گوڵبارانی
باڵای شارباژێڕی ئەکرد.
لە تەوقە سەری چوارتاوە
دائەنەوی و
کڕنووشی بۆ سوورکێو ئەبرد!
بە کلوچکی پەنجەی دابان
وەکوو هەللاج
هێواش، ورد، ورد
چاوی ئەستێرەی سیوەیل و گمۆی ئەڕشت!
هێندە نەبوو
تازە پیری شەوکێڵ ئەچوو
تاجی خوێنی «عەلی و سالار»
بنێتە سەر سەری کەوتوو.
هەر دوێنێ بوو
لە تیرێژی برینەکانی گۆیژەوە
دایکی سەروقژ خوێناویی
سلێمانی م ئەدی، ئەیوت:
لە ئاگردام و ئەسووتێم
ئەشسووتێم و گۆرانی بۆ
کوڕی ئەو کێوانە ئەڵێم.
هێندە نەبوو
شیعرەکانم لە قەترە خوێنی «زینانە»
ملوانکەیان ئەهۆنیەوە بۆ گەردنی
دڵداری کەڵی شیروانە.
هێندە نەبوو، قەرەچووغم
لەبەر ئاوێنەی پێدەشتا
ڕائەوەستا و گوڵەباخی سەرکەوتنی
لە پەرچەمی مەخموور ئەدا.
هێندە نەبوو
بە تەشوێی ڕقی پیرۆزم
دۆڵەڕەقەم
وا داتاشی
تا بوو بە تابووتی قوڵی
مەرگی پواز، مەرگی ستەم.
ئەوا ئەمڕۆش
وەکوو دوێنێم
وەکوو ئیستەم
لە دۆڵی ئاکۆیانەوە
ئەبمە مانگی
خوێنی سەر کۆڕەک و هەڵدێم
ئەبمە دڵۆپە باران و
سەر بە زامی ئەرخەوانیی
تینووی «مەحموود»ەوە ئەنێم.
ئەم جارەیان من پاشاکۆرەی پێشمەرگەم
هاتوومەوە و
سنگی ئەسپم ناوە بە سنگی قەڵاوە و
ڕووەو ڕەواندز بانگ ئەدەم.
ئەم جارەیان
هەرچی کەژی لەش جنراوە
هەرچی کانیی دەم بەستراوە
هەرچی هەوری سک سووتاوە
لەتەکمان و بەرەو خۆرەتاو، تاو ئەدەم
بە مارەییی خوێنی خانزادی کوردستان
ئەی سەربەستی بە تۆ ئەگەم!
* * *
ئەی گەلەکەم! ئەی سروودی
ڕیز بەستووی ڕیزی ئازادیی
شۆڕشەکەت لە خۆت ئەچێ!
شیعرم نەبیست، شیعرم نەدی
ئەی شۆڕەشۆڕشی هەژار
شۆڕشێکی دیکە هەبێ
وەک لەشی تۆ، وەک کەپرەکەم
وەک گیرفانم، ڕووتەڵە بێ!
تۆ دارگوێزێکی بە تەنیا
هەر خۆت بۆ خۆت سێبەر ئەکەی
تەنیا، تەنیا
وەکوو دایکم و ژوورەکەی
وەک ئەو ژوورە و
تاقە قەنەفە شڕەکەی!.
* * *
کوردستانم
ئەی دڵی چوار کەرت کراوم!
هەر وەکوو چۆن شیعرم نەیبیست
شیعرم نەیدی
دڵێ هەبێ
وەک چۆلەکەی گوندەکانم
وەک دڵی تۆ بێ هێلانە و
کەچی ئاوایش لەبەر نێزەی
ڕەشەبای هەر چوار وەرزدا
هێشتا مابێ و بژی و بفڕێ و
وەک قەڵەمم
بە پێیشەوە ڕاوەستابێ.
* * *
ئەی گەلەکەم!
هەرچی گێلاسی شیعرمە
بیگوشمە ناو دەروونتەوە
بە قەدەر خوێنی شەهیدێک!
گۆنات سوور هەڵناگەڕێنێ!
هەرچی ڕووباری شیعریشمە
بیخەمە سەر دەشتی لەشت
بە قەدەر خوێنی شەهیدێک
تینوێتیی ڕێگەت ناشکێنێ!
ئەی شەهیدانی وڵاتم!
هەرچی وشەی جوان و نازداریشم هەیە
هەڵیانچنم، چەند بەرز بن
هەر لە خوار ئەژنۆتانەوەن
بۆیە ئەڵێم
چاکتر وایە ئێوەیان دی
سەر دابخەن!
(شێرکۆ بێکەس)