د. صەباحی غالب
ئەنجامى جەنگى یەکەمى جیهان، هەر ئەوە نەبوو کاریگەرى ڕاستەوخۆى بۆ ڕووخانى حکومەتى عوسمانى هەبێ، لەوە مەترسیتر هەڕەشەیەکى بەهێز بوو بۆ لەناوچوون و نەمانى دەسەڵات و دەوڵەتى تورک، هەڵبەت ئەو حەقیقەتە وەک ڕم و تیر دەچەقییە ناو مێشک و چاوى بەرپرسیارانى دەوڵەتەکەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەستەمبوڵ، پێتەختى دەوڵەتى عوسمانى لە لایەن هێزەکانى هاوپەیمانەکانەوە داگیرکراو بوو، سوڵتان و حکومەتەکەشى دەستبەسەر بوون، بەڵام هێندە ڕۆحییەتى دەوڵەتدارییان تێدا مابوو کە لە هەوڵى چارەسەرێکى ئەوەى مابوو بکەنەوە. لەو ڕوانگەیەوە لە دەوروبەرى سوڵتان و لە حکومەتى عوسمانیدا، هەندێک دەنگ و هاوار هەبوون کە بیریان لە چارەنووس و لە مانەوەى دەوڵەتەکە دەکردەوە.
هەواڵى ڕۆژانەى ئەستەمبوڵ و باس و خواسى کوردستانیش لەوانە بوون کە چالاکى سیاسى و ئامادەکارییەکى سەرەتایى لەناو کوردەکاندا بۆ پەیوەندیکردن و داخوازى پێشکەشکردن بە نوێنەرانى هاوپەیمانەکان بە تایبەت بریتانیا لە ئارادا بوو. کارى کوردەکان بۆ هێنانەدى هەندێک لە مافە سەرەکییەکانیان بوو، بۆ ئەوەى چالاکییەکان و پەیوەندییەکانى کورد تەشەنە نەکەن و نەگاتە شۆڕش و داواکارى جیابوونەوە و سەربەخۆیى لە تورک، کاربەدەستانى عوسمانى بیریان لەوە کردەوە کە چەند بەرپرسیارێکى کاریگەرى حکومەت لەسەر کەسایەتییەکانى کورد لە ئەستەمبوڵ، لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامى سەرەکى کۆمەڵەى تەعالى کورد لە ئەستەمبوڵ کۆببنەوە.
کۆبوونەوەى نوێنەرانى حکومەتى ئەستەمبوڵ و نوێنەرانى کۆمەڵەى تەعالى کورد، لە 10ى تەممووزى 1919بە دەستپێشکەرى شێخ ئیبراهیم حەیدەریزادە ئەنجامدار، ناوبراو جگە لەوەى لە بنەماڵەیەکى ناودارى کوردى هەوڵێرى بوو، هاوکات زانایەکى گەورە و کەسایەتییەکى باڵا و سیاسەتمەدارێکى بەتواناى قانوونى و حکومەتدارى ناو دەوڵەتى عوسمانى بوو، پلەى فەرمانبەرێتى ئەو، گەیشتە شیخولئیسلامى ئیمپراتۆریەتەکە، کە لە دواى خەلیفە، ئەو بەرزترین دەسەڵاتى شەرعى لەناو دەوڵەتدا هەبوو. بەهەر حاڵ، ئەگەرچى شێخ ئیبراهیم کورد بوو بەڵام کوردێکى عوسمانى بوو نەک کوردێکى کوردستانى و نەتەوەیى، هەڵبەت سازکردنى ئەو چاوپێکەوتن و گفتوگۆیەش لەگەڵ نوێنەرانى کۆمەڵەى تەعالى کورد، یەکەم بۆ بەرژەوەندى دەوڵەتى عوسمانى بوو، دووەم بۆ ڕێگریکردن لە پەیوەندى کورد لەگەڵ هاوپەیمانەکان بوو، دیارە بەو مانایەى کە کورد کارێک نەکا لە تورک و عوسمانى بترازێ.
ئەو کاتەى کۆبوونەوەکەى شاندى حکومەت و نوێنەرانى کورد لە ئەستەمبوڵ کراوە، هەموو دوو مانگ کەمتر بوو کە مستەفا کەمال پاشا (دواتر ئەتاتورک... ێ. غ) سەرتاى خەباتى بۆ ئازادى و سەربەخۆیى و دەسەڵاتى تورک دامەزراندبوو. لە لایەکەوە مستەفا کەمال زۆر بە خێرایى و زۆر بە زیرەکانە و دەمارگرتنى هەستى موسڵمانەتى کورد لەکاردا بوو، لەولاتریشەوە، حکومەتى سوڵتان لە پێناوى ڕازیکردنێکى درۆزنانەدا لەگەڵ کورد لە پەیوەندیدا بوو. حەقیقەتێکى تاڵى مێژوویى پێکهاتەى بنەماڵەیى کۆمەڵەى تەعالى کورد هەبوو کە لە دواییشدا دەرکەوت و بووە کۆسپى سەرەکى لەبەردەم سەرنەکەوتنیان، ئەویش جۆرى سەرکردایەتییەکەى کۆمەڵەکە بوو، خۆى لە خۆیدا ڕەگ و بنەماى دووبەرکى ناو ڕیزەکانى پێوە بوو.
بنەماڵەى شەمزینان، بنەماڵەى بەدرخان، بنەماڵەى بابان، بنەماڵەى قۆچگیریى دەرسیمى و بنەماڵەى جەمیل پاشازادەى دیاربەکرى، شاکۆڵەکەى کۆمەڵەکە بوون، هەر هەموویان سەرکردایەتى کوردیان بۆ خۆیان دەویست، شەریف پاشا و هیدیکەش هەبوون چاویان لە پاشایەتى بێ تەختى کورد بڕیبوو، بە هیچ شێوەیەک یەکێکیان ئامادەى ئەوە نەبوو کەمتر لە سەرۆکایەتى کوردى بەربکەوێ، کە ئەوە کرۆکى نەگیشتنە ئامانجى کورد بووە لەو کاتە و لە ئێستادا، هاوکات دەبێ حەقیقەتێکى دیکەش بزانین کە گشت ئەو بنەماڵانە، تەنیا ناوى گەورە و خاوەنى دێى وێران بوون، نە لە ئەستەمبوڵ پێکەوە هەڵیاندەکرد، نە شەریف پاشاى خەندانیش توانى لە کۆنفرانسى ئاشتیى پاریس کە ئەنجامەکەى بە پەیمانى سیڤەر کۆتاییهات، کارێکى بەرهەمدار بێنێتەدى، نە بە هەموویان توانییان لە کوردستاندا سەرکردایەتى و بەرنامەیەکى یەکگرتوو، یا بزووتنەوە و شۆڕشێکى سەرتاسەرى لە پێناوى دۆزى کورددا سەرپێبخەن یا هەنگاوێک بۆ پێشەوە بنێن.
لە چاوپێکەوتنەکەدا، شاندەکەى حکومەتى ئەستەمبوڵ بە ڕاشکاوانە گلەیى لە کورد دەکەن کە لە سلێمانى بە هاوکارى بریتانیا حکومەتیان بۆ دامەزراوە، هەڵبەت ئەوەش بە کارێکى ناشەرعى و ناقانوونى و مەترسى بۆ سەر دەوڵەتى عوسمانى دەزانن، بە مانایەکى دیکە نوێنەرانى حکومەتى ئەستەمبوڵ دەیانەوێ کە کورد هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بە بریتانیاوە نەبێ. دیارە شێخ ئیبراهیم حەیدەرى مەسەلەى پەیوەندى کورد و بریتانیاى زۆر گەورە کردبوو کە گوایا بریتانیا ویستبێتى کوردستانى گەورە دابمەزرێنێ، لە مەشدا مەبەستییان بووە بووختانەکە گەورەتر بکەن بۆ ئەوەى نوێنەرانى کورد زیاتر بسڵەمێنەوە و هەڕەشەکە بە گەورەتر تەماشابکەن، لەو ڕوانگەیەوە.
هاوکات لەگەڵ بۆچوونەکەى حەیدەریزادە بەرامبەر بە مەسەلەى کورد، عەونى پاشا بۆچوونێکى باشترى هەبوو، ئەو باوەڕى وابوو کە شێوەى فەرمانڕەوایەتى ناوەندیى دەوڵەتى عوسمانى لەگەڵ هۆشیارى نەتەویى و ئارەزوویى گەلە جیاوازەکانى دەوڵەتى عوسمانیدا یەکنایەنەوە، بۆیە ئەو واى دەویست کە کورد و گەلە جیاوازەکان قەرمانڕەوایەتى ئۆتۆنۆمى کارگێڕى تایبەت بە خۆیان هەبێ، ئەو بێ پەردە داوایدەکرد کە حکومەتى عوسمانى ناتوانێ چیدیکە وەک حکومەتێکى ناوەندى کاربەڕێوەبەرێ، نموونەش بۆ چارەسەرى کێشەى نێوان یەمەن و دەوڵەتى عوسمانى دەهێنێتەوە کە بە ئۆتۆنۆمى چارەسەرکرا، لەو ڕوانگەیەوە بە تەواوى ڕاستەوخۆوە داوادەکا کە کوردیش مافى خۆیەتى ئۆتۆنۆمى پێبدرێ.
لە قسەکانى ئەمین عالى بەدرخانیش ئەوە بە ئاشکرا دەردەکەوێ کە بۆ چارەسەرى دۆزى کورد، باوەڕى بە داماد فەرید پاشاى سەرۆک وەزیرانى عوسمانى نەبووە، هاوکات ئەوەش بە ئاشکراتر دیارە کە داواى حوکمى ئۆتۆنۆمى کردووە. بەهەرحاڵ، ئەنجامى کۆبوونەوەکە هیچى لێ بەرهەم نابێ، نە نوێنەرى کۆمەڵەى کورد توانییان شتێک بە نوێنەرانى دەوڵەتى عوسمانى بسەلمێنن، نە نوێنەرانى حکومەتیش دەسەڵات و ئازایەتییەکى ئەوتۆیان هەبوو بتوانن چارەسەرێکى کۆنکرێتى بۆ دۆزى کورد لە دەوڵەتى عوسمانیدا پێشکەش بکەن، هەردوو لایان بێ توانابوون کە لە مەترسى بار و دۆخەکە وەک خۆى لەبەر چاو بگرن، لە ئەنجامدا بە زیان و ماڵکاولى کورد و ڕووخانى دەوڵەتى عوسمانى کۆتاییهات، ئەوەندەى من زانیاریم هەیە، جارێکى دیکە دەرفەتى گفتوگۆ لە لە نێوانیاندا درێژەى پینەدرا.
ئەم بەڵگەنامەیە وەرگێڕاوە کوردییەکەى دەقە ئینگلیزییەکەیە، هاوپێچە لەگەڵ نامەیەکى تایبەتى ئەدمیرال گۆف کالسۆرپ ـ Admiral Gough - Calthorpe، نوێنەرى باڵاى بریتانیا لە ئەستەمبوڵ بۆ لۆرد کرزن، وەزیرى دەرەوەى بریتانیا لە 23ى تەمووزى 1919دا بۆ لەندەن نێراوە، وا لە خوارەوە هەردوو دەقەکە بڵاودەکەمەوە.
دەقى گفتوگۆى نوێنەرانى کۆمەڵەى کورد لەگەڵ نوێنەرانى حکومەتى عوسمانى لە 10ى تەممووزى 1919دا
لەسەر بانگهێشتنى شێخولئیسلامى پێشوو حەیدەرزادە، ئەندامى حکومەت، ڕۆژى پێنجشەممە، لە 10 تەممووزى 1919دا، لە سەعاتى 4ى پاشنیوەڕۆ، لە (بابى عالى) ئەنجوومەنى وەزیران لە ئەستەمبوڵ، نوێنەرانى کۆمەڵەى کورد (کۆمەڵەى پێشکەوتنى کورد ـ جەمعییەتى تەعالى کورد ... ێ. غ) کە پێکهاتبوون لە سەیید عەبدولقادر، ئەمین عالى بەدرخان، مەولانازادە ڕەفعەت، لیۆتنانت ـ کۆلۆنێل Lieutenant – Colonel ئەمین بەگ لەگەڵ مەیجەر عەونى بەگ پێشوازیان لێکرا، پاش کەمێک، ئەبوک پاشا، وەزیرى پێشووى شەڕ و عەونى پاشا، وەزیرى هێزى زەریایى هاتن و پێکەوە کۆبوونەوە. ئەم گفتوگۆیەى خوارەوە لە نێوانیاندا ئەنجام درا:
حەیدەریزادە: لەو بروسکانەوە کە لە والییەکانەوە گەیشتوون، سەبارەت بە لقەکانى لیژنەى بتەعالى کورد، تێگەیشتنێک هەیە کە لە کوردستان گەلێک ڕێکخراو دروستبوون ئارەزووى سەربەخۆیى دەکەن و ددان بە حکومەتدا نانێن. ئێمە لە لایەن حکومەتەوە دەسەڵاتمان پێدراوە کە داوەتى ئێوە بکەین و بزانین بەتەواوەتى داخوازییەکانى ئێوە چین. بۆیە تکایە بە نووسین داخوازییەکانتان بۆ حکومەت بنووسن.
لیۆتنانت ـ کۆلۆنێل ئەمین بەگ: ئێمە هیچ فەرمانێکى ناقانوونیمان بۆ لقەکانمان نەناردووە. هەموو ئەو بروسکانەى کە لە والییەکانەوە بە ئێوە گەیشتوون ڕاست نین. ئەگەر دەکرێ تکایە کۆپى ئەوانەمان پیشان بدەن، ئەوجا ئێمە وەڵامى پێویستتان دەدەینەوە.
حەیدەریزادە: ئێوە پێویستە باوەڕ بە من بکەن. من زۆر چاک دەزانم کە کوردەکان نایانەوێ لە ئیمپراتۆریەتى عوسمانى جیاببنەوە. ئەوى ڕاستى بێ، ئینگلترە سلێمانى داگیرکردووە، هەوڵدەدەن کوردستانى گەورە دامەزرێنن و ویلایەتەکانى ڕۆژهەڵات بەوەوە ببەستنەوە. ئێمە ئەمە دەبینین.
مەولانازادە ڕەفعەت: ئەگەر وایە، ماناى ئەوەیە کە ئینگلترە لە فەرید پاشاى سەرۆک وەزیران زیاتر ژیانى ئێمە لە کوردستان دەپارێزێ. لەبەر ئەوە لە بەرژەوەندى دەوڵەتى عوسمانییە کە کوردستانێکى گەورە هەبێ وەک لە ئەرمنستانێکى گەورە. دیارە ئەمەش بەلاى کەمەوە یەکێتى پێکهاتەکانى هەموو موسڵمانان دەپارێزرێ.
حەیدەریزادە: بەتەواوەتى تێناگەم مەستت چییە؟
مەولانازادە ڕەفعەت: وەک دەزانى لە ڕاگەیەندراوى سەرۆک وەزیران لە کۆنفرانسى پاریس بڵاوکراوەتەوە کە حکومەت بە ئۆتۆنۆمییەکى فراوانى ئەرمەنییەکان ڕازى بووە: هەڵبەت سروشتییە کە شتێکى لەو شێوە، کاریگەرییەکى گەورەى لەسەر نەتەوەى کورد هەبێ.
عەونى پاشا: ئەو ئۆتۆنۆمییە فراوانە خاکى ئێمە ناگرێتەوە. ئەوە پەیوەندى بە کۆمارى ئەرمینیاى قەوقازەوە هەیە.
مەولانازادە ڕەفعەت: من تێناگەم سەرۆک وەزیران چۆن دەتوانێ سەبارەت بە خاکێک بەڵێن بدا کە هى ئێمە نییە.
ئەبوک پاشا: (بە شێوە توڕەبوونێکەوە) ئێمە ئەمرمان بە فەرماندەکانمان داوە کە ئینج بە ئینج سنوورەکانمان بپارێزن، لەو بارەیەوە هەرچییەکى لە دەستیان بێ دەیکەن. پێویست ناکا نیگەرانبن.
مەیجەر عەونى بەگ: کەواتە ئەمر بە ئێمەش بکە کە هەرچییەکى پێویستە لە کوردستان بیکەین.
ئەبوک پاشا: ئێمە پێش وەخت ناوى سەربازى کوردمان تۆمارکردووە.
ئەمین بەدرخان: کەواتە بۆ ئیوە نیگەرانى دەردەبڕن و دەتانەوێ هێرش بکەنە سەرمان؟
حەیدەریزادە: ئێمە نیگەران نین، ئێمە لە دڵسۆزى کورد دڵنیاین. بەڵام دەمانەوێ بزانین یانەى ئێوە چیان دەوێ؟
سەیید عەبدولقادر: ڕاگەیاندنەکانى فەرید پاشاى سەرۆک وەزیران زۆر ئاشکران: ئەو دەیەوێ کوردستان بکاتە قوربانى ئەرمەنییەکان.
حەیدەریزادە: ئەوى ڕاستى بێ ئێمەش جۆرە خراپییەک لە ڕاگەیاندنەکانى سەرۆک وەزیراندا دەبینین. بۆیە ئێمە بڕیارمانداوە هەڵەکانى ڕاست بکەینەوە.
مەولانازادە ڕەفعەت: ئەگەر وایە، بۆ ئێستا کارێک ناکەن باوەڕى گشتى هێوربکەنەوە؟
حەیدەریزادە: ئێمە چاوەڕوان دەکەین سەرۆک وەزیران بگەڕێتەوە.
عەونى پاشا: با بێ پەردە قسە بکەین، ئێمە ئەمڕۆ چارەنووسمان بە تەواوەتى دیار نییە. پێویستە هەموومان لە پێناوى یەک ئامانجدا کاربکەین. ئێستا ئێمە چاوەڕوان دەکەین ئێوە هاوکاریمان بکەن و لە قسەمان دەرنەچن. ئێوە دەزانن کە ئێمە نیگەرانى چین، پێکەوە لە یەک سەرچاوەوە هاتووین، بەڵام یەک ئامانج کۆمان ناکاتەوە، گەیشتوینەتە خاڵێک کە ناتوانین بیر لە ئێوە بکەینەوە، ئەو کاتەش بە ئێوە دەڵێین، بۆِخۆتان بڕۆن و خۆتان بپارێزن.
مەولانازادە ڕەفعەت: لە دۆخێکى ئاوادا زۆر درەنگ نییە بە دواى کارى خۆماندا بڕۆین؟ ئێستا چارەنووسى هەموو لایەک لە کۆنفرانسى پاریس دیارى دەکرێ. هەموو حکومەت و گشت نەتەوەکان ملکەچى ئەو بڕیارانەن کە لەوێوە دەردەچن. لەبەر ئەوە یانەى ئێمە لە کوردستان بۆ ڕزگارى نەتەوەى کورد، هەوڵى ئارامى و ئاشتى دەدا.
ئەمین عالى بەدرخان: ئایا لە ئێستاوە حکومەتى عوسمانى بوونى کوردستان دەسەلمێنێ؟ ئایا حکومەت ئۆتۆنۆمیمان دەداتێ؟
عەونى پاشا: بەلاى منەوە، من قەبوڵى دەکەم. حکومەت لەمەودوا ناتوانێ ئەم شێوە فەرمانڕەوایەتییە بپارێزێ. من لەگەڵ ئەو هێزەدا بووم کە لە کاتى شۆڕشى ئیمام یەحیادا نێررا بۆ یەمەن. لەو کاتەدا من پێش وەخت هێمام بۆ ئەوە کرد کە پێویستە لەگەڵ ئیمام یەحیا بگەینە تێگەیشتنێک و تایبەتمەندێتى لامەرکەزییان بدرێتێ. هاوکارانم گویێان لێنەگرتم بە گوناح و هەڵە تاوانباریان کردم، بەڵام لە دواتردا بەو شێوە چارەسەریان کرد کە من وتم، کارێکى زۆر چاکیشیان کرد، چونکە لەو شەڕەدا ئیمام یەحیا بە هیچ شێوەیەک لە دژى ئێمە نەجوڵایەوە، سوپاس بۆ ئەم تەگبیرە.
بەدرخان ئەمین بەگ: باشە، تا ئەو کاتەى کە دەخوازن تابەتمەندێتى بە کوردستان بدەن، ئایا چاکتر نییە لە ئێستاوە والى کورد و کارمەندانى کورد بۆ کوردستان بنێرن؟
عەونى پاشا: بۆ نا: ناوى یەکێکى شیاومان بۆ ئەوە کارە پیبڵێن.
سەیید عەبدولقادر: ئێوە دەزانن کە لە وەپێش، لەسەر سووربوونى من، ئەنجومەنى وەزیران دوو والى کوردیان بۆ دیاربەکر و مەعمەرەتى عەزیز دیاریکرد، بەڵام لە ڕۆژى دواتردا، فەرید پاشا ئەو بڕیارەى هەڵوەشاندەوە. ئەو هەمیشە دوژمنى کوردە.
عەونى پاشا: جەناب، من ئێوە دڵنیادەکەم کە ئەوە فەرید پاشا نەبوو ئەو بڕیارەى هەڵوەشاندەوە.
سەیید عەبدولقادر: باشە، کەواتە کێ بوو؟
عەونى پاشا: ئێستا ناتوانم لێرە بیڵێم.
ئەم گفتوگۆیە سەبارەت ئەم مەسەلەیە زیاترى خایاند، بەڵێن درا کە ناوى والییەکى کورد بۆ کوردستان و ژمارەیەکیش کارمەندى کوردیش ئامادە بکرێن، ئیدى کۆبوونەوەکە لە سەعات 6. 30 دەقیقە کۆتایى هات.
سەرنج:
1. ئەم نووسینە چەند لاپەڕەیەکە لە بەشى دووەمى کتێبى مێژووى کورد و کوردستان: دۆزى کورد لە دواى پەیمانى سیڤەرەوە تا خۆبەدەستەوەدانەکەى شێخ مەحمود لە ساڵى 1927دا، لە خۆمم قەرزکردووە، خودا بکا لەو کتێبەدا بڵاودەکرێتەوە.
2. لە دوو وتارى دواتردا، خودا بکا بە درێژى لەسەر پەیوەندى کورد و مستەفا کەمال پاشا (دواتر ئەتاتورک) دەنووسم.
لەندەن 26ى ئابى 2023
سەرچاوە : خەندان