گرینگی ئەنجومەنی فیدڕاڵی بۆ کورد عێراقیەکان

 

 

 

 

سلێمان مستەفا حەسەن

 

چوارچێوەی دەستوری 

ئەنجومەنی فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران بە هەردوکیان ماڵی یاسادانان پێکدەهێنن ، وەک لە ماددەی (٤٨) دەستوری عێراق ساڵی ٢٠٠٥ ،دەسەڵاتى یاسادانانى فیدرالى لە ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجومەنى فیدرالى پێكدێت.

هەروەها بەپێی ماددەی (٦٥) ئەنجومەنێكى یاسادانان پێكدەهێنرێت كە بە (ئەنجومەنى فیدرالى) ناودەبرێت،  نوێنەرانى هەرێم و ئەو پارێزگایانە لە خۆدەگرێت كە ناكەونە سنوورى هیچ هەرێمێكەوە ، پێكهاتەو مەرجەكانى ئەندامێتى و بوارى تایبەتمەندێتى ئەم ئەنجومەنەو هەرچى پەیوەندیدارە بەم بوارەوە بە یاسا ڕێكدەخرێت بە زۆرینەى دوو لە سێى 3/2 دەنگى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران.

لەو دوو ماددەیەی سەرەوە پرسیارێک دێتە پیشەوە ، بۆچی تا ئێستا ئەم ئەنجومەنە هەڵنەبژێردراوە ؟ ئەی دەسەڵاتی یاسا دانان چۆن کاری کردوە ؟ ماددەی(١٣٧) دەستور وەڵای ئەو پرسیارەی داوینەتەوە کە دەڵیت
(كاركردن بە حوكمى ئەو مادانەى تایبەتن بە ئەنجومەنى فیدرالیەوە لەهەر شوێنێك لەم دەستوورەدا ئاماژەى بۆ كرابێت دوادەخرێت تا كاتى  دەرچوونى بڕیارێك لە ئەنجومەنى نوێنەرانەوە بە زۆرینەى دەنگى (3/2)ى ئەندامانى لە خولى دووەمى هەڵبژاردنى خۆیدا كە پاش كارابوونى ئەم دەستوورە دەیبەستێت) ، بەدەر لە وە ئەنجومەنی نوێنەران لەزۆر پرسی تردا ئیهمالی و خۆشاردنەوەی لەبەرمبەر چەندین ماددەی دەستور کردوە ، داداگاکان و ڕای گشتیش بێ دەنگی هەڵبژاردوە .

دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ ئێستا پرۆژە یاساکەی ئەنجومەنی فیدراڵی خراوەتە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەران :

لەخشتەی کارنامەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ رۆژی چوراشەممە ٤ /٢/ ٢٠٢٥ پرۆژە یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی خراوەتە بەرنامەی کار بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت .

فەلسەفەی دوانەیی ئەنجومەنی یاسادانان یەکێکە لە پایە گرینگەکانی سیستەمی فیدراڵی بۆ دەستە بەرکردنی نوێنەرایەتی پێکهاتەو هەرێمەکان و پاراستنیان لە هەژموون و زۆرینە و پێدانی زەمانەت و دڵنیایی بۆ پتەوە کردنی بنەمای وەک یەک بوون.

لەنوسیەنەوەی دەستوری عێراق کورد هەوڵی زۆری داوە بۆ دەستەبەر کردنی مافە دەستوریەکانی بەڵام لەو سەروبەندیشدا شیعە زۆر توند بوە بەرامبەر بە مافی پێکهاتەکان ، چونکە لایان وابوو بەنەمانی سەدام هاوپەیمانیەتی کوردو شیعە تەواو بوە ، هەر چەندە دەستوری عێراق کاری بەو بنەمایە کردوە بەڵام بەداخەوە چوارچێوەی یاسایی ئەنجومەنی فیدراڵی باس نەکردوە و دەسەڵاتەکانی دیارینەکردوە ، بەمەش سپاردویەتی بە ئەنجومەنی نوێنەران کە یاسایەکی بۆ دەربکات بە دەنگی زۆرینەى دوو لە سێى 3/2 دەنگى ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران.

ئەوەی گرینگە لە دەرکردنی ئەم یاسایەدا :
دەسەڵاتی ئەنجومەنی فیدراڵی ، ئایا دەسەڵاتی فیتۆی دەبێت بۆ پرۆژە یاساکان ، چۆنیەتی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەن ، ڕێژەی نوێنەرایەتی ئەندامانی هەر پارێزگاێک ، چۆنیەتی بڕیاردانی ئەنجومەن ، ماف و دەسەڵاتی ئەندامانی پارێزگاو هەرێمەکان ، دەوری ئەنجومەنی فیدراڵ  بەسەر ئەنجومەنی نوێنەراندا ، دەوری ئەنجومەنی فیدڕاڵ لە چاودێری و ئەو دەسەڵاتانەی بە ئەنجومەنی نوێنەران دراوەن لە ماددەی (  ٦١) دەستور ، ئایا بەو پێیەی دەسەلاتی یاسادانان لە دوو ئەنجومەن پێکدێت هاوبەش دەبێت لە پیادەکردن و بەشداری کردنی ئەو دەسەڵاتانە ؟ چونکە لەماددەی (٦٥) دەسەڵاتەکەی داوەتە ئەنجومەن بە یاسا دەسەلات و پێکهاتەی ئەم ئەنجومەنە رێکبخات .

گرینگی یاساکە بۆ کوردو شیعە و سونە و پێکهاتەکانی تر :
ئەمڕۆ عێراقی دوای ساڵی  ٢٠٠٥ عێراقی هەژموونی شیعەیە ، گرینگە بە وەرگرتنی دەرس و پەند لە ڕابردوو زۆرینەی شیعە زەمانەت و دڵنیایی بدات بە گەلی کورد ، ئەمەش بەپێدانی دەسەڵاتی تەواو بە ڤیتۆشەوە بۆ هەرێمەکان ، لەبەرامبەر زۆرینەی شیعە عێراقێکی ئارامی دەست دەکەوێت ، ئەوە بۆ پێکهاتەکانی تریش ڕاستە .

لە لاێکی تروە ئەرکی پێکهاتەی سونەشە پشتی داواکاریەکانی کورد بگرێت لەم پرسەدا چونکە لە کۆتایی دا بە قازانجی خۆشیان دەشکێتەوە ، بۆیە دەرفەتە بۆ زیندوکردنەوەی هیوای پێکەوژیان و وەک یەک بوون .

لە کۆتایی دا گەر دەسەڵاتی تەواو نەدرێت بەم ئەنجومەنە بۆ دڵنیایی پێکهاتەکانی گەلی عێراق بە گشتی و گەلی کورد بەتایبەتی ئەوا دروست نەکرێت باشترە ، چونکە ئەم ئەنجومەنەش دەبێتە باگرانی بەسەر شانی گەڵانی عێراق .

وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە پرۆژە یاسای ئەنجومەنی فیدراڵ خراوەتە بەرنامەی کاری کۆبونەوەی  رۆژی چوراشەممە ٤ /٢/ ٢٠٢٥ پرۆژە یاساکە لە (٢٤) ماددە پێکهاتوە ، بۆیە دەبێت بە گرینگیەوە بڕوانینە ئەو پرۆژە یاسایە ، زەمانەت و دڵنیایی و پارێزبەندی  لەم یاسایە دەستەبەر بکەین ، گرینگە فراکسیۆنە کوردستانیەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن ، دڵنیام هەموو دەرگاکان کراوەدەبن بۆ پرسە نیشتیمانیەکان .

سەرچاوە : خەندان