گرووپی لاوژە گۆرانییەکی محەممەد تەها ئاکرەیی نوێدەکاتەوە

لاوژە گرووپێکی میوزیکی باکووری کوردستانە، نوێترین بەرهەمی گوتنەوەی یەکێک لە گۆرانییەکانی هونەرمەند محەممەد تەها ئاکرەییە.
'کەچکێ' یەکێک لە گۆرانییەکانی محەممەد تەهایە و لە تێکست و ئاوازی خۆیەتی، بە دابەشکردنێکی میوزیکی نوێ لەلایەن گرووپی لاوژە بەرهەمهاتووە و لە کەناڵی تایبەتی ئەو گرووپە لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.

ئەو گرووپە میوزیکییە، پێشتر بەرهەمی ژمارەیەک هونەرمەندی دیکەی لە ناوچە جیا جیاکانی کوردستان کەڤرکردووەتەوە. 

گرووپی میوزیکی لاوژە لەلایەن عەلی تەکباش لە 2013 لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان دامەزراوە، لە چوار ئەندام پێکهاتووە، کار لەسەر نوێکردنەوەی بەرهەمە میوزیکییە فۆلکلۆرییەکان و بەرهەمی هونەرمەندانی ناوچە جیا جیاکانی کوردستان دەکاتەوە و بە فۆرمێکی نوێ بەرهەمی دێنێتەوە و بڵاوی دەکاتەوە.

عەلی تەکباش هونەرمەندێکی پارێزگای دهۆکە و لە باکووری کوردستان دەژی.

ئەو گرووپە گرنگی زیاتر بە ئاواز و گۆرانییەکانی ناوچەی جۆلەمێرگ دەدات، بەڵام بەم دواییە دوو بەرهەمی هونەرمەندانی دەڤەری بادینانی باشووری کوردستان بە فۆرمێکی نوێ بڵاوکردووەتەوە.

لاوژە، بەر لە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکلیپی 'کەچکێ'، یەکێک لە بەرهەمە دیارەکانی عەبدولواحید زاخۆیی، هونەرمەندی کۆچکردوو بەناوی 'ئەز دێ تە هێلم' نوێ کردەوە.

دوایین چالاکی گرووپی لاوژە، سازکردنی کۆنسێرتێک بوو لە 27-6-2022 لە ئامەدی باکووری کوردستان.

 

سەرچاوە: rudaw