دڵپاک مەجید، یەکەم ئەزموونی لەبواری دەرهێنانی فیلمدا تاقیدەکاتەوە و بەم دواییە کۆتایی بە کاری دەرهێنانی کورتەفیلمێک هێنا کە چیرۆکەکەی راستەقینەیە و باس لە کچێکی کوردی ئێزدی ژێر دەستی داعش دەکات.
دڵپاک مەجید، بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، کورتەفیلمی 'گدۆ' چیرۆکێکی راستەقینەی هەیە و باس لە کچێکی کوردی ئێزدی دەکات کە لەلایەن داعشەوە لە موسڵ دەستبەسەرکراوە، بۆ رزگارکردنی، داعشێک مەرجی ئەوەی بۆ دیاری دەکات کە ببێتە موسڵمان و کتێبی 'قورئان' بخوێنێتەوە و خەتمی بکات.
دڵپاک مەجید، کوردی ئێزدییە و خەڵکی کۆمەڵگەی شاریای پارێزگای دهۆکە، رۆژنامەڤانی دەستپێکی کاری بووە و ماوەی دوو ساڵە رووی لە کاری فیلمسازی کردووە.
دەرهێنەری فیلمەکە روونیشیکردەوە، لە فیلمەکەدا ئەو کچە کار بۆ ئازادی خۆی دەکات و دەیەوێت ژیانێکی نوێ دەستپێبکات و بەو مەرجانە رازی دەبێت کە بۆی دیاریی دەکرێت.
ماوەی کورتەفیلمەکە 10 خولەکە، کارەکتەری سەرەکیی کە کچێکی کوردی ئێزدییە، لە دوای ئەوەی دەکەوێتە دەستی داعش، لە کۆزە شوێنی بەخێوکردنی بەرخ ژیان بەسەردەبات و یەکێک لە بەرخەکان دەبێت بە هاوڕێی و ناوی دەنێت 'گدۆ'.
دڵپاک مەجید، روونیشیکردەوە، لە 90٪ دیمەنی فیلمەکە لە کۆزە وێنەگیراوە، ئەمەش کارێکی سەخت بووە بۆیان، سەختییەکی دیکەی فیلمەکە راهێنانی بەرخێک بووە بۆ ئەوەی بببێتە هاوڕێی کارەکتەری سەرەکیی فیلمەکە. گوتیشی "بەرخەکە شەوانە لە هوتێل لەگەڵ ئەکتەری سەرەکی فیلمەکەدا دەمایەوە".
چیرۆکی فیلمەکە لە کۆتایی 2021 نووسراوە و لە حوزەیرانی ئەمساڵ لە شاریا کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە و ئێستا لە قۆناخی مۆنتاژدایە.
ئەو دەرهێنەرە کوردە ئێزدییە، ئەوەی خستەڕوو، ستافی فیلمەکەی 50٪ خەڵکی سلێمانی بوون، هەروەها خەڵکی دهۆک و دەرەوەی وڵاتیشی لەخۆگرتووە، بەرهەمهێنەری فیلمەکەش خەڵکی ئوردنە بەناوی مەیس ئەلریم.
عەلیا محەممەد دەروێش، خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستانە و رۆڵی ئەو کچە کورد ئێزدییەکە لە فیلمەکەدا دەگێڕێت، هەروەها میلاد داوود کە خەڵکی قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستانە رۆڵی کارەکتەری داعشێک دەگێڕێت.
سەرچاوە: rudaw