سەرتپ جەوهەر
ئێوە نیوەی خاكی كوردستانتان لەدەستدا، تازە بەتازە لە تەوتین دەپێچنەوە؟
ئێوە 10 ساڵە خوێن و خیزاو دەخەنە دڵی خەڵك، تازە كوردایەتیمان پێ دەفرۆشنەوە
لەغەیری ملكەچكردن بۆ بەغدا، هیچ دەریچەو چارەسەرێكی دیكەتان نییە؟ ئەگەر هەتانە، بۆ چاوەڕێی چی دەكەن
10 ساڵە خوێن و خیزاوتان خستۆتە دڵی خەڵك، تازە بەتازە كوردایەتیمان پێ دەفرۆشنەوە
ئەم منجڕیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بێ فایدەیە، چونكە ئەم كوردایەتیەی ئەوان هیچ لەواقع ناگۆڕێت.
ئیًمە تێناگەین ئەو منجڕیی و عینادییەی دەسەڵاتدارانی هەرێم چییە دەیكەن لەبارەی بەبانكیكردن (تەوتینی)ی موچەی فەرمانبەران و رادەستكردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستان لەچییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
دیسان ئەم مانگەش بەهۆی جێبەجێنەكردنی مەرجە سەپێندراوەكانی بەغدا بەسەر هەرێمی كوردستان موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دواكەوتووە. دیسان بەرپرسانی هەرێم دەیانەوێ هۆكاری جێبەجێنەكردنی مەرجەكانی بەغدا بەدروشمیی قەومیی و كوردایەتیەوە داپۆشن و هەم خۆیان و هەم ئێمەش ماندوو بكەن. لەكاتێكدا هیچ رێگەو دەریچەیەكیان لەبەردەمدا نەماوەو نییە جگە لەدەستپانكردنەوە بۆ بەغدا..
هەر ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستا كە دەیانەوێ منجڕی بكەن و گوایە عینادیی گرتوونی، لەماوەی 10 ساڵی رابردوو بەهۆی خراپی حوكمڕانیی و شكستە گەورەكانیان، جگە لە لەدەستدانی نیوەی خاكی كوردستان، نەوتی كوردستانیان هەڕاج و وێرانكردو بودجەی هەرێمیان لەبەغدا لە 17% كردە تەنها ناردنی موچە، دامەزراوە شەرعییەكانی كوردستانیان بەتەواوی بێ ئەرزش كرد، موچەو قوتی فەرمانبەرانی هەرێمیان قرچ و بڕ كردو خواردیان، هاوكات جگە لەباج و رەسم، هەرچی خزمەتگوزاریی هەیە لەسەر خەڵكی كوردستانیان زیادكردوو..تد ئێوە 10 ساڵە خوێن و خیزاوتان خستۆتە دڵی خەڵك، تازە بەتازە كوردایەتیمان پێ دەفرۆشنەوە؟
ئاخر كە ئێوە بەهۆی هەڵەو پێداگریتان لەسەر بەرژەوەندی حزبی و شەخسیی، نیوەی خاكی كوردستان و كەركوكتان رادەستی حەشدی شەعبی كردوو، كە پەرلەمانی كوردستانتان داخست و كوردستانتان كرد بەدوو ناوچەو هەرێمی جیاواز، تازە بەتازە دەتانەوێ تەنها لەسەر تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم منجڕی و عینادیی بكەن و كوردایەتیمان پێ بفرۆشنەوە؟
ئاخر ئێوە كوردستانتان زەلیلی ئێران و توران كرد، ئێستاو ئایندەی خەڵكی كوردستانتان كردە سۆتەك، دەتانەوێ بەڕێگری كردن لە تەوتین قەرەبوی بكەنەوەو تازە بەتازە لەشێوازی هاتنی موچە لەبەغدا دەپێچنەوەو دەتانەوێ بڵێن ئەمە لەدەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوە؟
ئاخر ئێوە لەغەیری ملكەچكردن بۆ مەرجە سەپێنراوەكانی بەغدا، هیچ دەریچەو چارەسەرێكی دیكەتان هەیە؟ ئەی ئەگەر هەتانە، بۆ چاوەڕێی بەغدا دەكەن؟! ئەوەیە كورد دەڵێت "گاڕان بەگردەوە دەڕۆیشت، پیرەژن لەگۆلكە سۆری دەپێچایەوە" بۆیە پێموایە ئەم خۆ پچڕینەوەو منجڕیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بێ فایدەیە، واباشە زوو دەستوبرد بكەن، چونكە ئەم كوردایەتیەی ئەوان هیچ لەواقع ناگۆڕێت
سەرچاوە : سپیمیدیا