کەی کورد لە مێژو دەرس وەرئەگرێ و دەست لە مامڵەی گەن هەڵئەگرێ...؟

مامەڵەی دۆڕاو       
                          
پاش ئەوەی سەنجەرخان، شێرەپیاوەکەی کوردستان لەشکری روسیای تزاریی لە کوردەواری شەق و شڕ کرد و، ڕەزاشا بە سووک و ڕسوایی لە بەری هەڵات، بەکرێگیراوان و نەیارانی گەل(بە سەرۆکایەتی شریف الدولە)، پیلانێکی سەیریان گێڕا. خەلیل خانی برای سەنجەرخان کە نیشتەجێی ئاوایی نەڕان، سەربە شاری سنە بوو، هەڵیانفریواند کە ئەگەر کارێکی وا بکەی کە سەنجەرخان بانگهێشت بکەیتە ماڵی خۆت، دوو ئاوایی "قەسڵان" و "دڵبەران"ت ئەکەین بە خەڵات. بە داخەوە پیلان سەری گرت و سەنجەرخان ڕۆییە ماڵی براکەی. لە کاتی نوێژکردن دەسڕێژیان لێ کرد و بەم سووک و هاسانیە کوردستان دیسان بوو بە ماتەمباری ڕۆڵەیەکی ئازاو قارەمان. کاتێ هەواڵی شەهید بوونی سەنجەرخان گەیشتە شاری سنە، قەباڵە(تاپۆ)ی هەردو دێهاتەکەیان دایە دەستی سەرۆکی ئەمنیەی ئەو کاتە بە ناوی "نایب عەلیخان" کە خۆی کوردی کرماشان بوو. بەڵام بەو مەرجە تا تەرمی سەنجەرخان بە چاوی خۆی نەبینێ ،قەباڵەکان تەسلیم نەکا. کاتێ  سەرۆکی ئەمنیە و هێزەکانی گەیشتنە ناو دێ، گوتیان خەڵک هاتوون و تەرمی شەهیدیان بردووە بۆ مزگەوت، نایب عەلیخان ئەودەمەی کە تەرمی ئەو شەهیدەی لە خوێندا شەڵاڵی چاو پێ کەوت، ڕوویکردە خەلیل خان و هەر بەو زاراوە کەلهوڕیە وتی: "خان، ئەجەب مامڵەی گەنێ کردیدە ،هەرکەس برای وەی جورە داشتو وەگەرد دو کیشوەر ئەوەزی نیەکاد، تۆ ئەڕا دایدەسە دوو گلە  کورە دێ؟"(واتە: خەلیل خان مامەڵەیکی سەیرت کردوە. هەر کەس برای وای هەبێ بە دو دەوڵەتان نایگۆڕێتەوە. تۆ چۆن بە دو کوێرەدێ دۆڕاندت؟).
ئەمجار قەباڵەکانی نایە سەر سینگی سەنجەرخانی شەهید و گەڕایەوە. پاش سێ ساڵ خەلیل خان بە دەستی ژنەکەی دەرمانخوارد کرا و دێهاتەکانیش بوونەوە موڵکی دەوڵەت(لە قەباڵەکانا نوسرابو هەتا خۆی ماوە خاون موڵکە و پاشان ئەبێ بە موڵکی ڕەزا شا). بە ناشوکری نەبێ مامەڵەی دۆڕاوی زۆرمان هەبووە؛ جا نازانم کەیخوای ئاوایی دێواڵانی سەردەشت مەلا ئاوارەی بە چی گۆڕییەوە و دایە دەستی شا و ساواک؟ وەزیرە چرچە تەنیا بۆ باریقەڵای شاکانی قاجار بە هەزار سوێند و قورئان، بە ناپیاوی حەمزەئاغای مەنگوڕی شەهید کرد. حەسەن خەیری هەمو ڕۆژێ بە جلی کوردی دەچووە پارلمانی تورکیا و بە هەواڵنێرانی جیهانی ڕایئەگەیاند کە تورک و کورد پێکەوە بران و لە ژێر سێبەری ئاتاتورک ئەحەسێنەوە. کاتێ کە پەیمانی سیڤەر هەڵوەشایەوە پەیمانی لۆزانیان چەسپان و ئەو هەمو هەوڵەی شەریف پاشا بێ ئاکام مایەوە و ئاتاتورکیش ئیتر کاری پێ نەما، حەسەن خەیرییان بە تاوانی لەبەر کردنی جلی کوردی لە نێو پارلمان تورکیا، لە  سێدارە دا.... و دەیان خوێڕیی تر و مامەڵەی ئابڕووبەری تر. هەرچەندە ئەو گەورەپیاوانە وەکوو سەنجەرخان و حەمزەئاغا و مەلا ئاوارە و ...بە مردویش ئەبێ هەزاران زیندوی وەکو منیان بە قوربان کرێ،بەڵام ئەبێ لەسەر دڵپاکیی ئەو گەورە پیاوانەش کارناسانە باس بکرێ، کە  بۆچی ئەوەندە بە هاسانی بە خەیانەت تیا چوون و کوردستان لە بەشەکانی مێژودا تۆشی  خەساری  گەورە بو؟ خۆزگا کوردیش لە مێژو دەرسی وەرئەگرت و بە وتەی نایب عەلیخان دەستی لە مامڵەی گەن هەڵئەگرت.                                    
  #عیسا-ئەحمەدی-سنە

 

بەسوپاسەوە لە   🌹کاناڵی  کوردستان‌ناسی🌷 وەرگیراوە