کەرکوکیانە -کەرکوک وزمانی کوردی

 

 

 

 

 له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

 

زمانی کوردی کەرکوک، زمانی قسەو گفتوگۆی کەرکوکیانە گەرچی لەم گەڕەک بۆ ئەو گەڕەک بڕێک جیاوازی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زمانێکی شیرین وپاراوەو سەدان ساڵە شاعیران شیعر و هۆنراوەی پێدەنووسن، لە کەرکوک چەندین بنەزار هەن بۆ قسەکردن و تەنانەت شیعر و گۆرانی، کرمانجی سەروو، گۆرانی هەورامی و ماچۆ زۆربەی بەساڵاچوانی پەنجا شەست ساڵ لەمەوبەری شوان و زەنگەنە و جەباری زۆربەی شیعرەکانی مەولەویان لەبەر بوو،  ئێستاش لەهەندێ شوێن گفتوگۆ بگۆڕێ کوڕم دەوێ تێبگات، سەیر ئەوەیە گوند هەیە لەو شوانی کێشکە، زمانی گفتوگۆی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەوەش دەوڵەمەندییەکی گەورەی ئەم شارە دێرینەی کوردستانە کە پێنج سەد ساڵ عوسمانی ویستیان تەتریکی بکەن و زۆر شتیان تیا گۆڕی لێ بەسەر زمانی کوردیدا زاڵ نەبوون.
کەرکوک سەرچاوەیەکی سەرەکی  وشەگەلی جیاجیای کوردییە کە کۆنەکراوەتەوە و کاری لەسەر نەکراوە و لەبەردەم مەترسی لەناوچوندایە، ئێ نزیکەی سەد ساڵە ئەو کوردی وتنە لەبەردەم هەڕەشەی عەرەباندن و سڕینەوەدایە، ئەگەرچی بەر لەهاتنی شەستەکان و پێش هۆسەکانی ساڵی 1963 زۆرێکی کورد و عەرەب  لە حەمرین بەو دیودا و کەمینەی عەرەبی ئەمدیویش لەگەڵ کورد براو ئاشنا و دۆست بوون، هەندێک دۆستی ئێمە لە حەویجە بەتەمەنەکانیان تا ئەم دوایانەش وەکو ئێمە کوردیان دەزانی، بەعس هەموو شتێکی تێکدا، ئەمە پێویستی بەڕاستکردنەوە و چارەسەرە، دەکرێت بەبایەخدان بەبەکارهێنانەوەی ئەو زمانە شیرینە جارێکی تر ئەو سەنگینییە بگەڕێنینەوە و خەڵکی دیکەش بەشانازیەوە قسەی پێبکات، بەڵام سەرەتا بە کۆکردنەوە و پاراستن و دەرهێنانەوەی لەژێر ژەنگ و ژاری عەرەباندن.
جوانیی کەرکوک لەوەدایە کە خاوەنی چەند زمانێکە و جارانی پێیان دەگوت چوار مەوج یان زۆر جار سێ مەوج، ئەو دەم زۆربەی کەرکوکییەکان هەموو مەوجەکانیان دەزانی، کەم کوردی ئیسکان هەبوو تورکمانی و عەرەبی نەزانێت، هەروەک کەم تورکمانی تسینیش هەرزوو کوردی و عەرەبی نەزانێت، پرۆسەی عەرەباندن بەتایبەت لە دوای ساڵی 1975ەوە هەموو شتێکی تێکدا، بەشی هەرە زۆری ئەم ڕقە لەیەکتر بۆ دوو سەردەمی 63 و 75 دەگەڕێتەوە، ئەمەش کار و کاتی دەوێ تا چاک دەبێتەوە، بێگومان ئەگەر دژ و نەیار لێگەڕێن.
بایەخدان بەزمانی کوردی لەکەرکوک بەشێکە لە ئاکاری ئیشکردن و ئاسوودەکردنی گیانی نمونە گەلی وەک شێخ رەزای تاڵەبانی و سابری و مامەند کەرکوکی و ئەسیری و ئەوانی دیکەشە کە ناویان نەهاتووە، بۆ گیانی محەمەد ئەمین عەسری و هیجری دەدە و خەلیل منەوەر، پێویستە  دیسان زمان دەمەزەرد بکەینەوە و بیکەینەوە بەچەکی مانەوە، ئەوەش هیمەتی هەموانی دەوێت، بە پەروەردە و خوێندنی کوردیشەوە، کەهەمیشە لەبەردەم ئالەنگاری گەورەدایە، زمان ناسنامەیە، پاراستن و پاککردنەوەی واتە پاراستن و پاککردنەوەی شوناس، ناکرێت ئەمە بە بازاڕ و ژیانی رۆژانەوە دیار نەبێت.
شیرین و وەشە زمانی کوردی.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ