د. جەعفەر عەلی
لە مێژووی دوای ڕاپەڕینەوە (١٩٩١)، چەندین پرس و ڕووداو هەن، هەندێکجار ژمارەیەک لە خوێندەوارانی ئێمە، ئەم پرس و ڕووداوانە، وەک بەشێک لە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی وێنا دەکەن. یەکێک لەم ڕووداوانە، کۆڕەوی ملیۆنی کوردە، کە ماوەیەکی کورت دوای ڕاپەڕین ڕوویدا، یەکێکی دی، کە دەشێت دیارترینیان بێت، ڕیفراندۆمی ساڵی (٢٠١٧)یە بۆ پرسی سەربەخۆیی، لە ئێستاشدا قسە و باس لەسەر پرسی سەرژمێری و گەڕانەوەی بەشێک لە کوردەکان بۆ کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی ماددەی (١٤٠) و گرێدانەوەی بە چەمکی فیکری، سیاسی و کۆمەڵایەتی وەک ناسیۆنالیزمەوە، دەکرێت.
ئەم کەرنەڤاڵی گەڕانەوەی کوردان، وێڕای ئەوەی بەر لە هەمووان دەبێت ڕێز لە هەڵوێستی ئەوانە بگیرێت، کە بە خواستی خۆیان و وەک پشتیوانی لە دۆزێکی ڕەوا، کە پرسی خاک و دیمۆگرافیایە، دەگەڕێنەوە زێدی ڕەسەنی خۆیان، هەمانکات هەر کەس و لایەنێکی سیاسی، هەر دەستە و گروپێکی کۆمەڵایەتی، بۆ هەر مەبەستێک هاندەر و پشتیوانی ئەم گەڕانەوەیە بێت، دیسان کارێکی باشە و دەبێت ڕێزی لێبگیرێت، بەڵام نابێت کاروانی ئۆتۆمبیلی کەرنەڤاڵئاسای کوردانی گەڕاوە، لە نێو حەماس و هەڵچووندا ونمان بکەن و، حەماسێکی کاتی بە دیاردەی ناسیۆنالیزمەوە گرێ بدەینەوە. نامانەوێت بڵێین، ئەم پرسە و هەر بابەتێکی دیکە، کە پەیوەندی بە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ستراتیژی نەتەوەیی کوردەوە هەیە، هیچ پەیوەندییەکی بە هۆشیاری و هەستی نەتەوەییەوە نییە، بەڵام بە ڕەهایی گرێدانەوەی ئەم پرسی گەڕانەوەیە بە ماناکانی ناسیۆنالیزم و نەتەوە، وەک دوو چەمکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نێو دونیای مۆدێرنە، ڕەنگە لە ڕووی ئەو بەها و پرەنسیپانەی ناسیۆنالیزم و نەتەوە لە یەکخستنی جوگرافیا و دروستکردنی کولتوری چوونیەکدا پشتی پێدەبەستێت، تەواو لە جێگەی خۆیدا نەبێت، چونکە ئەو هێزە سیاسیانەی لەم پرسەدا هاندەری گەڕانەوەی کوردن تا ناویان لە ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیاندا بێتە تۆمارکردن، هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتیان، گوتاری نیشتمانی و نەتەوەییان، زۆر لە گوتاری ناسیۆنالیزم و نەتەوە، نە تەنها بچووکترە، بەڵکو ڕێگرێکی سەرەکی بەردەم دروستکردنی کاریگەری ئەم چەمکانەشن لە ڕووبەری پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیدا، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر ئەم پرسی گەڕانەوەی کوردان وەک بەشێک لەو دیاردە فیکرییە ببینین، دەبێ ڕاستەوخۆ ددان بەوەدا بنێین، پارتی، یەکێتی، تا دەگات بە هێزە ئیسلامییەكان، حیزبی شیوعی، زەحمەتکێشان و سۆشیالیست و تا دوایی، پێشەنگایەتی ئەم جوڵە سیاسی و فیکرییە دەکەن، وەک چۆن لە ڕیفراندۆمدا کردیان.
چەند جاری دیکە ئەوەمان گوتووە، ئەوەی حیزبی کوردی دەیکات، تایبەت ئەو هێزانەی کۆنتڕۆڵی جوگرافیای سیاسی و کۆمەڵایەتییان لە هەرێم کردووە و پەیوەندی ناوچەیی و نێودەوڵەتیان هەیە، چ پێش ڕاپەڕین و چ دوای ڕاپەڕین، لە کەمترین گۆشەیەوە ناچێتەوە نێو ماڵی ناسیۆنالیزم و پرسی نەتەوەیی کوردەوە، ڕاستە لە ژێر ئەم ناونیشانەدا قسە دەکەن، حەماس دروست دەکەن، فیشەک دەتەقێنن، کەرەستەی کۆمەڵایەتی کۆدەکەنەوە، تەنانەت هێما و سیمبولەکانی نێو دونیا و جیهانبینی ناسیۆنالیزمیش بەکاردەهێنن، بەڵام هۆشیاری بە چەمکەکە، تێگەیشتن لە پرەنسیپ و ڕەگەزەکانی بونیادنانی نەتەوە، تەواو جیاوازە لە یاریکردن بە چەمکەکان و بەکارهێنانی ڕەگەزەکانی بۆ مەبەستێک، کە ڕەنگە پەیوەندییەکی گرنگی بە مانا فیکری و کۆمەڵایەتییەکانی خودی چەمکەکان خۆیانەوە نەبێت. لەوانەیە ئاسانترین ڕێگەش بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە ئەوە بێت، ئەگەر پارتی، یان یەکێتی، بۆ نموونە، لە پرسی ڕیفراندۆمدا بانگەوازیان بۆ ئەندام و هەوادارانیان بکردبا، بەشداری پرۆسەکە نەکەن، یان وەک حیزبی سیاسی بە فەرمی بایکۆتی بەشداری لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم و پرۆسەی دەنگدانەکەیان بکردبا، ئایا چارەنووسی دەنگدان و ڕێژەی بەشداری لە ڕیفراندۆمدا چۆن دەبوو، یان ئەگەر، بۆ نموونە، پارتی لە ناوەڕاستی پرۆسەکەدا، بەبێ ئەوەی هیچ گوڕانێک لە زەمینە سیاسی و کۆمەڵایەتییە گشتییەکە، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکە ڕوویدابێت، بە هۆکارێکی تەواو حیزبی، پاشەکشەی بکردبا، شتێک بوونی دەبوو بە ناوی ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧، ئایا ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرا؟ دەتوانین بڵێین، ناسیۆنالیزم و پرسی نەتەوەیی، دەبوونە قوربانی هەڵوێستێکی حیزبی بچووکتر لە نەتەوە، یان هەر لە بنەڕەتدا، بۆ مەبەستێکی دیکە، یاری بە پرسە نەتەوەییەکە و چەمکی ناسیۆنالیزم کراوە، ڕەگەزە بەکارهێنراوەکان ناسیۆنالیستین، بەڵام ئامانجەکە شتێکی دیکەیە، کە بچووکترە لە ناسیۆنالیزم و نەتەوە.
لە پرسێکی وەهادا، کە حیزب و گوتاری حیزبی شوێنی نەتەوە، هەڵوێست و بڕیاری شەخسی و خێزانی، جێگەی گوتاری ناسیۆنالیزم دەگرێتەوە، ئەوکات ئێمە لە شوێنێکدا بۆ ناسیۆنالیزم و پرسی نەتەوەیی دەگەڕێین، کە هەر لە بنەڕەتدا، کارکردن، یان هۆشیاری و ئاگایی بە چەمکی لەم جۆرە و ئامانجەکانی، بوونیان نیە، لە دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی وەهاشدا، لەو ڕێبوارە دەچین، کە لە بیاباندا بە دوای مرواریدا دەگەڕێت.
ئەگەر لە بابەتی گەڕانەوەی کوردانی ناوچەکانی ماددەی (١٤٠) بۆ بەشداری لە پرسی سەرژمێری، دۆخەکە بە پرسی ناسیۆنالیزمەوە گرێ بدەینەوە، دەبێت جارێکی دی لەبەردەم هەمان ئەو پرسیارە کرۆکیانەدا بوەستنیەوە، کە ڕیفراندۆمی (٢٠١٧)ی بە ناسیۆنالیزمەوە گرێ دەدایەوە. نە لە پرسی ڕیفراندۆم، نە لە بابەتی ئەم کەرنەڤاڵی گەڕانەوەیەدا، بابەتەکە پەیوەندییەکی گرنگ و گەورەی بە ناسیۆنالیزم و پرسی نەتەوەسازییەوە نییە، لەبەر هۆکارێکی زۆر سادە، چونکە ئەو هێزانەی بوونەتە هاندەری گەڕانەوەی کورد بۆ ئەو ناوچانە، نە هۆشیاریان بە ناسیۆنالیزم وەک چەمکێکی فیکری نێو دونیای مۆدێرن هەیە، نە خەمێکیان بۆ پرسی نەتەوە و نیشتماسازی هەیە. نە ناسیۆنالیزم بە عەقڵی بچووکی بەر لە نەتەوە و زۆنی حیزبی، دێتەبوون، نە نەتەوە و نیشتمان، بە دروستکردنی حەماس و هەڵچوونی کاتی دروست دەبن.
کوردانی ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ لە ئێستادا بە گوڕوتینەوە دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، بۆ جوگرافیایەک، کە ڕیشەی مێژوویی و سایکۆلۆژی ئەوان بە یەکدی ئاوێتە دەکاتەوە، لەم کەرنەڤاڵەدا نۆستالیژیایەک خۆی نمایش دەکات، دەمانباتەوە بۆ نێو ڕیشە و پەیوەندییە بایۆلۆژییەکان، بۆ خاڵی سەرەتا و هاتنە دونیا، بۆ پرسی کوردبوون و جەبرییەتی بایۆلۆژیانەی کوردبوون، پەیوەندییەک بە سۆزەوە دەمانخاتەوە نێو باوەشی زێد و سەرزەمینی شوناسی هاتنە دونیا و بوونەوە. لە گەڕانەوەی کورداندا، کوردبوون ڕۆحێکی زیندووە، سۆز و خۆشەویستی تێکەڵ بەپرسی خاک و نەتەوە دەبێت، بەڵام هێشتا بزوێنەری ئەم جوڵە و گەڕانەوەیە بریتی نییە لەم هۆشیارییەی، کە ناسیۆنالیزم لە ئاگایی مرۆڤدا دروستیدەکات. هێشتا هاندەر و پاڵنەری سەرەکی جوڵەی گەڕانەوە، هاندەری بچووکتر لە تێگەیشتن لە ناسیۆنالیزم و پرسی پێکهێنانی نەتەوەیە، هێشتا یەکە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بچووکەکانی بەر لە ناسیۆنالیزم و نەتەوەیە، کار لەسەر حەماسی کوردبوون و گرێدانەوەی بە مەترسییەکانی ئایندە دەکات و وزە بە مرۆڤی ئێمە دەدات بۆ گەڕانەوە، کە دەبێت لە دونیای سیاسیدا، ئەمەش وەک خاڵێکی پۆزەتیڤ ببینرێت.
چەمکە فیکرییەکان و پرسی شوناس، لەسەر بنەمای ڕووداوی کاتی و دروشمی حەماسی ناخوێندرێنەوە، بەڵکو دەبێت بزانین، دەسەڵاتی ئێمە، ئەو هێزانەی لە پشتی هاندانی گەڕانەوەی کوردن بۆ کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان، چیان بۆ پرسەکە لە ڕووی جوگرافیا، بەیەکەوەژیان، تەبایی ناوەکی و ڕێزگرتن لە نیشتمان کردووە، تا چەند ئاگایی و هۆشیاری مرۆڤی ئێمەیان سەبارەت بە پرسی ناسیۆنالیزم و تێگەیشتن لە پرسی نەتەوەیی، بردووەتەسەر، چونکە ناسیۆنالیزم و پرسی نەتەوەیی، بە دروستکردنی سیمبول بۆ پێشمەرگە و بەرزکردنەوەی ئاڵای گەورەی کوردستان لە بارەگا حیزبییەکان و شەقامە سەرەکییەکان دروستنابێت. وەک چۆن ململانێ لەسەر ڕەنگکردنی پردێکی شار، دابەشکردنی پۆستێکی ئیداری بچووک و دوو ڕەنگکردنی هەموو شتێک بە ڕەنگی حیزبی، نەک ناسیۆنالیزم و پرسی نەتەوەیی، بەڵکو ئەو نۆستالیژیا و عەشقەش بۆ نیشتمان و نەتەوە وێران دەکات، کە لەبری وێرانکردن، پێویستبوو لە هۆشیاری کۆمەڵایەتی مرۆڤی ئێمەدا بینا بکرابایە. لێرەوە گرێدانەوەی پرسی گەڕانەوەی کوردان بۆ زێدی خۆیان، جگە لە خوڵقاندنی حەماسێکی کاتی و یاریکردنی حیزب، لە نێو چەمکەکانی ناسیۆنالیزم و نەتەوە، شتێکی دیکە نییە. ئەوەی لە ئێستادا کورد دەباتەوە ئەم ناوچە دابڕێنراوانە، بەدەر لە خواستی ئارەزوومەندانەی ژمارەیەکی یەکجار کەم، لە سەرووی هەر شتێکی دیکەوە، گوتاری حیزبییە، نەک گوتارێکی گەورەتر، ئەوەیشی هاندەری گەڕانەوەی کوردە، کوردبوونە، نەک ناسیۆنالیزم.
کۆنفۆشیۆش، جوانی گوتووە: "ئەگەر خواستی گوێگرتن لە دەنگی باڵندەمان هەیە، نابێ قەفەس بکڕین، دەبێت دار بڕوێنین". ئێمەش ئەگەر خواستی دروستکردن و بونیادنانی نەتەوە و دەوڵەتمان هەیە، ئەگەر خەمی پرسی شوناس و خاک، وەک بەشێک لە خەمی خۆمان دەبینین، دەبێت پرسە بچووکەکانی وەک حیزب، بنەماڵە، خێزانی سیاسی و بە بتکردنی کارەکتەری سیاسی تێپەڕێنین، ئەگینا دوای ئەم سەرژمێریە و دەیان پرس و ڕووداوی دیکەیش، لەبری چوونەپێش، هەنگاوێکی دیکە بەرەو دواوە دەگەڕێینەوە.
سەرچاوە : خەندان