ئاسۆ عەبدولەتیف
کۆبوونەوە بە خەڵک کارە ئاسانەکەیە، بەڵام بڕواپێکردنی ئەو خەڵکەو ڕازیکردنیان کارە هەرە قورسەکەی کوردایەتیە، دەوترێت ئاسانە ئەسپەکە بەریت بۆ ڕۆخی ڕووبارەکە، بەڵام سەختە بتوانی بەزۆر ئاوی ڕووبارەکەی پێ بخۆیتەوە.
ئەم وڵاتەی ئێمە پڕبوە لە قسەکەرو واعیزو خەتیب، ئوستادو پانێڵیست و تیۆریست، مێژووی کورد مێژووی قسەو گفت و بەڵێنی زارەکی و هاتوهاوارە، مێژووی شۆڕشێکە لەخیتاب و بیرەوەری پیاوە شۆڕشڤانەکانی، بەشێکی مێژووی قسەی ئاشکرای جەماوەرو سەر میمبەری مزگەوت و رادیۆو تەلەفزیۆنی حیزب و سەکۆکانەو ئەویتر قسەی نهێنی و نەمیمەو هێنان و بردنی پیاوەکانیەتی.
ئیرشادو وەعزو خیتابی سیاسی هیچکات قورس نەبوە لە مێژووی سیاسی ئێمەدا، بەهیچ جۆرێک وتاردان هونەرە بەرزەکە نییە، ئیشکالیەتی گەورەمان هەیە لەسەر ئەدای ڕابەرو موڕشیدی دینی و نەتەوەیی،کێشەی ئەم بونەوەرە ئەوەیە هەمیشە وادەزانێ قسەی تازە دەکات و راستدەکات، گوێی لەئاوازی چەپڵەو هوتافە ئایدۆلۆژیەکانی خۆیەتی و هەرگیز زەینی ئەم مرۆڤە دەنگی جیاواز نایبیستێ لەکاتێکدا دەبێ ئەوە ببیستێ کە گەل هاواری بۆدەکات نەک خۆی هاواری بۆدەکا، موڕشید لەبنەڕەتدا ڕزگارکەری کەشتیەکەیە لەتەنگەبەرە ئاویەکاندا، دەی لەدنیای ئێمەدا خودی کەشتیەکە مورشیدە، کەشتیەکە خۆیەتی و دەیەوێت هەمووشتێ بۆخۆی بێ و هەڵگری هەموو بەهاو جوانیەکانی ناو کەشتیەکەبێ، چونکە بەرهەمی ئایدۆلۆژیایەکی دۆگماو نەگۆڕە بۆ وتاردان و حەشاماتگەریی.
مورشید لێرەو لەدنیای ئێمەدا مونقیز نییە بەڵکو مونشەقە، لەسەر ئەقڵ ئیشناکات لەسەر نەقڵ و غەریزەو سۆز ئیش ئەکا، ڕۆحانی نییە ڕۆحانیکوژە، مورشید خەریکی ئیمانهێنانە بەخەڵک بۆ بەهەشتەکەی ئەوبەر ڕوبارەکەو فریودانیان بۆ خۆشنودیی ساختە، نەک ئیمانهێنان بە ئازارەکان و سەختی ڕێگاکان، موڕشید خۆی زۆر خۆشتر دەوێ لە ڕەعیەت و نۆکەرو ئاغاو بەردەستەکانی، جلی جوان دەپۆشێ، جێگای نەرم و گەرمە، قسەی خیتابیانەو بەلاغیانەی جوان ڕیز دەکا، بۆیە دنیای ئێمەی کورد هەمیشە دنیا جوان و ئەرخەوانیەکەی موڕشیدو واعیزەکانە بۆ ڕێنمایی و ڕێنیشاندان، موڕشیدو قسەکەرەکانمان لەبکەرە میعماریەکانمان زیاتربوە، موڕشیدمان زۆرتربووە لەداهێنەرەکان.
بۆیە کەس نییە بیەوێ فێربێ و هەوڵی بۆبدات، هەموان ئوستادی وەعزو ئیرشادو تەعلیم و مەرعاسازین، کەس نییە بڵێ نازانم و نەمکردوە، کەس نیە گوێگربێت، هەموان موڕشیدو وتەبێژو سپیکەرن، کەس نیە بۆ فێربوون هاتبێ، هەموان دەیزانن، پسپۆڕو پیشەگەرن، دەی خوایە ئەم هەموو ئوستادو زاناو داناو عەللامەو سەرۆک و موڕشیدستانە چییە ناردووتە بۆ ئەم کوردستانە.
سەرچاوە : سپی میدیا